عێراق هۆشداریى به‌ كۆمپانیا بیانییه‌كانى نه‌وت ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێراق ئاشكراى ده‌كات، هۆشداریى به‌ چه‌ندان كۆمپانیاى بیانى داوه‌ كه‌ له‌ كه‌رتى نه‌وتى ئه‌م وڵاته‌ كارده‌كه‌ن و ره‌چاوى پاراستنى ژینگه‌ ناكه‌ن.

ماڵپه‌ڕى حه‌ل نێت ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى ته‌مووزى 2022 ناوه‌ڕۆكى راگه‌یێندراوێكى فه‌رمانگه‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى له‌ ناوچه‌كانى باشوورى عێراقى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ئاشكراى ده‌كات هۆشداریى به‌ چه‌ندان كۆمپانیا دراوه‌، چونكه‌ له‌ پرۆسه‌ى دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانى نه‌وت ره‌چاوى ماده‌ى یاسایى 20 ناكه‌ن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنى ژینگه‌.

له‌ راپۆرتێكى ماڵپه‌ڕه‌كه‌ هاتووه‌، نیشانه‌كانى پیسبوونى ژینگه‌ به‌ ته‌واوى له‌ عێراق ده‌ركه‌وتوون، له‌ بوارى كه‌شوهه‌وا و ئاو و خاكدا، ئه‌و هۆشدارییه‌یش له‌ ئه‌نجامى به‌دواداچوونێكى وه‌زاره‌تى ژینگه‌یه‌ كه‌ بۆ كارى كۆمپانیاكان ئه‌نجامى داوه‌.

تا ئێستا ناوى هیچ كۆمپانیایه‌ك ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ له‌ رۆژانى داهاتوودا ناوى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاشكرا ده‌كرێن كه‌ پێشێلكاریى ژینگه‌یان كردووه‌. باس له‌وه‌یش كراوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ژینگه‌ی عێراق لیژنه‌ى به‌دوادواچوون بۆ كارى كۆمپانیاكان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دوو ساڵى رابردوودا به‌ هۆى گه‌نده‌ڵى و قه‌یرانى دارایى ئه‌و لیژنانه‌ كارى خۆیان نه‌كردووه‌.

به‌گوێره‌ى لێكۆلینه‌وه‌ى جیهانییه‌كان عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ به‌ ته‌واوى به‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌واى زه‌وى كاریگه‌ر ده‌بێت، جگه‌له‌وه‌یش به‌پێى راپۆرته‌ ناوخۆییه‌كان عێراق كێشه‌ى پیسبوونى ژینگه‌ی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تى ژینگه‌ى عێراق باسى له‌وه‌ كردووه‌، ته‌نیا كۆمپانیا بیانییه‌كان نیین كه‌ پێشێلكاریى به‌رانبه‌ر ژینگه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تیش گه‌وره‌ترین پێشێلكاریى ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین