حکومەتی عێراق لە بری بودجەی ساڵ بودجەی تەواوکاری دەبێت کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، حکومەتی عێراق ناتوانێت بودجەی گشتی ساڵی (2022) ئامادە بکات، بۆیە پێشبینی دەکات لەبری ئەوە بودجەیەکی تەواوکاری رەوانەی پەرلەمان بکات.

شەش مانگ لە ساڵی نوێ (2022) تێپەڕیوە تا ئێستا عێراق بودجەی گشتی بۆ ئەمساڵ نییە. پەرلەمانی عێراق لە پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو هیچ دانیشتنێک ناکات. ئەگەر دانیشتنیش بکرێت هێشتا حکومەتی نوێ پێک نەهاتووە حکومەتی ئێستاش کاربەڕێکەرە و ناتوانێت بودجەی ئەمساڵ ئامادە بکات بۆیە ئابووریناسان پرسیاری ئەوە دەکەن ئەگەر حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت ئايا بودجەی تەواوی ساڵەکە ئامادە دەکات یان بودجەی تەواوکاری؟

ئەمڕۆ دووشەممە 20/حوزەیرانىلا2022 دکتۆر جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت روونیکردەوە تازە عێراق ناتوانێت فریای دانانی بودجەی ساڵ بکەوێت بۆیە ئەگەر حکومەتی نوێ پێکبێت بودجەیەکی تەواوکاری دەنێرێت.

جه‌مال كۆچه‌ر: حكومه‌تى عێراق بودجه‌یه‌كى هه‌یه‌ به‌ 1/12 ناوده‌برێت
 

جەمال کۆچەر گوتی، “من لەو بڕوایە دام ئەگەر حکومەتیش پێکبێت ناتوانن بودجە بنێرن، چونکە بابەتی پێکهێنانی حکومەت بە لایەنی کەم مانگێکی دەوێت، دوای ئەو مانگە دروستکردنی بودجە و ناردنی بودجە، ئینجا پەرلەمان پێویستی بە (15) رۆژ تا مانگێک هەیە، ئەگەر هەموو ئەو کاتە کۆی بکەیتەوە دەگەین بە مانگی نۆ. بۆیە من لەو بڕوایە دام حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ دوو مانگ نەنێرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە لەبری بودجەی گشتی حکومەتی نوێ (ئەگەر پێکبهێندرێت) یاسایەکی دارایی هاوشێوەی “یاسای ئاسایشی خۆراک” دەنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی ساڵی پێ تەواو بکات.

جەمال کۆچەر لەسەر ئەو خاڵە گوتی، "لەوانەیە حکومەت یاسایەکی دارایى بنێرێت وەک چۆن یاسای خۆراکی ناردووە، ئەویش بە هەمان شێوە یاسایەکی وا بنێرێت تا ساڵەکەی پێ تەواو بکات، چونکە لە بنەڕەتدا حکومەت بودجەى هەیە، پێی دەوترێ بودجەی (12/1) ئەوە لایەنی پەسەندکردنی پەرلەمانی دەوێت، یانیش یاسایەکی تایبەت بە بودجەی وەبەرهێنان ئامادە بکات و ئێمەش پەسەندی بکەین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین