مەسرو بارزانى: پێویستە حکومەتى عێراق هاوکار بێت نەک ئاستەنگ دروست بکات کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەو تێیدا گفتوگۆ دەربارەی "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا."

ئەمڕۆ سێشەممە (پێنجى تەممووزى/2022) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادە بووە کێشە هەڵپەسپێردراوەکانی لە گەڵ بەغدا، لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، بەڵام ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشار و بارودۆخێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە مەسرور بارزانى ڕوونیشی کردەوە، "کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە و پێویستە حکومەتی فیدراڵی، هاوکار و پشتیوانی پێشکەوتنی هەر ناوچەیەکی عێراق بێت، نەک ئاستەنگ و کێشە دروست بکات."

دەشڵێت، باڵیۆزی ئەمەریکا وێڕای ئاماژەدان بەوەی هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە، جەختی "لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین