ناسنامه‌ى ئه‌نجامده‌رى كوشتارگه‌كه‌ى تكریت ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق تاوانبارى كوشتارگه‌كه‌ى ئه‌لبودۆرى له‌ پارێزگاى سه‌لاحه‌دین ئاشكرا كرد، كه‌ هه‌شت كه‌س تێیدا بوونه‌ قوربانى و شه‌شیان له‌یه‌ك خێزان بوون. فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ ده‌ڵێ داعش به‌ پاڵنه‌رى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ئه‌و تاوانه‌ى ئه‌نجام داوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 13ى ئادار فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ناسنامه‌ى بكوژه‌كانى كوشتارگه‌ى گوندى ئه‌لبودۆرى له‌ تكریت" پارێزگاى سه‌لاحه‌دین" ئاشكرا كرد.

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ تاوانه‌كه‌ ده‌خاته‌  ئه‌ستۆى تیرۆریستانى داعش و روونى ده‌كاته‌وه‌ یه‌كێك له‌ تیرۆریسته‌كان دانیشتووى گونده‌كه‌ بووه‌، به‌ڵام پێشتر له‌سه‌ر تاوانه‌كانى له‌لایه‌ن خه‌ڵكى گونده‌كه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، بۆیه‌ به‌ پاڵنه‌رى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارى داعش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك تیرۆریست به‌ جلى سه‌ربازییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ گونده‌كه‌ و خۆیان وا نیشان داوه‌ كه‌ پشكنین ده‌كه‌ن، هه‌شت كه‌سیان به‌ چه‌كى بێده‌نگ كوشتووه‌ و كه‌ شه‌ش له‌و قوربانیانه‌ ئه‌ندامى یه‌ك خێزانن.

یه‌كێك له‌ كه‌سوكارى قوربانییه‌كان له‌ لێدوانێكى بۆ راگه‌یاندن باسى له‌وه‌ كردووه‌، ته‌نانه‌ت كچه‌كه‌ى كه‌ قوتابى دوایین قۆناغى زانكۆیه‌ كوژراوه‌ و ته‌نیا كوڕێكى ته‌مه‌ن 10 ساڵى و بووكى ماڵه‌كه‌یان جێهیشتووه‌ و نه‌یانكوشتوون.

روونیشى ده‌كاته‌وه‌ قوربانییه‌كان هیچ كامێكیان چه‌كدار نه‌بوون، ژماره‌ى ئه‌و تیرۆریستانه‌ى هاتوونه‌ته‌ گونده‌كه‌ نزیكه‌ى 15 كه‌س بووه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین