چوار هەزار هاووڵاتى لە سلێمانى تووشى سکچوون و ڕشانەوە دەبن تەندرووستی

نوچەنێت:

لە پارێزگاى سلێمانى، تەنیا لە ماوەى شەش ڕۆژدا، چوار هەزار کەس بەهۆى سکچوون و ڕشانەوە سەردانى نەخۆشخانەکانى سلێمانیان کردووە، بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى دەشڵێت، حاڵەتەکانى سکچوون و ڕشانەوە لە هەولێر و دهۆک کەمترە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (19/حوزەیران/2022)  دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، چوار هەزار کەس لەماوەى شەش ڕۆژى ڕابردوودا بە هۆى سکچوون و ڕشانەوە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و چارەسەرى پێویستیان بۆ کراوە.

وەزارەتى تەندروستى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى نەخۆشى سکچوون و ڕشانەوە لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەم پێنج ڕێنماییەى دەرکرد:

یەکەم: پێکهێنانی لیژنەی سەرپەرشتیاری لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ دانانی رێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە.

دووەم: هاوئاهەنگی و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

سێیەم: زیادکردن و بەهێزکردنی تیمەکانی تەندروستی و سزادان و داخستنی سەرپێچیکار بە تایبەتی چێشتخانە و کافتریاکان و ئەو شوێنانەی کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەیان لێدەکرێت.

چوارەم: خۆئامادەکردن لە رێگەی هێزی کار، پێداویستیی پزیشکی و دەرمان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لەکاتی سەرهەڵدان و بڵابوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە.

پێنجەم: بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان لەڕێگەی چڕکردنەوەی چالاکییەکانی هۆبەکانی پتەوکردنی تەندروستی لەڕێگەی کەناڵەکانی میدیا یان سۆشیاڵمیدیا.

هەفتەى ڕابردوو،  د. سەباح هەورامى، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "بەهۆى بەرزبوونەوەى حاڵەتەکانى تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە لە سلێمانى، ستانداردى جیهانى تێپەڕاندووە و گومان دەکەن کۆلێرا بێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین