ئایا ئێوە فاشیستن؟ وەرگێڕان

یوڤال هەراری :

یوڤال هەراری

باسەکەمان بە پرسیارێکی ئاسان دەست پێ بکەین: ئایا ئێوە فاشیستن؟

هەڵبەت وەڵامی ئەو پرسیارە دژوارە چونکە ئێمە لە بیرمان کردووە فاشیزم چییە.
هەندێ کەس بە شێوەیەکی گشتیی کەڵک لەو وشە وەردەگرن و هەندێکی تر لەگەڵ نەتەوەگەرایی [ناسیۆنالیزم] تێکەڵی دەکەن.

نەتەوەگەرایی/ناسیۆنالیزمی ئاسایی یەکێکە لە باشترین داهێنانەکانی مرۆڤ. نەتەوەکان بریتین لەو کۆمەڵگایانە کە ملیۆنان مرۆڤ لە خۆ دەگرن کە یەکتری ناناسن، بەڵام ئێمە بە هۆی نەتەوەگەرایی گرنگی بە هاونیشتمانیانی خۆمان دەدەین و بە شێوەیەکی سوودمەند پێکەوە هاوکاری دەکەین.

هەندێ کەس لەو بڕوایەدان ئەگەر نەتەوەگەرایی نەبووایە، جیهان بەهەشتێک دەبوو لێوانلێو لە ئاشتی، بەڵام [ لە ڕاستیدا ئەوە ڕاست نییە ] بە بێ نەتەوەگەرایی ناچار دەبووین لە نێو پاشاگەردانی عەشیرەتدا بژین. ئەگەر چاو لە هێمنترین و سەرکەوتووترین وڵاتانی ئێستا و لەوانە سویسڕا، سوید و ژاپۆن بکەین، دەبینین کە خاوەن ئاستی بەرزی هەستی نەتەوەگەرایین. بە پێچەوانەوە وڵاتانێک وەک کۆنگۆ، سۆمالیا و ئەفغانستان کە ئەو هەستەیان نییە بە گشتیی گیرۆدەی هەژاری و توندوتیژین.

بەڵام جیاوازی فاشیزم و نەتەوەگەرایی چییە؟

نەتەوەگەرایی بە من دەڵێت کە نەتەوەی من بێ هاوتا و جیاوازە، و من هەندێ لە بەرانبەریدا هەندێ ئەرک و بەرپرسیاریەتیم لە ئوستۆیە. لە بەرانبەردا فاشیزم بە من دەڵێت نەتەوەی من لە سةرووى نەتەوەکانی ترة و من تەنیا و تەنیا لە بەرانبەر نەتەوەکەمدا بەرپرسیارم و پێویست ناکات کە گرنگی بە هیچ شتێک و هیچ کەسێکی تر بدەم.

هەڵبەت بە کردەوە خەڵک خاوەن شوناسی جیاوازن و لە بەرانبەر چەندان گرووپی جۆراوجۆردا بەرپرسیارن، بۆ نموونە من دەتوانم هاوکات لەگەڵ نیشتمانپەروەری و وةفادارى بۆ وڵاتەکەم، هەستێکی هاوشێوەم بۆ بنەماڵە، گەڕەک و کارەکەم و بە گشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەبێ. هەڵبەت ئەو جۆرە فرەچەشنییە هەندێ جار دەبێتە هۆی لێکدژی، بەڵام ئیدی، ژیان ئاڵۆزە.

فاشیزم کاتێ ڕوو دەدات کە کەسێ بڕیار بدات ئاڵۆزی ژیان لەبەرچاو نەگرێت و بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە ژیان بە سادە و ئاسان بگرێ. فاشیزم هەموو شوناسەکانی تر جگە لە شوناسی نەتەوەیی ڕەت دەکاتەوە و پێداگری لەوە دەکات کە تەنیا لە بەرانبەر نەتەوەدا بەرپرسیارم، تەنانەت ئەگەر پێویست بێ بنەماڵە، گیانی مرۆڤەکان، حەقیقەت و جوانیی لە پێناویدا قوربانی بکەم. فاشیستێک چۆن هونەر هەڵدەسەنگێنێت یان بڕیار دەدات کە چی لە قوتابخانەکاندا بوترێتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسانە: وەڵام ئەوەیە کە ئایا ئەو هونەر و وانانە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەدان یان نا. لەو نێوەدا حەقیقەت گرنگ نییە.

سامناکی شەڕی دووەمی جیهانی و ڕووداوی هۆلۆکؤست ئەوەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە ئەو جۆرە بیرکردنەوە دەتوانێ چ دەرئەنجامێکی ترسناكى هەبێت. بەڵام ئێمە زۆر جار بە شێوازێکی ناکارامە سەبارەت بە لایەنە خراپەکانی فاشیزم قسە دەکەین و وەک بوونەوەرێکی دزێو وێنای دەکەین، بەڵام ڕوونی ناکەینەوە کە بۆچی تا ئەو ڕادەیە سەرنجڕاکێشە؟ شتێک هاوشێوەی فیلمەکانی هالیڤود کە تیایاندا ئەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵی نیگەتیڤ دەگێڕن زۆر جار تەنانەت لە بەرانبەر دەستە و تاقم و پیاوەکانی خۆیاندا دزێو، بەدفەڕ و بێ بەزەیین. من کاتێ سەیری ئەو فیلمانە دەکەم لە خۆم پرسیار دەکەم ” بۆ چی دەبێ کەسێ پەیدا بێ ڕێی ئەو بوونەوەرە قیزەونانە بگرێتە بەر؟”.

کێشە ئەوەیە کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا شەیتان بەو جۆرەی کە وێنا دەکرێ دزێو نییە بەڵکو دەتوانێ زۆریش جوان بێت. ئەو بابەتە بە باشی لە لایەن مەزهەبی مەسیحییەتەوە درکی پێ کرا، بۆیە لە هونەری مەسیحییەتدا شەیتان بە گشتیی وەک پیاوێکی خوێنشیرین و ڕەزاسووک وێنا دەکرا. هەر بۆیە خۆڕاگری لە بەرامبەر وەسوەسەکانیدا تا ئەو ڕادەیە سەخت و دژوارە.

بە شێوەیەکی هاوچەشن، فاشیزم کارێک دەکات کە مرۆڤ وا وێنا بکات کە بەشێکە لە جوانترین و گرنگترین شت لە جیهاندا: واتە نەتەوە. فاشیست لای خۆیەوە وا بیر دەکاتەوە کە ” فێریان کردبووین کە فاشیزم بەدفەڕ و دزێوە. بەڵام کاتێ دەڕوانمە ناو ئاوێنە شتێکی زۆر جوان دەبینم، بۆیە ناکرێ من فاشیزم بم” و ئەوە کێشەیەکە کە لەگەڵ فاشیزم هەمانە. کاتێ بڕواننە ناو ئاوێنەی فاشیزم، خۆتان زۆر جوانتر لەوەی کە هەن دەبیننەوە.

لە کۆتاییدا دیموکراسی لەسەر بنەمای عەقڵانییەت دانەنراوە بەڵکو هەستە. ئەگەر کەسێ بتوانێ بە شێوازێکی جدی لەسەر هەستەکانتان کاریگەری دابنێت، دیموکراسی دەبێتە شانۆیەکی بووکەڵەوازی.

لە ئاراستەی هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی فاشیزم و دیکتاتۆری، گرنگترین پرسیارێک کە پێویستە هەر یەک لە ئێمە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە چی بکەین نەبینە قەشمەجاڕی ئەوانی تر. نەیارانی لیبراڵ دیموکراسی میتۆدێکیان هەیە: ئەوان هەستەکانمان هاک دەکەن، هەستی وەکوو ترس، بێزاری و خۆخوازی و کەڵکیان لێ وەردەگرن بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و لە ناو بردنی دیموکراسی لە ناوخۆدا. ئەوان ناتوانن بە بێ ئامادەسازی ئەو هەستانە دروست بکەن، کەوابوو خاڵە لاوازەکانمان دەدۆزنەوە و لە دژی خۆمان بەکاریان دەهێنن. بۆیە ئەرکە لەسەر هەموومان کە خاڵە لاوازەکانمان بناسین بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی ئاوێنەی فاشیزم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین