وه‌زیرى نه‌وتى عێراق: بە هاتنی 2025 واز له‌ هاورده‌كردنى به‌نزین ده‌هێنین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئاژانسى بلومبێرگ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، له‌كۆتایى ساڵى داهاتوو ئاستى به‌رهه‌مهێنان بۆ چوار ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێ، "له‌ 2025 واز له‌ هاورده‌كردنى به‌نزین ده‌هێنین".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/ته‌مووز/ 2022  ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى مه‌دا پوخته‌یه‌كى له‌و دیمانه‌یه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئاژانسى بلۆمبێرگى ئه‌مریكى له‌گه‌ڵ ئیحسان عه‌بدولجه‌بار كردوویه‌تى، له‌ ته‌وه‌رێكى قسه‌كانى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق باس له‌ هاورده‌كردنى به‌نزین ده‌كات و ده‌ڵێ، "عێراق هیوا ده‌خوازێ به‌رهه‌مه‌كه‌ى له‌ به‌نزین دوو هێنده‌ بكات تا خواستى ناوخۆ دابین بكات و به‌ هاتنى 2025 واز له‌ هاورده‌كردنى به‌نزین بهێنێ".

هه‌ر له‌سه‌ر به‌رهه‌مى نه‌وتى عێراق  وه‌زیرى نه‌وتى عێراق پێشبینى ده‌كات له‌كۆتایى ساڵى داهاتوو به‌رهه‌مى نه‌وتى عێراق له‌ رۆژێكدا بگاته‌ چوار ملیۆن به‌رمیل كه‌ ئێستا نزیكه‌ى  سێ ملیۆن و 450 هه‌زار به‌رمیله‌. ئیحسان عه‌بدولجه‌بار پێشبینى ده‌كات تا كۆتایى ئه‌مساڵ و بۆ چه‌ند ساڵێكى دواتریش نرخى به‌رمیلێك نه‌وت هه‌ر له‌سه‌رووى 100 دۆلار بمێنێته‌وه‌.

له‌ مانگى نیسانى رابردوو وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق راگه‌یاند، ژماره‌ى پێوانه‌یى له‌ داهاتى نه‌وت تۆمار كردووه‌ و له‌ مانگێكدا نزیكه‌ى 11 ملیار دۆلارى داهات بووه‌، كه‌ له‌ 50 ساڵى رابردوودا ئه‌م ژماره‌یه‌ تۆمار نه‌كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین