لە هەولێر شوێنەوارى سینەما کۆنەکان نامێنێت کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

دواى هاتنى تەلەفزیۆن و دواتریش ئەنتەرنێت مۆبایل، سینەماکانى هەولێر داخران. هەروەها وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار بڕیاریداوە بیان رووخێنێ و بیکات بە باخچە، بەڕێوەبەری شارەوانی یەک دەڵێت، "ئەو سينەمایانەى دەکەونە چوارچێوەى بە موڵککردن، لە داهاتوودا کارى لەسەر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە."

لە بەدواداچوونێکى نوچەنێت سەبارەت بە هۆکارى داخرانى سینەماکانى هەولێر و ڕووخاندنیان، دەرهێنەر، عەبدولخالق جەودە دەڵێت، "ئەو سینەمایانە رۆڵێکى باڵایان هەبووە لە هەولێر، بەڵام دواى پەیدابوونى بوونی ئینتەرنێت، تەلەفزیۆن و سەتەلایت، سینەما لە جیهان بەرەو نەمان دەچێت، لێرەش زۆر هەوڵدرا کە سینەماکان بمێنێت لە جێگەی خۆی، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین لەبەر ئەوەی خەڵکی دەرۆیشتە بازار، سیدی فیلیمێکی دەکڕی، لەماڵەوە سەیری، ئێستا خەڵک دەچێتە سینەمای مۆڵەکان یاخود بە موبایلەکەی سەیری فلیم دەکات".

ئەو دەرهێنەر زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، "هەرچەندە ئێمە وەکو دەرهێنەر زۆرێکیش لە هونەرمەندان لە دهۆک، کەرکوک، سلێمانی و هەولێر، زۆر هەوڵماندا ئەو کاتەی کە سینەما سەڵاحەدینیان رووخاند، چووینە لای پارێزگار و وەزارەتی رۆشنبیری، بۆ ئەوەی نەیروخێنن، کە یەکەم سینەما بووە لە هەولێر، بەڵام سەرنەکەوتوو و گوێیان بۆ نەگرتین، کردیان بە گەراج، مایەوە سینەمای حەمڕا، سینەما حەمڕاشیان کردە کۆگا، سینەما سیروانیش بەم کۆتاییانە بڕیار دراوە کە تێکی بدەن، چونکە لە ماستەر پلانی هەولێرە کە دەبێت چوار دەورەی قەڵا بکرێتە باخچە، ئیتر بارودۆخ تێکچووە."

عەبدولخالق جەودە ئەوەشى بە نوچەنێت ڕاگەیاند، "کاتێ دادگای کۆنی هەولێریان کرد بە گەراج کە کۆنترین دادگای شاری هەولێر بوو، دواتر حەسەن عەلی دەرهێنەر، زۆر هەوڵیدا لە سینەما کریستاڵ کە یەکێکە لە سینەماکانی ساڵی (90)کان لای پارێزگای هەولێر، دووساڵ گرتی بە کرێ لە ساڵی (2016)کە چەندین فلیمی کوردی لێدەدا و زۆر هەوڵیدا کە خەڵکی بڕوات، بەڵام سەرکەتوو نەبوو، رۆژانە سێ کەس دەچوو یاخود چوارکەس دەچوو، پارەیەکی زۆریشی زەرەر کرد".

هەروەها عیماد رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە رووخاندنى  سینەماکان دەڵێت، "سینەما سیروان موڵکی خەڵکە، هی حکومەت نییە، سینەما رەواجی نەما وەکو پێشوو، خاوەنەکەى ناچاربوو فرۆشتی، کڕین و فرۆشتنی لەسەر کرا، هەر شوێنێکیش بکرێتە هەر شتێک ئەوا قەرەبوو دەکرێتەوە لەلایەن حکومەتەوە، بەم زووانەش مەسەلەی کۆڵانەکانی گەرەکی عارەبان، خانەقا، تەعجیل ئەو سێ گەرەکە ساڵانێکە چۆڵ کراوە بە مەبەستی ئەوەی بکرێتە شوێنی گەشتیاری."

دەبارەى رووخانى سینەما سیروان، تریفە نەجات بەڕێوەبەری شارەوانی یەک بە نوچەنێتى، "ئەو بابەتە دەکەوێتە چوارچێوەی بە موڵککردن، ئەگەر بە موڵککردن بێت ئەوە لە داهاتوودا ئیشی لەسەر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارک لەو بارەیەوە نەدراوە، ئایا تێکدەچێت یاخود بە شێوازێکی تر چاک دەکرێتەوە".

بەڕێوەبەری شارەوانی یەکی دەشڵێت، "هەندێک لە موڵکەکان وەرگیرانەوە کە لای خەڵک بوو، هەندێکیشان خاوەنەکانیان ڕادەستى نەکردۆتەوە، ئەوانەی ڕادەستى دەکەنەوە ئەگەر بە موڵککردن بن دەبێت لە داهاتوو چارەسەر بکرێن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین