پێنج هۆکاری باش بۆ ئەوەی ڕووسیا نەچێتە شەڕێکەوە لەگەڵ ناتۆ وەرگێڕان

مایکڵ پێک :

پێنج هۆکاری باش بۆ ئەوەی ڕووسیا نەچێتە شەڕێکەوە لەگەڵ ناتۆ

 

مایکڵ پێک

ئەمە ئەو خاڵەیە پێویستە لە بیرت بمێنێ: ئەم پێنج هۆکارە پێکەوە هۆکارێکی سەرەکی پێک دێنن: ڕاشکاوانە بڵێم چەکەکانی ناتۆ باشترن لە چەکەکانی ئەوان.

کاتێ باس لە ئەگەری شەڕی نێوان ناتۆ و ڕووسیا لەسەر ئوکرانیا یان هەندێ شوێنێ تر کە جێی ناکۆکین دەکرێ، هەمووان سەرنجیان بۆ لایە تواناکانی ئەمریکا بەرامبەر بە چەکی ڕووسی ڕادەکێشرێت.

بەڵام وچانێک بدە. ئەمریکا تەنیا یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ و ئەسقەزا ئەندامێکیشە کە تەنانەت لە کیشوەری ئەورووپا هەڵنەکەوتووە. ئەگەر ڕووسیا و ئەورووپا لە یەک بدەن، بە دڵنیاییەوە هێزە ئەورووپییەکان شان بە شانی یەک [و لەوانەیە] شان بەشانی سوپای ئەمریکا بچنە نێو ئەو شەڕەوە.

ئەگەر ئەوە ڕو بدات، ئەوانەی خوارەوە ئەو پێنج چەکەی ناتۆن کە ڕووسیا دەبێ لێیان بترسێ:

تانکی چالێنجری ٢ی بەریتانیا (Britain’s Challenger 2 tank)

ئەگەر بەریتانیا زرێپۆشی قورس بۆ شەڕی ئەورووپا بەرامبەر ڕووسیا بنێرێت، بڕبڕەی هێزی بەریتانیا لە بەرەی شەڕدا تانکی چەلێنجری ٢ دەبێت.

چالێنجری ٢ بە قورسی بە دوورچێستر (Dorchester)[ ناوێکی ترە بۆ زرێپۆشی چۆبهام Chobham] دەپارێزرێ و بە تۆپی ١٢٠ میلیمەتری پڕچەک کراوە. خێرایی ئەفرۆیدێکی هەیە و نزیکەی ٢٥ مایل لە هەر کاژێرێکدا دەبڕێ.

لەبەر ئەوەی پێشکەوتووترین تانکەکانی جیهان لە ڕاستیدا هێشتا بەرەوڕووی یەکتر نەبوونەتەوە [چونکە شەڕی یەکەمی کەنداو ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بوو و تەنانەت ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠ ساڵە شەڕی تانکێکی درووستکراوی ڕووسیای نەکردووە]، پێش بینیکردنی ئەوەی کە چالێنجری ٢ چۆن بەرەوڕووی تانکەکانی ڕووسیا دەبێتەوە لە گومانێک تێ ناپەڕێ. چالێنجێری ٢ کە کێشی ٦٣ تۆنە، بە ئاشکرا قورسترە لە تانکی T-72s و لەوانە لە جۆرەکانی T-72B3 و T-90 کە ٤٠ بۆ ٥٠ تۆن دەبن و ڕووسیا دەیاننێرێتە مەیدان.  

ئەوەی لەسەرەوە باسمان کرد ماناکەی لە ڕووی ئەدای شەڕەوە نادیارە. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا لە یەک بدەن، ڕووسیا بەرەوڕووی دەبابەیەکی شەڕکەری گەورەی پڕچەک و و پێشکەوتوو دەبێتەوە.

بەڵام وەک هەمیشە، گەورەترین دوژمنی سوپای بەریتانیا خەزێنەی پاشایەتییە. لە ساڵی ٢٠١٠دا بڕینی بودجە بەریتانیای ناچار کرد چل لە سەدی هێزی تانکەکانی کەم بکاتەوە و ئەو وڵاتە تەنیا ٢٢٧ چالێنجری ٢ی لەبەر دەستە. ئەو پلانانەی کە ئامانجیان نوێکردنەوەی چالێنجری ٢ و درێژکردنەوەی تەمەنیان بوو، بۆ نموونە پلانی گۆڕینی تۆپەکان بۆ جۆرێ تۆپی ساف و تەختتر، سڕ کراون و جێبەجێ نەکراون.

ڕەنگە لە ئەنجامدا ڕووسیا لە بەرامبەر تانکە کوشندەکانی بەریتانیا خۆڕاگری بکات، بەڵام زۆر هەڵ ناکات.

ژێردەریایی جۆری 212ی ئەڵمانیا (Germany’s Type 212 submarine)

ئەگەر ژێردەریاییە گازۆیلییەکان ترس بخەنە دڵی هێزی دەریایی ئەمریکا، دیارە هێزی دەریایی ڕووسیا ناتوانێ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژێردەریایی ٢١٢ی ئێجگار بێدەنگی ئەڵمانیا بێت.

ژێردەریایی ٢١٢ کە ١٥٠٠ تۆن دەبێ سیستەمێکی هێزی جوڵینەری جودا لە هەوای ( air-independent propulsion (AIP) هەیە کە لە پیلی پلیمەر ئەلەکترۆلایتی هیدرۆژن-ئوکسیژن  وەک سوتەمەنی کەڵک وەر دەگرێ و ئەو توانایە بە ژێردەریایییەکە دەدات بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە. لە حاڵێکدا لە شەڕی دووەمی جیهانیدا بەلەمی Uی ئەڵمانی توانای خشکەخشککردنی لەژێر ئاوەکاندا هەبوو، ئێستا جۆری ٢١٢ لە بە خێرایی ٢٠ گرێی دەریایی[1]لەژێر ئاوەکاندا دەڕوا.

ژێردەریایی جۆری ٢١٢ بە مووشەکی ئەژدەری DM2A4 و هەروەها مووشەکی ئەژدەریWASS 184 و مووشەکی Blackshark پڕچەک دەکرێ. بڕیار وایە لە داهاتوودا بە مووشەکی جۆری IDAS پڕچەک بکرێ. ئەو مووشەکانە لە لوولەی ئەژدەر لە ژێر ئاوەوە دەهاوێژرن و دەتوانن ئامانجەکان لە ئاسماندا، لە وشکاییدا یان لە ژێر ئاوەکاندا بپێکن.

دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ژێردەریاییە ئەڵمانییەکان لە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا چ کاریگەرییەکان دەبێ: نواندنی هێزی ڕووسیا لە کریمە و ئوکرانیا زیاتر بەرەو دەریای ڕەش بووە تا دەریای بالتیک. بەڵام ئەگەر دواتر ڕووسیا هان بدرێ بەرەو باڵتیک و پۆلۆنیا مل بنێت و لەو ڕەوتەدا لە هێزی دەریایی خۆی کەڵک وەربگرێ، ژێردەریایی جۆری ٢١٢ی ئەڵمانیا هێزێکە کە دەبێ حسێبی بۆ بکرێت.  

یورۆتایفۆن [فڕۆکەی شەڕکەری ئەورووپی تایفۆن] (Eurofighter Typhoon)

بەراوردکردنی هێزی ئاسمانی ناتۆ و ڕووسیا بە ناچاری دەماگەیەنێتە ئەو خاڵە کە بڵەین “فڕۆکەی F-22 من لە فڕۆکەی Su-35ی تۆ باشترە”. سەرەڕای ئەوە، لەبەر ئەوەی تەنیا ئەمریکا فڕۆکەی F-22 بەکار دەهێنێ، پێدەچێ فڕۆکەوانانی ڕووسی لە جیاتی فڕۆکەی ڕاپتۆر(Raptor) بەرەوڕووی یورۆ تایفۆن ببنەوە.

تایفۆن لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا کە ئەندامی ناتۆن و ئەگەری زیاترە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بەرەوڕووی ڕووسەکان ببنەوە و هەروەها لە لایەن هێزەکانی ئاسمانی ئیتالیا و ئیسپانیا کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ڕووسیا کەمترە بەکار دەهێنرێ. ئەگەرچی هەندێ لە تایبەتەمەندییەکانی تایفۆن نهێنین، بەڵام بە گشتی لە فڕۆکەی F-22 توانای شەڕکردنی زیاترە.

تایفۆن بە تۆپێکی ٢٧-میلیمەتری و جۆرەکانی تری مووشەک و لەوانە مووشەکی دژە مووشەکی ئاسمانی جۆری سایدویندەر Sidewinder، ئەمرام AMRAAM و مێترۆ Metro بۆ شەڕی ئاسمانی و مووشەکەکانی تاوروسTaurus  و ستۆرم شادۆ [بە مانای سێبەری گەردەلول] Storm Shadow بۆ پێکانی ئامانجەکان لەسەر زەوی و لە وشکایی پڕچەک دەکرێن، پێویستە یۆرۆفایتر بیسەلمێنێ کە فڕۆکەیەکی بەتوانایە. دانانی یۆرۆفایتر لە بەرانبەر فڕۆکەکانی ڕووسیا و لەوانە فڕۆکەی Su-35 کە توانای مانۆڕیان ئێجگار زۆرە، شەڕێکی سەرنجڕاکێش دەبێت.

یۆرۆکۆپتەر تایگەر [کۆپتەری شەڕکەری ئەورووپی بەور] (Eurocopter Tiger)

یۆرۆکۆپتەری تایگەر کە لە کۆپتەری جۆری ئاپاچی ئەمریکی و بەریتانی سووکترە و نزیکەی نێوەی ئەو کۆپتەرە کێشی هەیە، بەرهەمی هاوبەشێ فەڕەنسا و ئەڵمانیایە و لە ساڵی ١٩٩١وە کەوتووەتە خزمەتی سوپا. لە لایەن هێزەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا و هەروەها ئیسپانیا بە کار دەهێنرێ.

جۆرە جیاوازەکانی تایگەر کە لە هەر کاژمێرێکدا نزیکەی ١٨١ مایل دەپێون، بە مووشەکی جۆری Hellfire, Spike, PARAS3 و هەروەها مووشەکی دژە تانکی HOT3 و مووشەکی ئاسمانی Mistral و ئەو ڕاکێتانەی کە ئامانجە وشکاییەکان دەپێکن، پڕچەک کراون.

تایگەر لە ئوپەراسیونەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە وڵاتانی ئەفغانستان و لیبیا هەندێ شەڕی سنوورداری کردووە. بەڵام ئەگەر بێتۆ شەڕی نێوان ناتۆ و ڕووسیا هەڵگیرسێت، تایگەر تانکەکانی ڕووسیا ڕاو دەکات.

مووشەکی سپایکی ئیسرائیل (Israel’s Spike Missile) 

بۆچی چەکێکی ئیسرائیلی لە لیستی سەختامێرە کوشندەکانی ناتۆدا دانراوە؟ چونکە مووشەکی سپایک لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ناتۆ و لەوانە وڵاتانی بەلجیکا، بەریتانیا، کرۆواتیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هولەندا، پۆلۆنیا، پرتوگال، سلۆڤانیا و ئیسپانیا بەکار دەهێنرێت.

مووشەکی ٣١ پاوندی سپایک مووشەکێکی دژە تانکە کە بە تیشکی فایبێر ئۆپتیک شوێنی تانکەکان دەگرێ و دوو کڵاوکەی ئامادەکراوی هەیە کە بە ڕیز دانراون و سەرەتا زرێی بەرپرچدانەوەی تانکەکە لەکار دەخات و پاشان نفوز دەکاتە نێو زرێی خۆدی تانکەکە. مووشەکی جۆراوجۆری سپایک کە جۆرەکانی کۆرت مەودا، نێوان مەودا و دوورمەودای لەبەردەستن، دەتوانن لە مەودای ٨٠٠ مەتەر تا ٨ کیلۆمەتر ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.

ڕووسەکان ئەزموونێکی زۆریان هەیە لەوەی تانکەکانی خۆیان بخەنە بەر چەکەکانی ئیسرائیل، زۆر جاریش ئەنجامی نەخوازراوی بووە. پێکدادانی ناتۆ و ڕووسیا تاقی دەکاتەوە ئایا ئەوە هێشتا هەر وایە یان نا.

 

مایکل پیک نووسەری هاوکاری ماڵپەڕی فۆریەن پالیستی (Foreign policy) و نووسەری کتێبی “شەڕ ماندووکەرە”.

سەرچاوە: national interest

https://nationalinterest.org/blog/reboot/five-good-reasons-russia-wont-go-war-nato-173607

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین