تا ئێستا به‌شداربوونى سه‌در له‌ نوێژه‌كه‌ى به‌غدا یه‌كلایى نه‌بووه‌ته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شه‌وى رابردوو موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا به‌شداربوونى یه‌كلایى نه‌بووته‌وه‌، له‌و نوێژه‌ى كه‌ خۆى بانگه‌وازى بۆ ده‌كات، ئێستا به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ شه‌قامى فه‌لاحى شارى سه‌درى به‌غدا كۆبوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15/ ته‌مووزى 2022 بڕیاره‌ نوێژێكى به‌ كۆمه‌ڵ به‌ ناوى "نوێژى یه‌كگرتوو" به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ له‌ سێى ئه‌م مانگه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در بانگه‌وازى بۆ كردووه‌. ئێواره‌ى دوێنێ به‌ هه‌زاران ئۆتۆمبیل له‌ شاره‌كانى عێراق به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن، بۆ به‌شداریكردن له‌و نوێژه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شه‌قامى فه‌لاحى شارى سه‌در به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌در له‌دوایین تویتى كه‌ دوێنێ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات دیار نییه‌ كه‌ خۆى پێشنوێژى ده‌كات، یان كه‌سێكى تر له‌ برى خۆى ده‌نێرێت، سه‌در دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئامانجى له‌و نوێژه‌ "عیباده‌ته‌".

به‌گوێره‌ى ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئێستا كه‌ كه‌متر له‌ دوو كاتژمێرى ماوه‌ بۆ واده‌ى نوێژه‌كه‌ به‌ هه‌زاران خه‌ڵك له‌ شه‌قامى فه‌لاح ئاماده‌ن.

ره‌وتى سه‌در كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى 10ى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو بوو، ره‌وته‌كه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كرد، به‌ڵام لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ كه‌ خۆیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ناسێنن، داواى حكومه‌تى ته‌وافوقى ده‌كه‌ن.

له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو ره‌وتى سه‌در به‌ ته‌واوى له‌ په‌رله‌مان كشانه‌وه‌، ئێستا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هه‌وڵى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌دات، چاودێرانى سیاسى به‌دوورى نازانن، ئه‌و نوێژه‌ى سه‌در چه‌ندان ئامانجى سیاسى هه‌بێت، یه‌كێك له‌وان دووپاتكردنه‌وه‌ بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌در ده‌توانێ شه‌قام بجوڵێنێ. له‌باره‌ى ره‌وشى شارى به‌غدا هێزه‌ عێراقییه‌كان خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشى، هێزه‌كانى سوپا و سه‌رایا سه‌لام كه‌ میلیشیایه‌كى سه‌ربه‌ ره‌وتى سه‌در، كۆنتڕۆڵى ده‌وروبه‌رى شارى سه‌درییان كردووه‌. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین