هاوئاهه‌نگى نێوان پارتى و سه‌روه‌ریى و سه‌در به‌رده‌وامه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى هاوپه‌یمانى سێقۆڵى "رزگاركردنى نیشتیمان" دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى هاوئاهه‌نگى نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، چاودێرێكى سیاسیش ده‌ڵێ، "هیچ پاساوێك بۆ به‌رده‌وامى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نه‌ماوه‌".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى ته‌مووزى 2022 راپۆرتێكى له‌سه‌ر چاره‌نووسى هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشیتمان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌ 23ى ئادارى رابردوو له‌ نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى "سیاده‌"ى سوننه‌ و ره‌وتى سه‌در راگه‌یێندرا. به‌ڵام ره‌وتى سه‌در كه‌ گرنگترین لایه‌نى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ بوو له‌ 13ى مانگى رابردوو كشایه‌وه‌، بۆیه‌ گومان له‌ به‌رده‌وامبوونى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌كرێت.

مه‌هدى عه‌بدولكه‌ریم له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، محه‌مه‌د به‌یاتى له‌ هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى "سیاده‌" و به‌رپرسێكى سه‌دریش بۆ رۆژنامه‌كه‌ قسه‌یان كردووه‌ و باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ سه‌ركردایه‌تى هه‌ر سێ لایه‌ن به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندی و هاوئاهه‌نگیدان. ته‌نانه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌یش كراوه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ هاوئاهه‌نگى دووقۆڵیان هه‌یه‌، به‌ڵام كۆى هه‌ڵوێسته‌ هاوبه‌شه‌كانیان رانه‌گه‌یاندووه‌.

ئه‌یاد عه‌نبه‌ر چاودێرى سیاسى به‌ پێچه‌وانه‌ى دووپاتكردنه‌وه‌كانى به‌رپرسانى هاوپه‌یمانى سێقۆڵى، پێیوایه‌ پاساوێك بۆ به‌رده‌وامبوونى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ نه‌ماوه‌، عه‌نبه‌ر ده‌ڵێ، "هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان هاوپه‌یمانییه‌كى هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌ڵكو هاوپه‌یمانیه‌كى سیاسى بوو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ هێنانه‌دى ئه‌و ئامانجه‌یش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه‌ بۆ قۆناغى داهاتوو هیچ پاساوێك بۆ به‌رده‌وامى نییه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین