ئێران وردە وردە بۆمبی ئه‌تۆمى دەوێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

مەیسەم بێهڕەوش، لێکۆڵەری دەزگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هوڵەندا "کلینگندال"، لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" بڵاو کراوەتەوە، نووسیویەتی کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێکەوت بووەتە هۆی گۆڕانی ستراتیژیی تاران.

بێهڕەوش دەڵێت مەحمود عەلەوی، وەزیری هەواڵگری کۆماری ئیسلامیی، ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیونیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی کرد کە   ئێران دەتوانێ بەرەو خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی بڕوات، عەلەوی وتی، "ڕابەری کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا لە فەتواکەی خۆیدا وتوویەتی کە درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بەپێچەوانەی شەرعە و و کۆماری ئیسلامی بەرەو درووستکردنی ئەو چەکە ناچێت و بە حەرامی دەزانێت. بەڵام ئەگەر پشیلەیەک بگرن و بیخەنە سووچێکەوە لەوانەیە ڕەفتارێک بکات کە پشیلەیەک کە ئازادە ئەو ڕەفتارە نەکات".

ئەو هەڕەشە کەم وێنەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا. گرووپ و کەسایەتییە توندڕۆکان لە ناوخۆدا هێرشیان کردە سەر وەزیری هەواڵگری کابینەی حەسەن ڕۆحانی بە بیانووی لاوازکردنی فەتواکەی خامنەیی. چاودێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕابەرانی ئێران جێگای متمانە نین. هەندێکی تریش ئەو قسەیەی وەزیری هەواڵگرییان وەک تاکتیکێک بۆ فشارخستنە سەر ئیدارەی بایدن بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لێکدایەوە.

بەڵام فەتواکەی خامنەیی هەر لە سەرەتاوە بۆ هەر دوو لایەن مەسەلەیەکی گرنگ نەبوو. خاڵی سەرەکی سەبارەت بە قسەکانی عەلەوی گۆڕانی تێڕوانینی ئێرانە سەبارەت بە بۆمبی ئەتۆمی. ژمارەیەکی زۆر لە ئێراندا نەک هەر وەک ئامرازێک بۆ بەرپه‌رچدانەوە دەڕواننە چەکی ئەتۆمی، بەڵکو پێیان وایە باشترین کەرەسەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسە جدییەکانی پەیوەندایدار بە ئاسایش و هەروەها سڕینەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە دێنە ئاراوە.

هەرچەندە ڕاپرسی بۆ هەڵسەنگاندنی تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ چەکی ئەتۆمی یان چۆنیەتی گۆڕانی ئەو تێڕوانینە لە ساڵی ٢٠١٣وە ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێی "دەزگای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و ئاسایش" لە "زانکۆی مەریلەند" و سەنتەری ڕاپڕسی "ئێران پۆل" لە کەنەدا نیشاندەری ئەوەن کە ئەو ڕوانگە و هەستانەی کە دژی گفتوگۆ و سازشن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر بوونەتەوە. پشتیوانی گشتیی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ٧٦٪وە لە مانگی ئابی ٢٠١٥وە کەم بووەتەوە بۆ ٥١٪ لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا.

گۆڕانی بەرچاوی ڕەفتاری نیشتمانیی ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی ئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە تاساندنی ئابوورییەوە بگرە تا کاری تێکدەرانە و تیرۆرە ئامانجدارەکان. بڕیاری واشنتۆن بۆ چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووە هۆی سڕینەوەی لەمپەڕێکی سیاسیی سەرەکی لەسەر ڕێگای ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی.

ئێران گەیشتووەتە خاڵێکی مەترسیدار. وێنای بکەن، ئەگەر ڕابەری دواتری ئێران نەتەوەخوازێکی بە ڕاستی شەڕانی بێت کە هیچ ترسێکی لەوە نەبێت کە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو بدات؟ وێنای بکەن، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتێکی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕێی تێناچێ هەرگیز شکست بهێنێت یان لەگەڵ ئیسرائیل،  قەناعەت بە ئێرانییەکان بهێنێت کە بەرگریکردن لە خۆیان لە ڕێگای چەکی ئەتۆمییەوە نەک بژاردەیەک بەڵکو پێویستییەکە؟ لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە سزا دەرەکییەکان نادادپەروەرانەن، دژایەتی کۆمەڵگە لەگەڵ چەکی ئەتۆمی لە ئێراندا ڕوو لە لاوازبوونە. ئەگەر بە حەقیقەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا پێداگرن لەسەر ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، پێویستە تەنیا پشت بە سزاکان نەبەستن و لێکەوتە ستراتیژییە چاوەڕواننەکراوەکانی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەبەرچاو بگرن.

 

"فۆرین پۆلیسی"

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین