بایدن لەسەردانیكردنی بۆ ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پێنج دۆسیە دەكات وەرگێڕان

نوچەنێت:

جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمەریكا لە یەكەم سەردانی بۆ ئیسرائیل، خۆی لە لێدوانی رۆژنامەوانی دەپارێزێت، بۆ ئەوەی وا دەرنەكەوێت دەست لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئیسرائیل وەردەدات.

بایدن لە كۆبوونەوەی لەگەڵ یائیر لابید، سەرۆكی كاربەڕێكەری حكومەتی ئیسرائیل لە یەكێك لە هوتێلەكانی قوددسی خۆرئاوا دەبێت، لەو كۆبوونەوە گفتوگۆ لەسەر پێنج دۆسیەی قوورسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەكات، دۆسیەی ئێران و فەڵەستین لەپێشەوەی دۆسیەكانە كە گفتوگۆیان لەسەر دەكات، پاشان گفتوگۆ لەسەر لێكەوتەكانی جەنگی رووسیا و ئۆكراینا و فراوانكردنی بازنەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و پاڵپشتی سەربازی بۆ ئیسرائیل و بەخشینی ئیسرائیلییەكان لە ڤیزای ئەمەریكی گفتوگۆی دەكات.

لەسەرەتای سەردانەكەی بایدن سەردانی بنكەی ئاسمانی بلخایم لە ناوەڕاستی ئیسرائیل دەكات، پاشان بینی گانتس سیستەمی (هیتس)ی بەرگری و سیستەمی مووشەكی داودی و كڵاوەی ئاسنی نمایش دەكات، دواتر داوای سیستەمی بەرگری لێزەری ئاسمانی لە جۆ بایدن دەكات.

كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەیەك دەبێت بۆ بایدن زیاتر ئاسوودەیی تێدایە، كە لە بارەگای سەرۆكەكانی ئیسرائیل مەدالیای شەرف لەلایەن ئیسحاق هێرزۆغ، سەرۆكی ئیسرائیل بە جۆ بایدن دەدرێت، بەڵام قوورسترین كۆبوونەوە بۆ بایدن لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیلە، چونكە پەیوەندی نێوان ناتەنیاهۆ و دیموكراتەكانی ئەمەریكت، كە بایدن سەر بەو پارتەیە باش نییە،  بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئێران و فەڵەستین ناكۆكن.

پێنج دۆسیەکە

یۆناسان فریمان، مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی عیبری، ئاماژە بەوە دەكات، "بایدن لەو سەردانەی پێنج دۆسیەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە."

یەكەم: دۆسیەی ئێران  

فریمان دەڵێت، "بەبۆچوونی من یەکەم دۆسیە ئێرانە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئیسرائیل سوود لەم سەردانەی بایدن وەردەگرێت، بۆ ئەوەی مەترسیی زیاتری ئێران لەسەرەخۆی نیشانی ئەمەریكا بدات، ئیسرائیل ئەوكارە لە رێگەی زانیاری هەواڵگری لە شوێنە جۆراوجۆرەكان دەكات، چ ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە، یاخود ئەوەی پەیوەستە بە بوونی چالاكییەكانی ئێران و حزبوڵڵا لە سووریا، سەبارەت بە ئیسرائیلیش ئەو بابەتە لە پێشینەیە، چونكە دەیەوێت كاریگەری لەسەر دانوستاندنەكانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران درووست بكات، تەلئەبیب رێككەوتنی دەوێت، بەڵام رێككەوتنێكی باش بێت، بۆیە ئەو سەردانە وەك دەرفەتێك دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر مەترسییەكانی خۆی بخاتەڕوو."

بێنی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش لەم دواییە داوای هاوپەیمانیەكی ناوچەیی كردووە، كە ئیسرائیلیش بەشدار دەبێت، ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەی ئێران سەركردایەتی بكات.

دووەم: جەنگی ئۆكراینا و رووسیا

دۆسیەی دووەم، كە فریمان ئاماژەی پێ دەكات، كە لە خشتەی كاری دیدارەكانی بایدنە، قەیرانی رووسیا و ئۆكراینا و لێكەوتەكانییەتی. 

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، "هەرچەندە وردەكارییەكان بڵاونەكرایتەوە، كە ئیسرائیل بەردەوامە لە هەوڵەكانی نێوەندگیری نێوان ئۆكراینا و رووسیا، بەڵام راپۆرتەكان پێچەوانەی ئەوە دەڵێن، من لەو بڕوایەدام ئیسرائیل ئەو دەرفەتە بەكار دەهێنێت بۆ گواستنەوەی پەیامێك بۆ بایدن لەسەر هەوڵەكانی نێوەندگیری كە بەكوێ گەیشتووە لەداهاتووش دەتوانێت چی بكات، چونكە ئیسرائیل مەترسی زۆری هەیە دۆخەكە خراپتر بێت، رووسیاش پێیوایە ئیسرائیل لەو جەنگە وەك پێویست بێلایەن نییە، بۆیە رەخنە لە چالاكییە سەربازییەكانی تەلئەبیب لەناو خاكی سووریا دەگرێت، هەندێك راپۆرتی ئاژانسی جوو ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئیسرائیل ناتوانێت درێژە بەكارەكانی لە رووسیا بدات، ئەوەش بەرەو پەرەسەندێكی دراماتیكیە، كە جووەكانی ئەو رووسیا ناتوانن دەرچن و بۆ ئیسرائیل كۆچ بكەن، بۆیە ئەو جەنگە بابەتێكی سەرەكی خشتەی كارەكانی بایدن دەبێت."

سێیەم: دۆسیەی فەڵەستین

فریمان پێیوایە، دۆسیەی فەڵەستین خاڵێكی دیاری خشتەی كارەكانە، رۆژێك پێش دیداری بایدن لەگەڵ محەموود عەباس لە شاری بەیت لەحم لە بەشی رۆژئاوا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ئەو دۆسیە تەوەرەی سەرەكی ناكۆكی نێوان ئیدارەی ئەمەریكا و ئیسرائیلە، بەتایبەت بایدن دوو دەوڵەتی بە چارەسەر دەزانێت، دژی رێكارە یەكلایەنەكانی ئیسرائیلە لەوانەش نیشتەجێكردن و تێكدانی خانووی فەڵەستینیەكان و دەركردنیان لە شوێنی خۆیان، هەروەها ئەمەریكا داوا دەكات پارێزگاری لە دۆخی مزگەوتی ئەقسا بكرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریكا لەگەڵ ئیسرائیل هاوڕایە كە ئێستا كاتی دانوستاندنی سیاسی نێوان فەڵەستین ــ ئیسرائیل نییە، ئەوەندە بەسە لەو قۆناغە هەنگاو بۆ بنیاتنانی متمانە بە یەكتر بنێنن.

فریمان لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژە بەوە دەكات، "چەند راپۆرتێكمان بینیوە ئەمەریكا دەیەوێت ئیسرائیل لە ڕێگەی هەنگاوی جۆراوجۆر لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستین هەندێك هیوا بە فەڵەستینییەكان بدات، بۆیە لەوانەیە هەندێك هەنگاو هەبێت لەگەڵ ئەو سەردانە رابگەێندرێت."

تا ئێستاش روون نییە دۆسیەی كوژشتنی شیرن ئەبوو عاقلە، پەیامنێری كەناڵی جەزیرە تا چەند كاریگەری لەسەر ئەو سەردانە دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن پشتڕاستی كردەوە، كە بە گولەی ئیسرائیلی كوژراوە.

چوارەم: نزیكبوونەوەی سعوودیە و ئیسرائیل

نزیكبوونەوەی ئیسرائیل و سعوودیە بابەتێكی سەرەكی خشتەی كارەكانی ئەو سەردانەی بایدنە، ئیسرائیل هیوای زۆری لەسەر نزیكبوونەوەی لە سعوودیە هەڵچنیووە، بەتایبەت بایدن دوای جێهێشتنی تەلئەبیب راستەوخۆ دەچێتە سعوودیە.

سەبارەت بەو نزیكبوونەوە فریمان پێیوایە، "یەكێك لەو كارە گەورانەی ئیسرائیل چاوەڕوانە، بریتیە لە پێشخستنی رێككەوتنی ئیبراهیمی، لەوانەشە رێككەوتنێك بكرێت، رێگە بە فڕۆكە ئیسرائیلییەكان بدات گەشت بۆ سعوودیە بكەن، هەرچەندە ئەوە رێگە پێدراوە، بەڵام بۆ چەند ئاراستەیەكی دیاریكراوە، ئەوەی قسەی لەسەر دەكرێت رێگەدانی تەواوی گەشتی ئاسمانییە."

بەرپرسانی ئیسرائیلی پێشبینی ئەوە دەكەن، سعوودیە لەكاتی سەردانەكەی بایدن رایبگەینێت رێگە بە فڕۆكەی مەدەنی ئیسرائیلی دەدات بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەسەر ئاسمانی سعوودیە دا بڕۆن،  ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو دەبێتە باشكردنی دۆخی كۆمپانیاكانی بواری فڕۆكەوانی ئیسرائیلی.

فریمان دەڵێت، "هەندێك وڵاتی تر لە بیری ئیسرائیلی و ئەمەریكیەكان هەیە، بەمەش ئیسرائیل چاوەڕوانی واژۆكردنی رێككەوتنی تر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات."

لەدوای ئەوەی میسر یەكەم وڵات بوو لە (1979 و ئوردن لە 1994) دانیان بە ئیسرائیل نا، ئیمارات و بەحرێن وەك یەكەم وڵات لە رێككەوتنی ئیبراهیمی دانیان بە ئیسرائل دانا.

رۆژنامەی (ئیسرائیل تودەی) بڵاویكردەوە لەو سەردانە بایدن كۆڕبەندی ئاسایش بە بەشداری ئیسرائیل و ئەمەریكا رادەگەینێت، كە هەریەك لە سعوودیە و بەحرێن و ئیمارات و میسر و سوودان تێیدا بەشدار دەبن.

پێنجەم: پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل 

ئیسرائیل دوو خواستی لە واشنتن هەیە یەكەم، پاڵپشتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لێزەری بكات، كە چەند مانگێك پێش ئێستا راگەیێندرا، تا ئێستاش لەژێر تاقیكردنەوە دایە، دووەم، هەڵگرتنی ڤیزای ئەمەریكی لەسەر ئیسرائلییەكان بۆ چوونە ئەو وڵاتە.

فریمان ئاماژە بەوە دەكات، "ئیسرائیل دەیەوێت هاونیشتیمانییەكانی بەبێ وەگرتنی ڤیزا سەردانی ئەمەریكا بكەن، بۆیە ئەوەش خاڵێك دەبێت لە خشتەی كۆبوونەوەكان، بەڵام نازانین تاچەند پشت بەو پرۆگرامە دەبەسترێت."

ئیدارەی ئەمەریكا خواستی بەلای ئەوەیە لەسەر حیسابی ناتەنیاهۆ پاڵشتی حكومەتی ئێستا بكات، بەڵام بایدن خۆی لەو دەپارێزێت بە ئاشكرا ئەو كارە بكات، بۆ ئەوەی بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی ئەمساڵ تۆمەتبار نەكرێت.سەبارەت بە هۆكارەشی فریمان پێیوایە، "چونكە حكومەتی ئێستای ئیسرائیل كاربەڕێكەرە، ئەمەریكاش نایەوێت وا دەربكەوێت دەست لەكاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە وەردەدات، یاخود لایەنێك لە لایەنێك بە باشتر دەزانێت، لەبەرئەوەی ئێمە ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسامان بینی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لابید لە كۆشكی ئیلیزێ پێیگوت، ئیسرائیلییەكان بەخت یاروەریانە تۆ سەرۆكی حكومەتەكەیانی، ئەگەری بەهێز ئەوەیە بایدن ئەو جۆرە وشانە بەكار نەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی وەك بێلایەن دەربخات."

لە ئاهەنگی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە رۆژی سەربەخۆییی ئەمەریكا، تۆماس نیدس، باڵیۆزی ئەمەریكا رایگەیاند، "بڕیارە بایدن لەو نزیكانە سەردانی ئیسرائیل بكات، ئەوەش دەبێتە (10)یەمین سەردانی بۆ ئەو وڵاتە، سەرۆك زۆرباش شارەزای ئیسرائیلە و خۆشی دەوێت، یەكەم سەردانی بایدن بۆ ئیسرائیل لە ساڵی (1973) بووە، ئەوكاتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە، بایدن لەسەردەمی گۆڵدە مائیرەوە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی هەبووە، بایدن ئەو سەرۆكەیە بەشانازییەوە رادەگەینێت كە ئەو كەسێكی زایۆنیستە، كە پاڵپشتی ئەمەریكا لە هەردوو پارتەوە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و یەكخستنەوەی ئیسرائیل لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە بەرجەستە دەكات، بۆیە رێگەم بدەن با بڵێم، ئێمە چاوەڕوانی سەردانێكی بەرهەمدار دەكەین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین