ياداشتى لێکتێگەيشتنى توركيا و سويد و فينلەدا لە نێوان سازش و دەستكەوت شیکاری

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت

لە دوو دانيشتنى جياواز، كە نزيكەى سێ كاتژمێرى خاياند، ئێوارەى (27/حوزەيران 2022)  رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لەگەڵ ساوڵی نینیستۆ، سەرۆكی فينلەندا و ماگدالينا ئه‌نده‌رسۆن، سه‌رۆك وه‌زيرانى سويد له‌ مه‌دريد كۆبوونەوە و گەيشتنە لێكتێگەيشتن، دواتر بە ئامادەبوونى ئەردۆغان و ماگدالينا و ساوڵى نينيستۆ، نامەى ياداشتىى لێتێگەيشتنەكە لەلايەن مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا بيكا هاڤيستۆ، وەزيرى دەرەوەى فيلەندا و ئانا ليند، وەزيرى دەرەوەى سويد واژۆكرا، كە بەگوێرەى ياداشتەكە ئەو دوو وڵاتە دەبێت هاوكارى توركيا بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو گرووپانەى توركيا بە تيرۆرستيان دادەنێت.

دواى راگەياندى ئەنجامەكانى ئەو كۆبوونەوە وڵاتانى بەشدار لەو رێككەوتنە و ئەندامى ناتۆ تيشكيان خستە سەر بايەخى ئەو ياداشتە.

هەڵوێستى سويد و فينلەندا

لەدواى واژۆكردنى سێ لايەنە سەرۆكى فينلەندا رايگەياند، "هەر سێ وڵات ياداشتێكى لێكتێگەيشتنى هاوبەشيان واژۆكردووە، بۆ هاوكارى تەواو بەرانبەر ئەو هەڕەشەى رووبەڕوويان دەبێتەوە."

سەبارەت بە بايەخى ئەو ياداشتە ماگدالينا ئەندرسۆن جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "سەبارەت بە ناتۆ ئەوە هەنگاوێكى زۆر گرنگە."

بەڵێنى فينلەدا و سويد بە توركيا

هەردوو وڵات بەڵێنيان بە توركيا داوە، چارەسەرى مەترسييە ئەمنييەكانى توركيا بكەن، بەتايبەت هێزە كوردييەكان كە توركيا بە گرووبى تيرۆرستى ناويان دەبات، بۆ ئەم مەبەستە سويد و فينلەندا رەزامەنديان نيشانداوە، چيتر پاڵپشتى يەكينەكانى پاراستنى گەل ناكەن، هەردوو وڵات دان بەو دادەنێن، كە پەكەكە رێكخراوێكى تيرۆرستيیە، ئەوەش خواستى توركيا بوو.

فينلەندا و سويد بەڵێنى هاوكارييان بە توركيا داوە

يەكێكى تر لەو پرسانەى توركيا داواى دەكرد، هەڵگرتنى ئابڵوقەى چەك فرۆشتن بوو پێى، هەروەها چوارچێوەيەك بۆ كۆكردنەوەى زانيارى هەواڵگرى دروست دروست دەكرێت.

بەڵام ئەوەى جێى ئاماژە بۆ كردنە زمانى ديپلۆماسى ئاڵۆزە، چونكە رێگە بەو وڵاتانە دەدات شرۆڤەى جۆراوجۆرى بۆ بكەن.

هەڵوێستى توركيا 

بەگوێرەى راگەيێندراوى سەرۆكايەتى توركيا و سويد و فينلەندا خواستەكانى توركيا بۆ بوون بە ئەندامى ناتۆ جێبەجێكردووە، ئەوەشى بە دەستكەوتێكى گەورە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گرووپە نەيارەكانى ناوبردووە.

هەڵوێستى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ

بۆريس جۆنسون، سەرۆك وەزيرانى بەريتانيا لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر رايگەياند، "پاڵپشتى توركيا بۆ ئەندامبوونى سويد و فينلەندا لە ناتۆ هاوپەيمانى ناتۆ بەهێزتر و پارێزتراو دەكات." 

لەبەشێكى ترى تویتەکەى جۆنسۆن دەڵێت، "لەكاتێك دا لووتكەى كارەكانى ناتۆ دەستپێدەكات، راگەياندنى پاڵپشتى توركيا بۆ ئەو دوو وڵاتە هەواڵێكى زۆر خۆشە."

جۆ بايدن: ياداشتى لێكتێگەيشتنى نێوان ئەو سێ وڵاتە هەنگاوێگى گرنگە

لە لايەكى ترەوە جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر پێشوازى لە ياداشتى لێتێگەيشتنى توركيا و سويد و فينلەندا كرد، بە هەنگاوێكى يەكلاكەرەوەى ناوبرد بۆ بانگهێشتكردنى ئەو دوو وڵاتە بۆ ناو ناتۆ.

لە بەشێكى ترى تویتەکەى سەرۆكى ئەمريكا نووسیویەتى، "پيرۆزبايى واژۆكردنى لێتێگەيشتن لە نێوان هەر سێ وڵات دەكەم، ئەوەش هەنگاوێكى يەكلاكەرەوەیە بەرەو بانگێشتكردنى فينلەندا و سويد بۆ ناتۆ."

سەبارەت بە كاريگەرييەكانى ئەو لێتگەیشتنە، بايدن جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "وەرگرتنى ئەو دووڵاتە دەبێتە بەهێزى بوونى هاوپەيمانى ناتۆ و ئاسايشى بەكۆمەڵ، رێگەيەكى گرنگە بۆ دەستپێكردنى كارەكانى لووتكەى ناتۆ."

لەلايەكى ترەوە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكارى ئەڵمانيا لە وتارى لووتكەى وڵاتانى ناتۆ  ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازى لە واژۆكردنى ئەو ياداشتە  كرد و بە رێككەوتنى گرنگى وەسف كرد.

كاريگەرييەكانى بۆ سەر كورد 

سەرۆك وەزيرانى سويد داوا پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنى ئەو ياداشتە، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو رێككەوتنە سێ قۆڵييە دەبێتە هۆى زيادبوونى پاراستنى ئاسايشى هاوپەيمانى ناتۆ، چونكە ئەمە تەنيا بۆ سويد و فيلەندا گرنگ نييە، بەڵكو وڵاتانى ترى ناتۆش گرنگە.

سەبارەت بەكاردانەوەكانى گەلى سويد بەرانبەر سازشكردن لە هەندێك پرسى وەك ڕادەستكردنەوەى ئەو چەكدارانەى ئەنقەرە بە تيرۆرست ناويان دەبات، ماگدالينا ئه‌نده‌رسۆن رايگەياند، "هاووڵاتيانى بۆ ئاسايشى وڵاتەكەيان ئەوە بەكارێكى باش دەزانن."

سەبارەت بە پرسى رادەستكردنەوەى تۆمەتباران بە توركيا، سەرۆك وەزیرانى سويد راگەياند، "لەگەڵ توركيا گفتوگۆ لەگەڵ توركيا توركيا دەكەين، لايەنى توركيا روونكرنەوە دەدات سەبارەت بە چۆنييەتى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر لە چوارچێوەى ياساى نێودەوڵەتى."

ئۆپۆزسيۆنى حكومەتى توركيا ئەردۆغان شكستى هێناوە

لەدواى ئەو رێككەوتنە، بەكر بۆزداغ، وەزيرى دادى توركيا رايگەياند، "ئەنقەرە داوا لەو دوو وڵاتە دەكات (33) كەسى سەر بە پارتى كرێكاران و بزووتنەوەى خزمەتمان رادەست بكات. 

لەبەشێكى ترى قسەكانى روونى كردەوە، داوا لە فينلەندا دەكەين شەش ئەندامى پارتى كرێكاران  و شەش ئەندامى رێكخراوى خزمەتمان رادەست بكات، هەروەها حكومەتى سويديش (10) ئەندامى رێكخراوى خزمەت و (11) ئەندامى پەكەكەمان رادەست بكات، كە  لە لايەن توركياوە داواكراون.

ڤيكتۆر نادين رايڤسكى، لێكۆڵەر لە پەيمانگەى ئابوورى و پەيوەندييە نێودەوڵەتيەكانى سەر بە ئاكاديمياى زانستى رووسيا رايگەياند، "رەزامەندى توركيا لەسەر وەرگرتنى ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ سەركەوتنێكى بێمەرجە بۆ ئەردۆغان، چونكە بەمە پارتى كرێكران لەو دوو وڵاتە قەدەغە دەكرێت، ئەوەش بۆ ئەردۆغان زۆر گرنگە، لە هەمانكاتدا ئەو كەسانەى گومانلێكراون لەبەشدار بوون لە كردەكان رادەستى توركيا دەكرێنەوە."

سەبارەت بە كاريگەرييەكانيش ئەو لێكۆڵەرە جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، ئەو بڕيارانە لە رووى دەستوورييەوە بۆ سويد و فينلەندا مايەى قبووڵكردن نييە، بەڵام بەكردەيش گڵۆپى سەوز بۆ ئەو دوو وڵاتە هەڵدەكات، ئەوەش هەڵوێستيان بەرانبەر كورد لە هەموو جيهان لاواز دەكات، ئەوەش تاكە سەركەوتن نييە، چونكە هەندێك راپۆرتى تر هەيە باس لەوە دەكەن ئەمەريكا دەستبەردارى رەخنەكانى دەبێت بەرانبەر توركيا بەهۆى كڕينى سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 400) رووسى، بەڵام ئەو دەستبەرداربوونە پێويستى بە پشتڕاستكردنەوەيە، ئەگەريش هەيە توركيا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پڕۆگرامى فڕۆكەى (ئێف 35)ى ئەمەريكى.

شكستى توركيا

لە بەرانبەردا ئادەم ياوز ئەرسەلان بابەتێكى لە ماڵپەڕى (زەمانى توركى) بڵاوكردۆتەوە، كە سەر بە بەرەى ئۆپۆزيسيۆنى حكومەتى توركيايە نووسەر لە بابەتەكەى ئاماژە بەوە دەكات ئەو هەنگاوەى ئەردۆغان شكستە و سەركەوتن نييە.

نووسەر لە بابەتەكەى پێى وايە ئامانجى ئەردۆغان بۆ فشارخستنە سەر ئەمەريكا بووە بۆئەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيدارەى بايدن ئاسايى بكاتەوە و دۆسيەى (هالك بانك) كە پەيوەست بوو بە پێشێلكردنى سزاكانى سەر ئێران دابخات.

سەبارەت بە دۆسيەى پارتى كرێكران و گرووپى خزمەتى سەر بە فەتحوڵا گولەن لە دانوستاندنەكانى نێوان ئەو سێ وڵاتە هيچ بايەخێكى نييە، تاكە بڕگە پێوەى پابەند بن لادانى سزا سەربازييەكانى سەر توركيايە، جگە لەم ماددەيە، لە ماددەكانى تر هەردوو وڵات دەتوانن زمانى ديپلۆماسى بەكار بهێنێن، بەبێ ئەوەى هيچ داواكراوێك رادەستى توركيا بكەنەوە، چونكە ئەو رێككەوتنەى كە كراوە لە نێوان توركيا و سويد و فينلەندا رێككەوتنێكى بنەڕەتى نييە، وەك ئەردۆغان بانگەشەى بۆ دەكات، وەك راگەياندەكانى نزيك لە ئاكپارتى پێيان وايە رێككەوتنێكە بەبێ پێويستى بە رەزامەندى پەرلەمانى ئەو سێ وڵاتە دەچێتە بوارى جێبەجێكردن، چونكە ئەوە رێككەوتنێكى نێودەوڵەتييە.

مێژووى پەيوەندى ديپلۆماسى نێوان سويد و توركيا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى ساڵانى (1737 و 1739) بۆ يەكەم جار بەگوێرەى رێككەوتنێك پەيوەندى بازرگانى و هاوپەيمانى لە نێوان سويد و دەوڵەتى عوسمانى واژۆ كراوە، دواتر پەيوەندييەك بەردەوام بوو. 

لە ساڵى (1757) سويد باڵيۆزخانەكەى خۆى لە ئەنقەرە كردە، پاشان لە مانگى تشرينى يەكەمى ساڵى (1934) بوو بە پايتەختى توركيا، لەو كاتەوە تا ئێستا پەيوەندييەكانى نێوانيان بەردەوامەوە.

مێژووى پەيوەندييەكانى دەرەوەى فينلەندا و توركيا دەگەڕێتەوە بۆ (21)ى شوباتى (1918) لەو توركيا دانى بەسەربەخۆى ئەو وڵاتە نا، لە مانگى ئايارى (1920) فينلەندا باڵيۆزخانەى لە ئيستەنبۆڵ كردەوە، كونسڵخانەى لە بۆدرۆم و ئيزمير كردەوە، هەر لەو كاتەوەش توركيا باڵيۆزخانەى لە هێسنكى كردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین