دواى كشانه‌وه‌ى سه‌در چانسى شیعه‌كان له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان به‌هێزتر ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

پارتى جه‌ماوه‌رى نیشتیمانى كه‌ پارتێكى سوننه‌یه‌ له‌ عێراق، به‌ چوار په‌رله‌مانتاره‌وه‌ له‌ به‌ره‌ى هاوپه‌یمانى سه‌وه‌ریى ده‌كشێته‌وه‌ و بۆ هاوپه‌یمانى عه‌زم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌یش به‌ به‌هێزكردنى چانسى شیعه‌كان له‌ناوچه‌ سوننییه‌كان لێكده‌درێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 26 حوزه‌یرانى 2022 رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆى جیابوونه‌وه‌ى پارتى جه‌ماوه‌رى نیشتیمانى له‌ هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ هاوپه‌یمانى عه‌زم، ئه‌وا چانسى لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كان به‌هێزتر ده‌بێت، چونكه‌ عه‌زم له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دایه‌.

دوێنێ ئه‌حمه‌د جبوورى سكرتێرى گشتى پارتى جه‌ماوه‌رى نیشتیمانى رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ى له‌ هاوپه‌یمانى سەروەریی “سیاده‌” ده‌كشێته‌وه‌ كه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، جبوورى ده‌ڵێ، "له‌ هاوپه‌یمانییه‌كى به‌هێز و یه‌كگرتوو بووین، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ى سه‌در كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بوو بۆ گۆڕینى نه‌خشه‌ى هاوپه‌یمانییه‌كان".

جبوورى له‌ كشانه‌وه‌ى به‌ ته‌نیا نییه‌، به‌ڵكو سێ په‌رله‌مانتارى تریشى له‌گه‌ڵدایه‌ ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هه‌یسه‌م زه‌هوان، بوشرا قه‌یسى، رحیمه‌ حه‌سه‌نه‌. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێ، "چاودێرانى عێراقى پێیانوایه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ پرۆسه‌ى بازدان له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و كاره‌كته‌رى یه‌كه‌مى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى".

هاوپه‌یمانى عه‌زم سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن خه‌میس خه‌نجه‌ر دامه‌زرا، دواتر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم یه‌كیانگرت هاوپه‌یمانى سه‌روه‌رییان پێكهێنا، كۆمه‌ڵێك له‌ هاوپه‌یمانى عه‌زم مانه‌وه‌ كه‌ 11 ئه‌ندام په‌رله‌مانیان هه‌یه‌، موسه‌نا سامه‌ڕایى سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كات، هاوپه‌یمانى عه‌زم ئێستا له‌ ریزى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌یه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین