بە هۆى نەناردنى بۆ دەرەوە شووتى کوردستان زیان بە جووتیاران دەگەیێنێت شیکاری ئابوری

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

بە هۆى زۆرى بەرهەمى شووتى لە هەرێمى کوردستان و هەناردەنەکردنى بۆ دەرەوە، ساڵانە نرخى ئەم بەرهەمە ناوخۆییە دادەبەزێت. وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دەڵێت، "هاوردەکردنى شووتى لە دەرەوە قەدەغەکردووە"، شووتى فرۆشێکیش ئاماژە بەوەدەکات، "جگە لە جووتیاران، فەرمانبەرانى حکومەتیش شووتى دەچێنن، ئەمەیش زیانێکى زۆرى لە جووتیاران داوە."

محەمەد ئیبراهیم، کە جووتیار و شووتى دەفرۆشێت، سەبارەت بە هۆکارى هەرزانى  نرخى شووتى بە نوچەنێتى رایگەیاند، "شووتی هەولێرمان هەیە ناڕواتەدەرەوە، تەنیا بۆ خوارووی عێراق دەڕوات، لەبەر ئەوەی بەربوومی شووتی لە وەرزی هاویندا لە هەموو شوێنێک ئەوەندە زۆرە ناتوانرێت بچێتەدەرەوە، لە ئێستادا تەنیا شووتی خۆمان هەیە لە کوردستان، لە کەرکووکیش راوەستاوە لە پردێوە قەدەغەیە ناتوانرێت بێتە هەولێر".

محمەد ئیبراهیم زیاتر ڕوونیدەکاتەوە، "ئەمڕۆ نرخى پیکابی شووتی نرخی (80 بۆ 100) هەزار دینارە، بەکیلۆش لە گومرگ نرخی یەک کیلۆ بە (100بۆ 125) دینار دەوەستێت، یەک کەیە شووتى تەنێک  بۆ تەنێک و سەد دەبێت، شووتی باش نرخی (200) دینار ڕادەوەستێت. هۆکاری هەرزانی شووتی ئێمە ئەوەیە هەڵناگیرێت، ئەمڕۆ لێتکردەوە دەبێت سبەینێ بیخۆی ئەگینا دەبێت فڕەی بدەی، وەکو شووتی دەرەوە نییە، شووتی ئێران دێت (15-20) رۆژ  تێکناچێت.  هۆکاری ترى هەرزانی شووتی، ئێستا دکتۆر، ئاسایش، پێشمەرگە، بازرگان شووتی دەچێنن، زیانێکی ئێجگار زۆری بە ئێمە گەیاندووە، چونکە ئەو مووچەی خۆی هەیە، ئەوانە هەموویان رزقی جووتیاریان بڕیوە، ئەوەی زەرەرمەندە جووتیار و بەقاڵە، هەیە دوکاندارە (50) دۆنم زەوی گرتووە بە کرێ ساڵانە هەم گەنم دەکات و هەم کارى کشتوکاڵ دەکات،  ئەوان مووچەی خۆیان هەیە، ئێمەش لەسەرمان دەمێنێتەوە زۆربەی جار دەبێت فڕەی بدەین ".

تا ئێستا نەتوانراوە شووتى کوردستان هەناردەى دەرەوە و وڵاتانى دراوسێ بکرێ.

سەبارەت بە جۆرەکانى شووتى لە کوردستان بە وتەى ئەو جووتیارە ، "شووتی (خر، بێجی، رەش) هەیە، چەند جۆرێکی تریش هەیە، گرانترین جۆرى شووتی لەڕووى نرخەوە شووتى ڕەشە، لە هەولێر خۆمان بەرهەمی دەهێنین و لە هەمووی باشترە".

ئەحمەد سەعید،  فرۆشیاری شووتیە،  لەسەر هەرزانى نرخى شووتى بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لە گومرگ شووتى زۆر هەرزانە، چونکە تا ئێستا نەتوانراوە هەناردەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ بکرێ، ئێستا کەم دەڕوات بۆ خوارووى عێراق، لەگەڵ ئەوەى هاوردەکردنى شووتى قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا نرخى شووتى خۆمان هەرزانە".

حوسێن حمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، سەبارەت بە هەرزانى نرخى شووتى ناوخۆیى بۆ نوچەنێت گووتى، "شووتی لەڕۆژى (15-5) ئەمساڵەوە، نزیکەی (600) دینار دانراوە لەسەر هەر کیلۆیەکی هاوردە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا هەیە بەرهەمی ناوخۆیە، ئێمە کار ئاسانیمان بۆ جوتیارانی خۆمان کردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە بەرهەمی خۆمانە بدرێت و بتوانرێت بچێتە دەرەوە، هاوردەشمان قەدەغە کردووە بۆ ئەوەی کاریگەری نەخاتە سەر بەرهەمی ناوخۆ، ئەگەر کەسێک بیەوێت هەناردەى بکات ئێمە هاوکاری دەکەین ".

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، "هەرزانى نرخى شووتى، ئەمە وەک هاوکێشەیەکی ئابوورییە خستنەڕوو  و داواکردنە، کاتێک خستنەڕوو بەرهەمەکە زیاتربێت لە داواکاری هاوڵاتیان راستەوخۆ کاریگەری دەکەوێتە سەر نرخ، تەنیا چارەسەر ئەوەیە کە ئەم بەرهەمە هەناردە بکرێت بۆ پارێزگاکانی تری عێراق، رەنگە قورس بێت بەرهەمەکانیان رەوانەی دەرەوە بکرێت، بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە ئەم هەناردەی پارێزگاکانی تر بکرێت، ئێمەش کار ئاسانی و هەماهەنگی دەکەین بۆ ئەو بابەتە".

شوان کەریم، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکى تایبەت بە نوچەنێت ئاماژە بەوەدەکات، "کاتی پێگەیشتنى وەرزی بەرهەمە ناوخۆییەکان دێت، وەزارەتی کشتووکاڵ هەڵدەستێت بە قەدەغەکردن یاخود زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمەکان، بۆ ئەوەی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان دانەبەزێت هەتا جوتیاران زەرەرمەند نەبن و زیان بە سێکتەری کشتووکاڵ نەکەوێت".

یەکێک لە هۆکارەکانى هەرزانی نرخى شووتی ئێمە ئەوەیە هەڵناگیرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، هۆکارى سەرەکى هەرزانى نرخى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ نەبوونى سیستەمێکى باش لە هەرێمى کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرەوپێشبردنى سێکتەرى کشتوکاڵ و هەناردەکردنى کاڵا وەرزییەکان بۆ دەرەوە، وەک خۆى دەڵێت، "ئەم بەرووبوومانە وەرزین ئێمە وەکو سیستەمی وڵاتانی دەرەوە نەمانتوانیوە بەربوومەکان بە هەرەوەز بکەین، تا زۆربەی وەرزەکان بەرووبوومى تایبەت بە خۆمان ببێت، داتایەکی ئەو تۆ نییە هەتا وەرزەکەی تەواو دەبێت، هەر ئەو سیستەمە تەقلیدییەی پێشتریشە لە بەهار و هاویندا بەربوومەکان پێدەگەن جاری واهەیە لە پێداویستی کوردستان زیاترە، لەبەر ئەوە نرخیشى دادابەزێت، بەڵام لەوەرزەکانی تر کە  ئەو کاڵایەمان نییە،  نرخی بەرز دەبێتەوە ئەوە هۆکارەکەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین