دوو خاتوونی ئێرانی و سعوودی بوونە کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ هەواڵ

نوچه‌نێت

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی نەرویج و دوو نوێنەری پەرلەمانی ئەو وڵاتە، نێرگز محەمەدی چلاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و لۆجەین هەزلول، چالاکوانی بواری مافە مەدەنییەکانی سعوودیه‌ وەک کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ناساند.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "دویچە ولە"، کاری ئەندرسۆن و کاری ئەلیزابت کاسکی، دوو نوێنەری پەرلەمانی نەرویج، کە نێرگز محەمەدی و لۆجەین هەزلولیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی کاندید کرد، ڕایانگەیاند ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان ئەو سنوورە ئایینی و سیاسییانە تێدەپەڕێنیت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لێک جودا کردووەتەوە.

نوێنەرانی پەرلەمانی نەرویج ڕایانگەیاند لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرژیی و ناکۆکی لە ئارادایە و پێشکەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بە ژنانی سعوودیه‌ و ئێران دەتوانێ یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و سعوودیه‌ و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بکات.

هەم نێرگز محەمەدی و هەم لۆجەین هەزلول لەم دواییانەدا لە زیندان ئازاد کراون و هەر دووکیان لە بواری هاوشێوەدا چالاکی دەکەن.

نێرگز محەمەدی کە مانگی ڕابردوو لە زیندان ئازاد کرا گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی ناوەندی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە و بەرەوڕووی تۆمه‌تی چالاکی دژی حکومەت و ڕێخستنی کەمپەینی هەڵوەشاندنەوەی ئیعدام ببووەوە.

لۆجەین هەزلول چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە سعوودیه‌ کە دوای دوو ساڵ و دوو مانگ زیندان ئازاد کرا، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە و هەوڵدان بۆ مافی شۆفێری ژنان دەستبەسەر کرابوو. چەند مانگ دوای دەستبەسەرکردنی ژنانی سعوودیه‌ ڕێگایان پێدرا دوای چەندین دەیە خەبات لەو پێناوەدا، شۆفێری بکەن.

جێگای ئاماژەیە، پێشتر خاتوو "شیرین عەبادی" پارێزەر و چالاکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین