د. شوان محەممەد: وەرزشکردن ناهێڵێت ئێسکى مرۆڤ بە ئاسانى تووشى شکان بێت تەندرووستی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، د. شوان محەمەد پسپۆڕی نەشتەرگەری شکان و جومگە و بڕبڕەی پشت، چۆنیەتى پاراستنى ئێسکى مرۆڤ باس دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، "زۆر دانیشتن و بەکارهێنانى مۆبایل و شۆفێرى هۆکارى سەرەکین بۆ دروستبوونى ئازارى پشت و فەقەرات و سەوەفان."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ د. شوان محەمەد پسپۆڕی نەشتەرگەری شکان و بڕبڕەی پشت:

نوچەنێت: چۆن ئێسک بپارێزین؟

د. شوان محەمەد: لە تەمەنی منداڵی ئەگەر منداڵەکە هیچ کێشەیەکی نەبێت، خواردن و شیری باش بێت، پێویست ناکات هیچی بۆ دروست بکرێت، چونکە خوا بۆ خۆی وای دروستکردووە بەردەوام لە گەشەدا بێت و ئێسکەکەشی بەرەو بەهێزی دەروات، بەڵام منداڵی واش هەیە خواردن یاخود خەویان باش نییە، ئەوانە دەتوانی شتێکی بۆ بکەی بە دەرمان، وەکو ڤیتامین لەسەرەتای تەمەنییەوە، بەڵام کە گەورەتر بوو دەبێت جووڵەی زیاتری پێبکرێت، چەند جووڵەی زیاتربێت ئێسکەکەی بەهێز و باشتر دەبێت.

نوچەنێت: لە چەند ساڵییەوە وابکەین ئێسکەکانمان بەهێز بێت؟

دکتۆر شوان محەمەد: پێویست ناکات بۆ منداڵێکی تەندروست هیچ بکرێت، چونکە خۆی دەجووڵێت جووڵەی هەیە، تەنیا ئەوانەی حاڵەتی تایبەتییان هەیە، خاون یاخود کێشەیەکیان هەیە ئەوانە دەبێت هەوڵیان لەگەڵ بدرێت لەدوای ئەوەی دەست بەجووڵە و رۆشتن دەکات.

نوچەنێت: چ جۆرە خۆراکێک کاریگەری لەسەر ئێسک هەیە؟

دکتۆر شوان محەمەد: بە نمرەی یەکەم  بۆ منداڵان (هێلکە، شیر، گۆشت).

نوچەنێت: کاریگەری وەرزش لەسەر ئێسک چییە؟

د. شوان محەمەد: بێگومان وەرزش بەهێزتری دەکات، وادەکات ئێسکەکە توندتر بێت و هێزى زیاتر بێت، وادەکات نەهێڵێت بە ئاسانی بشکێت ئەگەر کەسەکە بەریش بێتەوە، چونکە وەرزشەکە بۆ ئێسکەکە نییە بۆ عەزەڵەکانیشە تەوازنەکەش باش دەکات، ناهێڵێت لەکاتی ڕاکردن و بازدانی لەناکاو سوڕانی بەهێز دروست ببێت، ئەگەر هەشبوو رێژەی شکانەکە کەمدەکاتەوە.

نوچەنێت: بۆچوونێک هەیە دەڵێت، وەرزشی زۆر جیڕی ئەژنۆ دروست دەکات، ئەگەر وایە ئەوە لە چەند ساڵی دروست دەبێت،  ئەگەر دروست ببێت لە رەگەزی ئافرەت زیاتر دروست دەبێت یاخود پیاو؟

د. شوان محەمەد: مەسەلەی ئەژنۆ هەندێک وەرزش هەیە بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە (35) ساڵ بۆ سەرەوەیە باش نییە، بۆ نموونە ئەگەر تۆ لەسەر زەوییەکی رەق زیاد لە پێویست رابکەی و بازدانی تێدابیت پاڵەپەستۆی زۆر دەکەوێتە سەر ئەو ئەژنۆیە رەنگە ببێتە هۆی تەقانی کرکڕاگەکەی یاخود کرکرۆشەکەی ناوی بریندار بکات، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە (35بۆ40) بەرەو سەرەوەیە، یان ئەوانەی خۆیان کێشەی کڵاوەی ئەژنۆیان هەیە، باشتروایە رۆژانە پاسکیل لێبخوڕن لە ئاستی خۆی زیاتر ئەم حاڵەتە لە هەردوو رەگەز هەیە .

نوچەنێت: بە چ پێوەرێک وەرزش دیاری بکرێت، پێویستە هەر مرۆڤێک بە چەند کات وەرزش بکات و چ جۆرە وەرزشێک بکات؟

د. شوان محەمەد:  باشتروایە لە کاتژمێرێک زیاتر نەبێت وەرزشەکە، ئەگەر بتەوێت تەندروست بیت و کێشەت بۆ دروست نەکات لەسەر ئێسک و جومگەکان، هەندێک حاڵەت هەیە، ئەوانە حاڵەتی تایبەتن کە دەبێت زیاتر بکرێت، بەڵام بۆ کەسێکی ئاسایی (4 خولەک بۆ کاتژمێرێک) بەسە.

نوچەنێت: بچرانی بەستەر چییە؟ کێن ئەوانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن؟

د. شوان محەمەد:   لەناو ئەژنۆ زۆر بەستەر هەیە، بەڵام ئەو بەستەرانەی زۆر دەبچڕێن بەستەری پێشەوەو لاتەنیشتەکانە، ئەگەرنا بەدەیان بەستەرە هەیە لەناو لەشی مرۆڤ، بەستەرەی پێشەوە چییە؟ دوانت هەیە یەکیان لە پێشەوە ئەویتریان لە پشتەوە، هی پێشەوە عادەتەن زووتر دەبچڕێت لەبەر ئەوەی زۆرتر پاڵەپەستۆکە لەسەر ئەوەیە، زیاتریش لەکاتی یاری کردن دەبچڕێت، یاریزانبێت کاتێک باز هەڵدەدات قاچی دادەنێت، پێی بۆ لایەک دەسووڕێت و لەشی بۆ لایەکی تر دەڕوا ئەوانە زیاتر دەبچڕێن، بەڵام کێشەکە چییە؟ ئەوە ناتوانێت هەرگیز خۆی چاک بکاتەوە، بەنەشتەرگەری نەبێت، ئەوانەی زۆربەی تووشی ئەو حاڵەتەش دەبن (90٪)یان یاریزانەکانن.

نوچەنێت: ڤیتامین (دی و ئاسن) چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێسک هەیە؟ چی بکەین بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیە؟

د. شوان محەمەد: ڤیتامین (D) بەشێکی گرنگی ئەو هۆڕمۆنانەیە کە بۆ ئێسک گرنگە، لەناو ئێسک چەندەها خانەی هەیە، بەڵام دوو جۆرە خانەی سەرەکی هەیە، یەکیان ئێسکە پیسەکە لادەبات ئەویتریشیان لەدوای ئەو دروستی دەکاتەوە، ئەوەش پێوستی بە هۆڕمۆنات و ڤیتامیناتە، یەک لەوانە ڤیتامین(D) بۆیە بەردەوام ئێسک پێویستی پێیە بۆ نوێ بوونەوە.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوە و کەمبوونەوەی، ئەگەر بکرێت رۆژانە نیو کاتژمێر خۆت بدەیتەبەر هەتاو، نەک هەتاوێک بتسووتێنێت یاخود تەنیا لە دەمووچاوت بدات دەبێت لەهەموو جەستە بدات و ئەگەر بەیانیان بێت یاخود کاتی خۆر ئاوابوون بێت باشترە، ئەگەر ئەوەش نەکرا دەبێت خواردنت باش کەیت لەوانەش ( برۆکلی،شیر،مۆز، هێلکە) ئەوەش نەکرا دەرمانی باش هەیە بەفەوار و ساکیت وەردەگیرێت دەتوانیت قەرەبووی بکەیتەوە.

نوچەنێت: ئێستا خەڵکێکی زۆر فەقەراتی پشت و ملی هەیە سەرباری کار ئاسانییەکی زۆر، لەبەر چی هۆکار چییە، چۆن خەڵکی خۆی بپارێزێت؟

د. شوان محەمەد: فەقەراتی مل هۆکارەکەی زیاتر لە تەمبەڵی درووست دەبێت، تۆ ڕۆژانە دانیشە بەردەوام خەریکی موبایل بە و سەرت خوارکەوە، بە ناڕێکی لەبەینی ئێسکی بڕبڕەی پشت دیسک هەیە، ئەو دیسکە هێواش هێواش وشک دەبێت،  دەڵیشێت و دەردەپەڕێت، بەتێپەڕبوونی کات سەوەفان درووست دەکات و دەبێتە فەقەڕاتی مل، یان ئەوانەی رۆژانە زیاتر لە چوار بۆ پێنج کاتژمێر سەیارە لێدەخوڕن، بەردەوام تەرکیز لەسەر شەقام دەکەن یاخود سەریان دەهێننەخوارەوە ئەوەش بەردەوام پاڵەپەستۆ دروست دەکات، تووشی ئەوانەش دەبێت کە بەردەوام رۆژانە چەندین کاتژمێر لەسەر لاپتۆپ و کۆمپیوتەرن، بەڵام لە پێشوودا نە سەیارە زۆر هەبووە نە موبایل نەکۆمپیوتەریش.

نوچەنێت: زۆرێک لە خەڵکی ئێستا بەدەست کێشەی ئەژنۆ و قاچەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ ئێسکی زیاد بۆچی؟

د. شوان محەمەد: ئەو حاڵەتە لە ناو هەموو دنیا و خەڵکیشدا زۆرە، بەتایبەت ئێسکی زیادەی ژێر قاچ، ئەو حاڵەتە بەدەرمانیش درەنگ چاک دەبێت لەبەر ئەوەی تۆ بەردەوام بەکاری دەهێنی و لەسەری دەڕۆیت، لە ئیستا تەکنیکی نوێ پەیدابووە وەکو دەرزی و هەندێ شتی تر تا حاڵەتێک چارەسەرێکی باشە، دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بۆ ئێسکی زیاد پێڵاوی رەقە، ئەو پێڵاوانەی رەقە یاخود لەسەر زەوی رەق دەڕوات وادەکات بەردەوام پاڵەپەستۆ هەبێت کەسەر ئەو بەستەرەی ژێر پێ، لەگەڵ کات خۆی وا دەگونجێنی ئیسکی زیاد درووست دەکات.

نوچەنێت: ئایا پێڵاو کاریگەری هەیە لەسەر ئێسک؟

د. شوان محەمەد: کاریگەرییەکی زۆری هەیە، خوای گەورە پێ وا دروست کردووە کە قەوسییەک هەیە قەوسی مەمەد دوای ئەوە قەوسییەکە زیاد دەبێت بۆ خوارەوەی پشتت، ئەوە بۆ راگرتنی تەوازنی فەقەراتەکانتە، بەڵام ئەگەر تۆ پێڵاوێکی پاژنە بەرزت لەپێ کرد ئەوە هەموو جەستە تێک دەدات، پاڵەپەستۆ لەسەر هەندێک زیاد دەکات لەسەر هەندێکیش کەم دەکاتەوە وای لێدەکات ئەو بەشەی پاڵەپەستۆی لەسەرە تووشی ئەو کێشەی بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین