رێكخراوەكانى رۆژئاواى كوردستان كارەكانيان دەوەستێنن وەرگێڕان

نوچەنێت:

بەرپرسانى رێكخراوە ناوخۆييەكان لە كۆبانێ ئاشكراى دەكەن، زۆربەى ئەو لايەنانەى هاوكارى پڕۆژەكانيان دەكردن، دواى هەڕەشەكانى توركيا هاوكارييەكانيان بۆ ئەو رێكخراوانە راگرتووە، لە كۆى دەيان رێكخراو ئێستا تەنيا چوار رێكخراو بەردەوامن لە كارەكانيان.

بەگوێرەى لێدوانى خەليل موسلم، بەڕێوەبەرى نووسينگەى كاروبارى رێكخراوە مرۆييەكان لە ناوچەى فوڕات، لە كۆبانێ حەوت رێكخراوى ناوخۆيى هەيە، ئێستا تەنيا دوو رێكخراو بەشێوەيەكى چالاكانە كاردەكەن، جگە لە رێكخراوە ناوخۆييەكان حەوت رێكخراوى بيانى كاريان دەكرد، ئێستاش لە كۆى ئەو رێكخراوانە تەنيا دوو رێكخراو بە شێوەيەكى چالاك بەردەوامن لە كارەكانيان، لە ساڵى (2019) پێش داگيركردنى سەرێ كانى و تەلئەبيەز زياتر لە (20) رێكخراو كاريان دەكرد.

ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى توركيا بووە هۆكارى راگرتنى چالاكى مرۆيى زۆربەى رێكخراوە مرۆييەكان لە كۆبانێ، بۆيە دواتر روويان لە رەقە و مەنبەج كرد.

خەليل لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "كە رێكخراوێكى بيانى پاڵپشتى رێكخراوێكى ناوخۆيى دەكات، كارەكانى هەڵدەسەنگێنێت و چاودێرى كارەكانى دەكات، بەڵام بەهۆى هەڕەشە و بۆردوومانەكانى توركيا ناتوانن ئەو هەڵسانگاندنانە بكەن."

بەگوێرەى قسەكانى خەليل ئەو پڕۆژانەى رێكخراوە ناوخۆييەكان جێبەجێيان دەكرد، پڕۆژەى بچووكن، ماوەكەى لەنێوان دوو مانگ بۆ سێ مانگ بوو، پڕۆژەى گەورەيان لەو ناوچەيە جێبەجێ نەكردووە. 

سەبارەت بەهۆكارى بڕينى هاوكارييەكان ئەو بەرپرسەى رێكخراوەكانى كۆبانێ رايگەياند، "ئەو لايەنانەى هاوكارى رێكخراوەكانى ئەو ناوچانە دەكەن، دوايان لەو رێكخراوانە كردووە هەندێك پڕۆژە لەو ناوچانە جێبەجێ بكەن نزيكەى (10) كيلۆمەتر لە سنوورەكانى توركيا دوورن، ئەوەش بۆتە هۆى ئەوەى دانيشتوانى گوندەكانى ئەو سنوورە لەو پڕۆژانە بێبەش بن."

ئەبوو ئيسحاق بووزى، بەرێوبەرى جێبەجێكارى رێكخراوى كۆبانێ بۆ هاوكارى و گەشەپێدان، ئاماژە بەوە دەكات پاڵپشتى و هاوكارى ئێستا بۆ ئەو رێكخراوانە زۆر سنووردار بووە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "چالاكيەكانى رێكخراوى كۆبانێ پێش داگيركردنى سەرێكانى و تەلئەبيەز هاوكارييەكانى لە (10) مانگ بۆ ساڵێكى تەواوى دەخايەند، بەڵام پڕۆژەكانى ئێستا لە پێنج مانگ تێپەڕناكات، ئەو هاوكارييەشى پێيان دەدرێت، پێداويستى ئەو ناوچەيە دابين ناكات، هەندێك چالاكيش بەهۆى هەڕەشەكانى توركيا وەستاوە."

بەرێوبەرى جێبەجێكارى رێكخراوى كۆبانێ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئاوارەكانى ئەو ناوچەيە رۆژانە داواى هاوكاريمان لێدەكەن، بەڵام رێكخراوە ناوخۆييەكانى ئەو ناوچەيە هيچ هاوكارييەكيان بۆ نايەت بۆ ئەوەى بتوانن پێشكەشى ئاوارەكانى بكەن."

بەگوێرەى ئامارى رێكخراوە مرۆييەكان، ناوچەى فڕوات نزيكەى سێ هەزار ئاوارەى سەرێ كانى و تەلئەبيەز و عەفرينى تێدا نيشتەجێيە.

ئەو رێكخراوە كار لەسەر پڕۆژەى پەرەپێدان دەكات، بەڵام زۆربەى ئەو لايەنانەى هاوكارييان دەكرد، ئێستا رەتى دەكەنەوە هاوكارى ئەو رێكخراوە بكەن، چونكە ناوچەكە كەوتۆتە بەر هەڕەشەكانى توركيا، بە ناوچەيەكى سەقامگيرى نازانن بۆ  ئەوەى كارى تێيدا بكەن.

بووزى داواش لەو لايەن و رێكخراوانە دەكات كە هاوكارى رێكخراوە ناوخۆييەكانيان دەكردن، رێژەيەك هاوكارى بدەن بە ناوچەى كۆبانێ و گوندەكانى سەرسنوور.

فارووق حەجى مستەفا، بەڕێوبەرى رێكخراوى بەرچاڤ رايگەياند، "هەڕەشەكانى توركيا كاريگەرى لەسەر كاريگەرى لەسەر هەماهەنگى و كاتى ئەنجامدانى چالاكييەكانى تايبەت بەو رێكخراوانە هەبووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین