پێشنیار ده‌كرێت پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كلایى بكرێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌ عێراق پێشنیار ده‌كات بابه‌تى ناكۆكى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، رێبوار بابكه‌یى په‌رله‌مانتاری كوردستانیش ده‌ڵێ، "كارێكى له‌جێیه‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌ مه‌رجه‌ع بێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/ته‌مووز/2022 مه‌حما خه‌لیل په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ عێراق ده‌ڵێ، "یه‌كێك له‌ چاره‌سه‌رییه‌كانى ناكۆكى سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان یه‌كلایى بكرێته‌وه‌". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونى نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن ئەم کارە ده‌كرێت. 

به‌ڵام په‌رله‌مانتارێكى ترى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ ده‌دات و وێراى ئه‌وه‌ى پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكى سیاسییه‌، به‌ڵام بۆچوونه‌كه‌یش به‌ "شیاو" ده‌زانێ. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رێبوار بابكه‌یى بوو، له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "بابەتی سەرۆک کۆمار بابەتێکی هەستیارە، پێویستی بەوەیە کە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پارتیمان قسەی لەسەر بکرێت، راوبۆچونی ئەو پەرلەمانتارە جێگای رێز و تەقدیرە، بەڵام پێموایە سەرکردایەتی خۆمان (پارتی) بڕیاری یەکلاکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە دەدەن کە بە چ شێوەیەک بێت، خۆ ئەگەر پەرلەمانی کوردستانیش بکرێتە مەرجەع، کارێکی لەجێیە بەو پێیەی کە پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی شەرعییە، نوێنەراییەتی خەڵکی کوردستان دەکات، دەشکرێ بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو پرسانەی کە هەستیارن، پەیوەستن بە ئیستیحقاقی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەنا بۆ پەرلەمانی کوردستان ببرێت"

وه‌ك تێبینى ده‌كرێت په‌رله‌مانى كوردستان، له‌سه‌ر زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ له‌ عێراق رووده‌ده‌ن بێده‌نگه‌. رێبوار بابكه‌ییش ئه‌و تێبینیەی هه‌یه‌ و نموونه‌ به‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى سه‌ر كۆرمۆر ده‌هێنێته‌وه‌. رێبوار بابكه‌یى گوتى، "پێویستە پەرلەمانی کوردستان رایەکی یه‌كلاکەرەوەی خۆی لە هێڕشەکانی رابردوو هه‌بێت و له‌وانه‌ هێرشه‌كانى سه‌ر كێڵگه‌ى كۆرمۆر، لە دانیشتنی پەرلەمان لە نوقتە نیزامیش داوام کردووە ئیتر نابێ پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتانە بێدەنگ بێت، بەڵام هەرچی بابەتی سەرۆک کۆمارە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتی یەکێتی لەگەڵ پارتی رازی بێت بەوەی ئەو بابەتە لەنێو پەرلەمانی کوردستان یەکلای بکەنەوە، زۆر حاڵەتێکی ئاساییە"
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین