پارێزگارى هەولێر خراپى کوالێتى بەنزینە (800) دینارییەکە پشتڕاست دەکاتەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لەبارەى کوالێتى بەنزینى (690) دینارى و (800) دینارى ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "خەڵکێکى زۆر گلەیى لە بەنزینى (800) دینارییەکە هەبووە و سەرچاوەکەمان گۆڕییە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (حەوتى تەممووزى/2022) ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "ئەو بەنزینانەى لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دابەشدەکرێت، دوو جۆرە، بەنزینى (690) دینارییەکە کەمترین گلەییمان بۆ دێتەوە، بەڵام لە بارەى بەنزینى (800) دینارى شۆفێران گلەیی زۆریان لەو بەنزینە هەیە."

پارێزگارى هەولێر دووپاتى دەکاتەوە، "سەرچاوەى بەنزینى (800) دینارییەکە گۆڕدراوە، چونکە کوالێتییەکەى باش نەبوو، بەڵام ماوەى چوار ڕۆژە کوالێتییەکەى باشتر بووە."

سەبارەت بەو بەنزینخانانەى دەستکارى کوالێتى بەنزین دەکەن، ئومێد خۆشناو دەڵێت، "هەفتانە ناوى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە و سزا دەدرێن، ئەمڕۆش لیستێکى دیکەى ناوى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە دەستکارى کوالێتى بەنزینیان کردووە."

سەبارەت بە چارەسەرکردنى قەیران بەنزین لە هەولێر گووتیشى، "لەم نزیکانە پاڵاوگەى لاناز دەکەوێتەکار، دڵنیایی دەکەین لە دواى کەوتنەکارى ئەو پاڵاوگەیە بەشێکى زۆر لە کێشەى گرانى بەنزین چارەسەر دەبێت."

ماوەى چەند مانگێکە نرخى بەنزین لە هەرێمى کوردستان بەرزبۆتەوە، هاوکات کوالێتى بەنزینیشەکانیش خراپە، ئەمەیش ناڕەزایى و کاردانەوەى شۆفێرانى لێکەوتۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین