مالی: هەڵبژاردنەکانی ئێران کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆی ئەتۆمی نابێت ئێران

نوچه‌نێت

ڕۆبێرت مالی، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سزاكانى سەر ئێران لە ئارادایە، بەڵام جۆ بایدن سەرۆ کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەو بوارەدا بە شێوەی یەک لایەنە و پێشوەختە هیچ هەنگاوێک نانێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی "دویچە ولە"، مالی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەکسوس" کە ڕۆژی چوارشەم ١٠ی ئادار بڵاوکراوەتەوە جەختی کردووەتەوە کە هەلبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێراندا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران نابێت.

پێشتر هەندێ لە بەرپرسانی باڵای کابینەی حەسەن ڕۆحانی، و لەوانە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییان بە کۆشکی سپیی دابوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەری زۆرە موحافیزكاره‌ تۆندڕۆکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ی سەرۆک کۆماریی ئێراندا سەرکەون، باشتر وایە ئەمریکا ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ڕێککەوتن لەبەردەستە بەفیڕۆ نەدات.  

ڕۆبێرت ماڵی جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا بە هۆی هەڵبژاردنەکانی ئێرانەوە هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ هێواش یان خێرا ناکاتەوە و هەوڵەکان تەنیا لەگەڵ بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هەماهەنگ دەکرێن.

هەروەها وتیشی ئەمریکا بۆ ئێران ڕوونی کردووەتەوە کە ئامادەیە لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە هاوکاریی بکات بۆ گەڕانەوەی هەر دوو لا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، ماوەیەک پێش ئێستا وتبووی کە ئێران بە مەرجێ بەڵینەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکات کە سزاكانى ئەمریکا بە تەواوەتی هەڵوەشێنەوە و لەوەش دڵنیا ببنەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە "ئەکسیوس"ی وتووە ئیدارەی جۆ بایدن تەنیا دوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆكان و وەک بەشێک لە ڕەوتێکی دوو لایەنە ئامادەیە هەندێ لە سزاكان هەڵوەشێنێتەوە.

هەروەها دەڵێت پێویستە هەر دوو وڵات تەنانەت ئەگەر بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێت گفتوگۆکان دەست پێ بکەن، هەرچەندە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سوودمەندترە. لەو بارەوە ڕۆبێرت مالیش دەڵێت لە ڕوانگەی ئیدارەی ئەمریکاوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ کاریگەرترە و ئەگەری بەهەڵەتێگەیشتن لە باسەکان کەمترە.

سەرەڕای ئەوە، هەندێ لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن گفتوگۆکان لە نێوان تاران و واشنتۆن بە شێوەی نهێنی و ناڕاستەوخۆ لە ئارادان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتی نەکردووەتەوە کە چەند لایەنێک لە نیوانیان ڕۆڵ دەگێڕن بەڵام وتویەتی وەڵامی پرسیارەکان لەو بوارەدا ناداتەوە.

حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ڕۆژی چوارشەم ١٠ی ئادار وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە پێویستە ئەمریکا هەنگاوی یەکەم هەڵبگرێت، ڕوو لەو وڵاتە وتی: "بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بە شێوەی دوو لایەنە ئامادەین، ئەوە ئێوەن کە دەتوانن ڕێگای ڕاست و درووست هەڵبژێرن".

ئەو قسانەی حەسەن ڕۆحانی جیاوازن لە مەرجە پێشووەکانی خامنەیی سەبارەت بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی سزاكانى ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بۆیە لە پەرلەمانی ئێراندا بەرەوڕووێ ڕەخنەی توندی نوێنەران بوونەوتەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین