سه‌باره‌ت به‌ مافى مرۆڤ له‌ ئێران داوایه‌ك له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە ئەرکی جاوید ڕەحمان نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ٣٩ ڕێکخراوەی بەرگریکاری مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هاوبەش داوایان لە دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد جگە لە درێژکردنەوەی ئەرکی جاوید ڕەحمان، لە بەرانبەر پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بێدەنگ نەبن.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "رادیو زمانە"، ئەرکی جاوید ڕەحمان سەبارەت بە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٠دا درێژ کرایەوە و ئێستا ٣٩ ڕێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پێویستە بۆ جارێکی تر درێژ بکرێتەوە.

ڕەحمان، لە مانگی شوباتی ٢٠١٨وە و دوای مردنی عاسمە جەهانگیر، نوێنەری پێشوو بۆ کاروباری ئێران، لەو پۆستەدا دانرا. ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەت بە شێوەی ساڵانە و بۆ ماوەی شەش خولی یەک لە دوای یەک دەکرێ درێژ بکرێتەوە.

ئەو ٣٩ ڕێکخراوە ساڵی ڕابردوویش بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هاوبەش داوای درێژکردنەوەی ئەرکی جاوید ڕەحمانیان کردبوو.

لە بەیانییەی هاوبەشی ئەو ڕێکخراوانەدا ئاماژە بە بەردەوامی پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا کراوە.

ئەو ڕێکخراوانە داوایان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی خۆیاندا وێرای درێژکردنەوەی ئه‌ركى جاوید ڕەحمان، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران دەرببڕن.

چل و شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت. جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتێری تایبەتی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەو کۆبوونەوە کە ڕۆژی سێشەمە ٩ی ئازار خوێندرایەوە، ئاماژەی بە نموونەی جۆراجۆری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کرد. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین