ئایا بارودۆخى ئێستای به‌غدا كاریگه‌رى له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌؟ ناوخۆیی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

رۆژ له‌دواى رۆژ بنبه‌ستى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق تووندتر ده‌بێت و ته‌نانه‌ت بۆ جارى دووه‌م لایه‌نگرانى سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مان، چاودێرانى سیاسى و په‌رله‌مانتارانى كورد، پێیانوایه‌ ئه‌و گرژییانه‌ مه‌ترسى بۆ كورد نییه‌ و كێشه‌كه‌ ته‌نیا له‌ناو ماڵى كورده‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌ باشى ده‌زانن كورد له‌ ناوخۆى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان كۆده‌نگ بێت.

نه‌هرۆ رواندزى: 
ئه‌گه‌ر كورد یه‌كده‌نگ بێت ئه‌وا رۆڵى هێوركه‌ره‌وه‌ى ده‌بێت

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/ ته‌مووز/ 2022 خۆپیشانده‌ران كه‌ لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌درن، بۆ جارى دووه‌م هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌وه‌ى له‌ خۆپیشاندانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ جیاواز بوو، ئه‌وه‌ بوو گرژیى له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ كه‌وته‌وه‌. چاودێرانى سیاسى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌م رووداوانه‌ لێكه‌وته‌ى خراپى بۆ  عێراق هه‌بێت و ته‌نانه‌ت پێشبینى پێكدادانیش له‌نێو شیعه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام ئایا بۆ هه‌رێمى كوردستان چ كاریگه‌رییه‌كى ده‌بێت؟ 

نه‌هرۆ رواندزى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت پێیوایه‌ ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌، "هیچ پەیوەندی بە بارودۆخی کورد نییە، ئەوە لە ماڵی شیعی کێشەیان هەیە لە مابەینی خۆیانە" ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌ كورد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كۆمار رێكبكه‌وێ باشتره‌ و هه‌روه‌ها بابه‌ته‌ گرنگه‌كانیش بۆ هه‌رێمى كورد ده‌ستنیشان بكات تا داكۆكییان له‌سه‌ر بكات، ئه‌گینا له‌و كاته‌دا خودى كاندیدێكى دیاریكراو بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌لای كورده‌وه‌ گرنگ نییه‌.

رێزان شێخ دلێر: ئه‌گه‌ر گرژییه‌كان به‌رده‌وام بن كاریگه‌رییه‌كه‌ به‌ كوردستانیش ده‌گات

له‌ رابردوودا كورد بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه‌ رۆڵى هێوركه‌ره‌وه‌ له‌ عێراق ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ خۆى به‌شێكه‌ له‌ چه‌قبه‌ستوویى سیاسى و تا ئێستا له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار رێكنه‌كه‌وتووه‌، ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا رۆڵى كورد ته‌ماشاكه‌ر ده‌بێت یان ناوبژیوانى؟ نه‌هرۆ رواندزى ده‌ڵێ، "ئەگەر ناو ماڵی کوردی یەکدەنگبن لەسەر ئەوەی کە کاندیدێکی تەوافوقی بەینی پارتی و یەکێتی دەستنیشان بکەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، تەئکید دەوری کوردی زۆر دەبێت بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی عێراق، چونکە پێگەی ئێمە، پێگەی کورد بە تایبەت سەرۆک بارزانی لەبەغدا زۆر حساباتی بۆ دەکرێت".

رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتارى پێشووى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت پێیوایه‌ ئێستا گرژییه‌كانى عێراق كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆيان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ تایبه‌تى ئه‌گه‌رهاتوو پارتى و یه‌كێتى لایه‌نگری له‌ لایه‌نێكى شیعه‌ بكه‌ن، رێزان شێخ دلێر ده‌ڵێ، "ئەگەرهاتوو حکومەت پێک نەهێنرا، بەم جۆره‌ بمێنێتەوە، له‌وانه‌یه‌ ئەو کێشانەی ناو ئەوان کاریگەری بکه‌نه‌ سەر حزبە سیاسییەکانى كورد، کە ئێستا ئێمە دەزانین ئەو حزبانەی کە هەمانە بە تایبەتی پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لایەنگری لایەنێک لە لایەنەکانی شیعە دەکەن، ئەمە رەنگە کاریگەری بکاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ لایەنگرییەکەی خۆمان".

جه‌مال كۆچه‌ر:
گرژییه‌كانى به‌غدا كاریگه‌رى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت
 

جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتوو له‌ عێراق، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌وه‌ ده‌كات، راسته‌وخۆ گرژییه‌كانى به‌غدا كاریگه‌رى بۆ سه‌ر هه‌رێم نابێت، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رى بۆ سه‌ر هه‌موو عێراق ده‌بێت، جه‌مال كۆچه‌ر گوتى، "بێگومان ناراستەوخۆ ئه‌گه‌ر حکومەت لەبەغدا نەبێت و سه‌قامگیرى نه‌بێت، واتای ئەوەیە سه‌قامگیرى لە هەموو عێراق نابێت، لەبەر ئەوە نائارامی بەغدا رەنگدانەوە لەسەر خەڵکی ئێمە ده‌بێت، لەسەر بازاڕ، لەسەر ئارامی، لەسەر جموجۆلی سیاسی"

جه‌مال كۆچه‌ر تێبینى ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ "جێى داخه‌" ئه‌وه‌یه‌ كوردیش له‌ لایه‌نگرى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانى شیعه‌ن، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌م خاڵه‌ روونده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "یه‌كێتى بۆ لاى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌چێت و پارتیش بۆ لاى ره‌وتى سه‌در، لێره‌دا ئێمه‌یش دابه‌ش ده‌بین  ئیتر ئەو لێكه‌وته‌ى لێره‌یش ده‌بێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كگرتوو له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى كرده‌وه‌ كورد ناتوانێ له‌ ئێستادا رۆڵى هێوه‌ركه‌ره‌وه‌ و ناوبژیوانى ببینێت، چونكه‌ پارتى و یه‌كێتى چوونه‌ته‌ ناو ململانێیه‌كه‌وه‌، جه‌مال كۆچه‌ر ده‌ڵێ "له‌ حاڵه‌تێك كورد ده‌توانێ هێوركه‌ره‌وه‌ بێت كه‌ لایه‌نگرى هیچ لایه‌نێكى شیعه‌ نه‌كات، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتى له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نزیكه‌، پارتیش له‌ ره‌وتى سه‌در، به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتوو دوور بوون له‌ ململانێ و خۆیان رێكبكه‌ون، ئه‌وا ده‌توانین رۆڵى زیاترمان هه‌بێت و ببینه‌ براگه‌وره‌ى عێراقییه‌كان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین