رۆژنامه‌كانى توركیا  به‌ تورکیە

نوچه‌نێت

دوو رۆژه‌ هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌كانى توركیا به‌ بابه‌تى ئه‌و پووله‌وه‌ خه‌ریكن كه‌ له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندنى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك رێزلێنانێك و یادگارییه‌ك بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا فڕانسیس پێشنیار كراوه‌.

ماڵپەڕى(تورك پرێس) لەژێر ناونیشانى "پوولى یادگارى دەبێتە هۆى ورژاندنى مشتومڕێك لەنێوان توركیا وهەولێر، لەدواى رەخنەكانى توركیا، هەولێر روونكردنەوە دەدات" بابه‌تێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، باس له‌ده‌ر‌كردنى پوولێك له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و سه‌ره‌تا ئاماژه‌ى به‌و ره‌خنه‌یه‌ داوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ئاراسته‌ى هه‌رێمى كوردستان داوه‌.

زۆر به‌ كورتیش ئاماژه‌ى بۆ روونكردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، كه‌ دوێنێ له‌ سه‌ر زارى جوتیار عادل گوته‌بێژى هه‌رێمى كوردستان دراوه‌. كه‌چى پانتاییه‌كى زۆرى راپۆرته‌كه‌ى بۆ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ ته‌رخان كردووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ى توركمانى كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

به‌ره‌كه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داژیه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، له‌ به‌یاننامه‌كه‌یش نه‌خشه‌ى ناو پووله‌كه‌ى وا لێكداوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خواستى پارتى كرێكارانى كوردستان یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى "یه‌نى شه‌فه‌ق"ى توركى هه‌واڵێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌ ناونیشانى "توركیا داوا له‌ هه‌رێمى باكوورى عێراق ده‌كات ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵه‌ى پووله‌كه‌ى پۆسته‌ راست بكاته‌وه‌". 
یه‌نى شه‌فه‌ق وه‌ها باسى پووله‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، "هه‌رێمى باكوورى عێراق به‌م دواییه‌ شه‌ش پوولى پۆسته‌ى ده‌ركردووه‌، یه‌كێكیان نه‌خشه‌ى قه‌واره‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ له‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كى عێراق و توركیا و سووریا پێكهاتووه‌".

یه‌نى شه‌فه‌ق كه‌ رۆژنامه‌یه‌كى نزیك له‌ ئاكپارتییه‌ و ته‌واوى شه‌ڕه‌ سیاسیه‌كانى ئه‌و پارته‌ به‌شداره‌، له‌ هه‌واڵه‌كانى له‌برى هه‌رێمى كوردستان، "هه‌رێمى باكوورى عێراق" به‌كارده‌هێنێ، كه‌چى ئاژانسى ئانادۆڵ كه‌ كۆنترین و فه‌رمیترین ئاژانسى توركیایه‌ "هه‌رێمى كوردستانى عێراق" به‌كارده‌هێنێ.

یه‌نى شه‌فه‌ق ئاماژه‌ى بۆ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا كردووه‌ و كه‌ له‌ به‌شێكیدا باسى له‌وه‌ كرد بوو هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ده‌یانه‌وێ سه‌ردانى پاپا بكه‌نه‌ هه‌لێك بۆ خه‌ونى پێشوویان. مه‌به‌سه‌تى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا "خه‌ونى ده‌وڵه‌تى كوردستانه‌".

ماڵپەڕى"ئەنادۆڵى" توركى لەراپۆرتێكیدا بە ناوى"كوردستانى عێراق روونكردنەوە له‌سه‌ر ئه‌و پووله‌ یادگارییه‌ ده‌دات كه‌ توركیا ره‌خنه‌ى لێگرتووه‌".

له‌ ناوه‌ڕۆكى هه‌واڵه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌و به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا كراوه‌ كه‌ داواى راستكردنه‌وه‌ى ده‌ستبه‌جێى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.  لەم هه‌واڵه‌دا ئاماژه‌ بە روونكردنەوەكه‌ى جوتیار عادل كراوە گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ . زمانى داڕشتنى راپۆرتەكە بە بەراورد بە راپۆرتەكانى" شەفەق -تورك پرێس" هێمنتره‌.

جووتیار عادل له‌ لێدوانێكیدا دوێنێ باسى له‌وه‌ كرد بوو ئه‌مه‌ چه‌ند دیزاینێكه‌ بۆ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن پێشنیار كراوه‌ و تا ئێستا دیزاینى هیچ یه‌كێك له‌ پووله‌كان به‌ فه‌رمى په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین