حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌سه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران كۆده‌بنه‌وه‌ کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

محه‌مه‌د سه‌عه‌ده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، حكومه‌ت پلانێكى بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پلەبه‌رزكردنه‌وه‌ی فەرمانبەران هه‌یه‌ و به‌م نزیكانه‌یش لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان حكومەت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/ ته‌مووزى 2022 محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كات و ده‌ڵێ، "حکومەت پێویستی بە بڕە پارەیەکی زیاتر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پلەبەرزکردنەوە، بەمجۆرە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ  مووچە تەرخانکراوە حکومەت پێویستە زیادی بکات، چ به‌  پلانێکی دارایی بێت یانیش بودجە ئامادە بکات لە هەردوو حاڵەتدا، پێویسته‌ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ى دارایى به‌ پێویستى ده‌زانن پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ، "ئێمه‌  وەک لیژنەی دارایی کە لیژنەیەکی تایبەتمەندە به‌ بابه‌ته‌كه‌، داوامانکردووە و پێویستە حکومەتی هەرێم دوای ئەوەی هەنگاوەکانی چاکسازی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت پێویستی بە بڕە پارەیەکی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بێتە سەر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌، چونکە به‌مه‌ مووچەى فه‌رمانبه‌رانیش زیاد دەبێت".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان گوتى " ئێمە زانیاریمان هەیە کە حکومەتی هەرێم ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەم مەبەستە، لە داهاتوویەکی نزیک کۆبوونەوەکە دەست پێدەکات وەکو لیژنەی دارایی  کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین، چ لەگەڵ سەرۆکایەتی حکومەت یاخود وەزیری دارایی بێت".

له‌دواى 2014 له‌ كاتى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى داعش و ده‌ركه‌وتنى قه‌یرانى دارایى، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى راگرت، به‌مه‌یش فه‌رمانبه‌ران جگه‌له‌ سه‌رەمووچه‌، نزیكه‌ى شه‌ش ساڵه‌ بڕى مووچه‌كانیان زیاد نه‌بووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین