حەسەن ھەیاس: ئارەزوومە گۆرانیەکانی ساڵانی رابردووم بە شێوازێکی دیکە تۆمار بکەم کولتوور

دیارى چوچانى- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ھونەرمەند حەسەن ھەیاس لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ نوچەنێت باس لە کارە ھونەرییەکانی خۆی دەکات ئاماژە بە حەوت بەرھەمە نوێیەی خۆی دەکات کە تۆماری کردوون. سەبارەت بە کلیپکردن دەڵێت، "حەزێکی زۆرم بۆ کلیپ ھەیە بەڵام ئەو توانا مادییەم نییە" دەیشڵێت، "ئارەزوومە گۆرانیەکانی ساڵانی رابردووم بە شێوازێکی دیکە تۆمار بکەم" حه‌سه‌ن هه‌یاس تێبینى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌، لایڤ میوزیک "بە کوردی" زیاتر لە سلێمانی باوە، خۆزگەى ئه‌وه‌یش ده‌خوازێ لە ھەولێر له‌ لایڤ میوزیك بەگوێرەی بایەخدان بە عەرەبی بایەخ بە کوردیش بدرێت

بەرهەمێکت هەبوو بۆ خانەقین باسی ئەوە دەکەی کە گرنگی پێ نادرێت و گلەیییەکانی خانەقین بە دەنگی خۆت دەگەیەنێ، ‎بەڕای بەڕێزت بەرهەمەکە وەک خۆی گەیشتووە؟ ‎پێتوایە گلەییەکانی تۆ و خانەقین بەو رێگەیە گەیشتبن بەوانەی بەرپرسن لە چاککردنی دۆخی خانەقین؟

ئەو بەرھەمەی "مۆسکۆی بچووک" 10 ساڵ بەر لە ئێستا تۆمارم کردووە، کەچی مانگێک لەمەوبەر بەرپرسێک پەیوەندیی پێوەکردم وتی: ئەو بەرھەمەت زۆر جوانە و گلییەکانت لەجێی خۆیەتی ئەو بەرھەمە نوێیە؟ وتم کام بەرھەم؟  وتی مۆسکۆی بچوک. وتم ئەوە 10 ساڵ لەمەوبەر تۆمارم کردووە گلەیی و رەخنە و تێبینی خۆم ھەبووە، بەڵام دیارە بەرھەمەکە وەکو پێویست نەگەیشتووەتە گوێی بەرپرسان، بە ھۆی سەرقاڵیان بەو ناوچە کێشەلەسەرە و ھاتنی داعشەوە بەھەرحاڵ ئەوە حەوت ساڵە من لەخانەقین دوورم نازانم لەمیان ئەو حەوت ساڵەدا تا چەند خزمەتکراوە.

کەناڵە کوردییەکان تا چەند گرنگییان بە خانەقین و هونەرمەندانی خانەقین داوە؟ تا چەند کەمتەرخەمن ؟پێشنیارت چییە بۆیان ؟

خانەقینیەکان زیاتر بە زاراوەی کەڵھوڕی قسە دەکەن و بەڵکو لە بەدرە و مەندەلیشەوە تا دەگاتە کرماشان بەو زاراوەیەوە قسە دەکەن، کە ژمارەیان بە قەد ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە گرنگە زیاتر و زیاتر بایەخ بە خانەقین و بەو زاراوەیە بدرێت. چی نەبێ بەرنامەیەکی ھەمەڕەنگی ھەفتانەی تایبەت بە بوارە جیاجیاکانی خانەقین بە زاراوەی کەڵھوڕیەوە لەمیان یەکێک لە کەناڵە کوردیيەکانەوە پێشکەش بکرێت، کە بێگومان ھەتا کرماشان بینەری دەبێت. 

حه‌وت به‌رهه‌مى نوێم ئاماده‌ كردووه‌

زۆر هونەرمەندی گەنجی کورد هاتونەتە پێشەوە و باسی بەجیهانی بوون دەکەن. بەڕای بەڕێزت ئەوان خۆیان لاسایی جیهانیی دەکەنەوە، یان توانیویانە هونەری کوردی بەجیهانی بکەن و هونەری کوردی ببەنە ناو هونەری جیهانەوە ؟

ھونەری رەسەن و ئەدەبی باش و بەپێز سنوور دەبڕن و وڵات بە وڵات دەگەڕێن و دەبنە جیھانی. بۆ نموونە لە تێکستی گۆرانییەکی ھندستاندا باس لە داستانی شیرین و فەرھاد و رۆمیۆ و جولێت دەکات بۆ نموونە گۆرانی ( چەبیدی چەکردی ) یەکەی من چەندین گۆرانیبێژی عەرەبی عێراقی و لەم دواییەشدا کچە لبنانیەک ھەر بە زاراوە کەڵھوڕیەکەوە ئەزبەریان کردووە و دەیڵێنەوە، ھەموو ئەوانە ھەوڵی تاکەکەسین و لەئاستی پێویستدا نین. حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ کەناڵی تایبەتی خۆی ھەبێت و ھونەر و ئەدەب و خەبات و کەلتوور و فەرھەنگی کوردی بە جیھان بناسێنێت ئەو کەناڵانەی ئێستا ھەن تیجاری و حزبین.

رای جیاواز هەیە، رایەک دەڵێت سۆشیال میدیا هونەری بردۆتە دواوە، رایەکی تریش پێیوایە خزمەتی باشی بە هونەرمەندان کردووە، کە لە رێی پەیج و لاپەڕەکانی خۆیانەوە لە سۆشیال میدیا کارەکانیان دەگەیەنن. ئێوە راتان چییە لەو بارەیەوە ؟

ھەردوو رایەکە رێژەیین. راستە سۆشیال میدیا خزمەتی کردووە بەڵام زیاتر بە خزمه‌تى به‌ ھونەری چرووک کردووە و کەمتر بە ھونەری رەسەن و بەپێز ئەوەش بە شێوەیەکی زەق دیار و روونە. 

نه‌وه‌ى ئێستا زۆرینه‌یان حه‌ز به‌ شێوازى گۆرانى رابردوو ناكه‌ن، به‌ڵام  له‌نێو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ گوێگرێكى باشى حه‌سه‌ن هه‌یاسه‌، به‌بڕواى تۆ هۆكارى ئه‌مه‌ چییه‌؟

من پێموانییە نەوەی ئێستا حەز بە شێوازی گۆرانیی رابردوو نەکات، بەڵکو ئەوە کەناڵەکانی خۆمانن رۆژانەی خوا بە دەیان جار کاری چرووک دەدەن بە گوێی بیستەر و بینەردا. وایان پێکردوون کە گۆرانیی ریکلامەکان ئەزبەر بکەن سوپاس بۆ خوای گەورە کە ئەو بەھرەیەی پێبەخشیووم ھەر چەند من خەمی خاک و نیشتیمان و نەتەوە و عشق و ھەژاریم لەکۆڵ ناوە و لە سه‌دای دەنگمدا ھەستی پێدەکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من بایەخێکی گرنگ دەدەم بە تێکست و لەگەڵ ناوەڕۆکی تێکستەکاندا ئاوێتە دەبم و دەتوێمەوە جاری وا ھەبووە لەگەڵ خوێندنەوەی ھەر تێکستێکدا ھەر لە رستەی یەکەمەوە ھەتا کۆتایی گریاوم بۆیە کاتێک ئاوازێک دەکەم بە بەری تێکستێکدا وەھا بە گونجاوی دەیدوورێنم کە تەواوکەری یەکتری بن لە جوانیدا، چونکە تێکست پەیامی گۆرانییەکەیە جا ئەگەر سیاسی بێت یان ئینسانی یان عاتیفی یان نیشتمانی نابێ گۆرانیبێژ ئەو تێکستە بمرێنێ ھەروەھا گرنگیدان بە ئاوازی رەسەن ئەو ئاوازەی کە لە ھەڵقوڵاوی ناخی کوردبوونت دەردەچێت و ختووکەی ھەستی نەتەوەیی گوێگری کورد دەدات رۆڵی جوان و کاریگەر دەبینێ و راستەوخۆ دەچێتە دڵەوە.

له‌ ماوه‌ى رابردوو له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكى چه‌ند كارێكى نوێیت ئایا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟

بەڵێ حەوت بەرھەمی نوێم تۆمارکردووە جگە لە مقامێک بۆ دایکی شەھیدانی کوردستان، پێنجیان لە تێکستی شاعیری گەورەی رۆژھەڵات سەید نووح عینایەتی ناسراوە بە (نەبەز) کە دانیشتووی شاری مھابادە و ئەو پێنج لە پارێزگای کرماشان لە ستۆدیۆی “پەڕاو” ھونەرمەند وەحید کرماشانی میوزیکەکەی بۆ دابەش کردووە، دوو ئاوازی لە دانانی خۆمە و سێ ئاوازیشی ھونەرمەند ئەحمەد ھەیاس دایناوە چوار لەو بەرھەمەم لە کەناڵی یوتیوبەکەم بڵاوکردۆتەوە‘ بە مەقامەکەیشەوە، پێنجەمیشیان بەم زووە بڵاودەکەمەوە لەھەمان کەناڵ ھەروەھا ئەو دوو بەرھەمەی دیکەشم لەھەمان کەناڵ بڵاوکردۆتەوە کە لە ھۆنراوە و ئاوازی خۆمن و میوزک و میکس و ماسترینگی ھونەرمەند ئاراس ره‌فعەت لە کەرکووک كردوويەتی.

‎چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ كلیپكردنى گۆرانییه‌كانى خۆتى وا هه‌ست ده‌كه‌ین زۆر بایه‌خ به‌ كلیپ ناده‌یت؟ ئایا بیرت له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ گۆرانیه‌كانى ساڵانى رابردووت به‌ شێوازێكى تر نوێ بكه‌یته‌وه‌؟

من ھەمیشە بە پەرۆشم بۆ دەوڵەمەندکردنی خەرمانی ھونەری کوردی بە گۆرانی خۆش و رەسەن، بۆ ئەو مەبەستە و دڵخۆشکردنی ھەوادارانم لەسەر حسابی تایبەتی خۆم ھەر ئەوەندەم پێدەکرێت کە تەنیا بە ئۆدیۆ گۆرانییەکانم تۆمار بکەم، بێگومان خۆتان دەزانن کە تۆمارکردنی یەک گۆرانی چەندی پێ دەچێت بە راشکاوی دەیڵێم حەزم لە کلیپکردنە بەڵام ئەو توانا مادیەم نیيە بۆ کلیپکردن، ئارەزوومە گۆرانیەکانی ساڵانی رابردووم بە شێوازێکی دیکە تۆمار بکەم بەڵام ئەوەشیان ھەر خه‌رجیى زۆره‌.

پەیوەندیتان لەگەڵ لایڤ موزیک چۆنە ؟ کە لە ئێستادا پەرەیسەندووە جەنابتان بەشداری دەکەن یاخود مەرجتان ھەیە ؟

لایڤ میوزیک بە کوردی زیاتر لە سلێمانی باوە، ماوەیەک دەچووم بەڵام رێگاکە یەک سایدە و دوورە بۆیە وازم ھێنا، خۆزگە لە ھەولێر بەگوێرەی بایەخدان بە عەرەبی بایەخ بە کوردیش بدرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین