مەسرور بارزانى: نابێ ڕێژەى کارمەندانى ناوخۆیى لە کۆمپانیاکان (70%) کەمتر بێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەردانێکدا بۆ وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن  ڕایدەگەیێنێت، "دەبێ ڕێگە لە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندی بگیرێت و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/حوزەیران/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد و لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازی لێکرا.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا لە بارەى کۆبوونەوەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى گواستنەوە و گەیاند دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بواری گەیاندن و پەیوەندی کرد، بەجۆرێک نابێ قۆرخکاری لەم ڕووەوە هەبێت و دەبێ لە وەرگرتنی کارمەندانی کەرتی تایبەت، زۆرترین دەرفەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت و نابێ ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان، لە %70 کەمتر بێت."

بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، "لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگە گەیاندووە و کێشەی گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لێکەوتووەتەوە ، ئەمە جیا لەوەی زۆر جار بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بیر و هزری تیرۆریستی و تووندڕەوی، بۆیە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بگیرێتەبەر."

هەروەها مەسرور بارزانى، باسى لە پێشخیتنى سێکتەر گواستنەوەکرد "لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیجی بنیاتنانی هێلی ئاسنین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت."

ئەوەش لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە " چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە پاس و تەکسی لە نێو شارەکان و دروستکردنی تێرمێنالی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگرەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی کرا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین