رووسیا و توركیا و ئێران لەسەر پرسی سووریا كۆدەبنەوە شیکاری

نوچەنێت:

دیمتری بیسکۆڤ وتەبێژی كرملین رایگەیاند، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی رووسیا سەردانی تاران بكات، لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆبێتەوە." بەڵام تا ئێستا ئێران و توركیا ئەو كۆبوونەوە سێقۆڵییەیان پشتڕاست نەكردۆتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (12/تەمووزی 2022) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاویكردەوە دیمتری بیسكۆڤ رایگەیاند، "رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەرۆكی رووسیا لەگەڵ ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی لە تارانی پایتەختی ئێران کۆدەبنەوە، هەردوولا جگە لە كۆبوونەوەی لووتكەی سێ لایەنە كووبوونەوەی دوو قۆڵیان دەبێت." 

لە بەشێكی تری قسەكانی وتەبێژی كۆشكی كرملین ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا ئامادەسازییەكان بۆ ئەو سەردانەی پۆتین دەكرێت، سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبوونەوە سێقۆڵییەكەش دیمتری ئاشكرای كردووە، "كۆبوونەوەی سەرۆكی وڵاتانی پڕۆسەی ئەستانە كۆدەبنەوە." كە تایبەتە بە چارەسەكردنی قەیرانی سووریا.

لە لایەكی ترەوە، ئیبراهیم پور، پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێرانی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی رووسیا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی بە ئاژانسی هەواڵی (ئیرنای) راگەیاندووە، "رووسیا سوورە لەسەر فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ وڵاتەكەمان، پلانەكان بۆ ئەو ئامانجەیە، ئەوەش خشتەی كارە لەپیشینەكانی ڤلادیمێر پۆتین دەبێت لەگەڵ بەرپراسانی ئێرانی."

پور لە بەشێكی تری قسەكانی، "ئاماژەی بەوەش كردووە، گەمارۆكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بۆ سەر رووسیا بایەخی رووسیا بە مامەڵەی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێران زیاد كردووە."

سەبارەت بە سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران لە هەفتەی رابردوو  دەزگا راگەیاندنەكانی توركیا بڵاویان كردەوە، لە (19)ی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ئێران دەكات، سەردانە تەنیا رۆژێك دەخایەنێت، كە بڕیارە لەو سەردانە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گفتوگۆ لەسەر قەیرانی وەزە كە بەهۆی جەنگی ئۆكراینا درووست بووە، هەروەها گفتوگۆش لەسەر رووداوەكانی تری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەكەن.

سەبارەت بەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە هەر یەك لە توركیا و ئێران تا ئێستا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵەی وتەبێژی كۆشكی كرملین، هیچ لێدوانێكی فەرمیان نەداوە.

هەر سێ وڵات رۆڵی سەرەكیان لە دۆسیەی سووریا هەیە، پێشتریش سەرۆكی ئێران و توركیا و رووسیا بۆ چارەسەكردنی قەیرانەكانی سووریا چەندین كۆبوونەوەی سێقۆڵییان ئەنجام داوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین