شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى: بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار دوا بڕیارمان داوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "ئێمه‌ وه‌ك پارتى دوا بڕیارى خۆمان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار داوه‌، به‌ دوو كاندید بۆ كورد ناچینه‌ هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شه‌شى ته‌مووزى 2022 شێروان دووبه‌ردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، باس له‌دوایین پێشهاته‌ سیاسیه‌كان ده‌كات بۆ دیاركردنى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێی عێراق. شێروان دووبه‌ردانى گوتى، "ئێستا شاندى پارتى له‌ به‌غدایه‌ و دانوستاندن ده‌كات، بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ بێت كه‌ سه‌رۆك بارزانى دیارى كردوون، ئه‌ویش شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازنه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تێڕوانینى پارتى بۆ حكومه‌ت ئێستا چۆن ده‌بێت، كه‌ پێشتر هاوپه‌یمانى ره‌وتى سه‌در بوو، سه‌درییش خوازیارى زۆرینه‌ بوو له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت، شێروان دووبه‌ردانى ده‌ڵێ، "ره‌وتى سه‌در له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان ته‌واو بوو، ئێستا ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ واقیعه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و سه‌روه‌ریى و عه‌زم گفتوگۆ بكه‌ین، راسته‌ سه‌در كاریگه‌رى سیاسى ماوه‌، دواى پێكهێنانى حكومه‌تیش قسه‌ى خۆى ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شوێنگره‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در دانوستاندن بكه‌ین".

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ى سیاسییه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، داواى له‌ كورد كرد بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌، شێروان دووبه‌ردانى گوتى، "به‌گوێره‌ى شایسته‌ى پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى و شایسته‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م پۆسته‌ بۆ پارتییه‌، چونكه‌ پارتى 31 كورسى له‌ په‌رله‌مان هێناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئێمه‌ دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سیناریۆى 2018 دووباره‌ ناكه‌ینه‌وه‌ و وه‌ك كورد به‌ دوو كاندید ناچینه‌ هۆڵى هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ بۆچوونى سه‌رۆك بارزانى و مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و ئێمه‌یه‌ وه‌ك فراكسیۆنى پارتى". هاوکات ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى باسى له‌وه‌یش كرد، پارتى دووپات له‌سه‌ر كاندیدبوونى رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ده‌كاته‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار.
 به‌گوێره‌ى ئه‌و توافوقه‌ كه‌ له‌دواى 2003 له‌ عێراق كراوه‌، پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌ كورد دراوه‌ و تا ئێستا یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ دوو هه‌ڵبژاردنه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان داواى ئه‌و پۆسته‌ ده‌كات. له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو 2018 پارتى فوئاد حوسێنى بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كرد بوو، یه‌كێتیش به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدى یه‌كێتى ده‌رچوو. ئه‌مجاره‌یش پارتى رێبه‌ر ئه‌حمه‌دى كاندید كردووه‌ و یه‌كێتیش دووباره‌ به‌رهه‌م ساڵح.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین