سەربەست لەزگین: لەمەودوا هەموو ساڵێک بەپێى ڕێنماییەکان خشتەى پلەى ئەفسەران بەرزدەکرێتەوە دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

سەربەست لەزگین، بریکارى وەزارەتى پێێشمەرگە لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ نوچەنێت، ئاماژە بە ڕێنمایى و مەرجەکانى پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەر و پێشمەرگە دەکات لە وەزارەتى پێشمەرگە و دەشڵێت، "لەومەدوا هەموو ساڵێک بەپێی یاسا و رێنماییەکان خشتەى پلەكان بەرز دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا دەبێ خشتەى خانەنشینیش ئامادە بکەین."

بريكارى وەزیرى پێشمەرگە، هەوڵەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پرسى یەکڕێزى نێوماڵى کورد و چارەسەرکردنى کێشە سیاسییەکانى نێوانى لایەنەکاننى عێراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ ناودەبات و وەک خۆى دەڵێت، "وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاستیدا لە کاتێکی زۆر گرینگ و هەستیاردا، دەستپێشخەرى کرد و بانگیانى کرد بۆ هەرێمی کوردستان، تا لەو چەقبەستوییە و بنبەستییە ڕزگاریان بێت و تاوەکو روئیایەکی هاوبەش هەبێت کەوا ئایا عێراق بەرەو کوێوە دەچێت، چی بەسەر عێراق دێت لە ئاییندەدا، ئەوە کارێکی هەرە گرینگ بوو، دەستپێشخەرییەکی زۆر باش بوو، ئێمە بەرزی دەنرخێنین."

 

 

دەقى دیمانەى سەربەست لەزگین، بریکارى وەزارەتى پێێشمەرگە لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت: وەزارەتی پێشمەرگە لەڕووی چاکسازی چ هەنگاوێکتان ناوە لە وەزارەتى پێشمەرگە، تا ئێستا هەنگاوەکانتان بە کوێ گەیشت؟

سەربەست لەزگین: راستی بەرنامەی چاکسازی بەرنامەیەکە چەند ساڵێکە لەوەزارەتی پێشمەرگە کاری لەسەر دەکرێ، وەکو پلانێک هەر لەساڵی (2018)وە دەستیپێکرد، بەڵام کە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات و یاسای چاکسازی دەرچوو، بێگومان گوڕوتینێکی زیاترى بەخشى بە پرۆسەکە، چونکە زۆر بڕگە و ماددەى پەیوەست بوون بە پێشمەرگەوە گڕوتینێکی زیاتری داوە بە ئیشوکارەکان بە شێوەیەکی گشتی، وە هەنگاوی باش چوونەپێش، لە زۆر بابەت و دۆسیەدا زۆر شت تەواو بووە، هەندێکیش ماون، ئەمەیش ڕەنگە پەیوەندى بە میزانیە و کات و ئیمکانیاتى زۆر هەبێت.

 بەشێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم لە بوارى چاکسازیدا لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی باش و قۆناغی باشی بڕیوە و زۆرشت کراوە، لە هەمووشیان گرینگتر ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانییە، کە پێویستە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخرێن، لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، وای کرد هێزەکانی (70 و 80) سەرلەنوێ رێکبخرێنەوە، ئێمە ئیشمان لەگەڵیان کرد بەهەماهەنگی لەسەر شێوازی لیواکان و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان رێک دەخەنەوە، بە بەرنامە لیوا بە لیوا دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، تائێستا نزیکەی پێنج لیواى پیادە لە یەکەى (70 و 80) دووبارە رێکخستنەوەیان بۆ کراوە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەکمان هەیە بەر لەوەی بەرەسمی بکەونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چاوپێکەوتنی یەکە بەیەکەیان دەکرێت، بەدواداچون دەکرێ، دۆسییەیان بۆ دروست دەکرێ، فۆڕمیان بۆ پڕدەکەنەوە و زانیاریان لێ وەردەگیرێ، ئینجا دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

هەنگاوی گرنگ گواستنەوى هێزەکانى پشتیوانى بوو، پشتیوانی (یەک و دوو) کە دوو هێزی گرنگی پێشمەرگەی کوردستانن، هەموو چەکە قورسەکان لەلایەن ئەوانن، ئەوانیش بێگومان  بە شێوازێکی نوێ رێکخران، چونکە جیاوازییان هەبوو  لە میلاک و رێژە و ژمارەی پێشمەرگە و  پێکهاتەکانیان، ئەمەش بە پێی پیلانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردووکیان لە نوێوە بەپێی ئەو میلاکەی رێککەوتن و بڕیاری لەسەر درا، بەمشێوەیە گواسترانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە، بێگومان ئەمە وادەکات گۆڕنکارییەکی زۆر دروست ببێت، بە کۆتایی گەیشتنی ئەم کارە، چونکە کۆتایی پێنەهاتووە بەردەوامە پڕۆسەکە.

لەڕووی ژمێریارییەوە ئێمە ئامادەکاریمان کردووە کە یەک کەناڵ و یەک وەحدەی حیسابی بۆ هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە بێت، بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەکان هەنگاوی تەواومان ناوە، نزیکەی (35) هەزار کەس ئێستا لە بانکەکان ئێستا مووچەی خۆیان وەردەگرن، وە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بەهەماهەنگی کاردەکەین،  نەک چەکی بانکی، بەڵکو بە کارت مووچەکانیان وەربگرن. هەروەها دۆسییەکانی خانەنشینی شەهیدان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان کاری لەسەر کراوە، زۆربەی تەواو کراوە، هەوڵدەدەین هەموو خانەنشینەکان بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنیشینی، ئەم کارانە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێ، بێگومان ئەوانە کاتی دەوێ تا بتوانی هەموو شتێک جێبەجێبکەین، وەکو گوتیشم هەر هەندێک شت پەیوەستن بە توانای میزانییەوە، چونکە میزانییەکی گەورەى دەوێت، چونکە بەڕاستی پێشمەرگە هێزێکە میزانییەی دەوێت، ئینشاللە ئێمە ئومێدێکی باشمان هەیە کە ئەم بەرنامەیە بە پاڵپشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت. 

دەستپێشخەرییەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لایەنە عێراقییەکان لەکاتێکى گرنگ و هەستیاردابوو.

نوچەنێت: ئایا خشتەی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی (2018 و 2019) یەکەی (70 و 80) پێشتر باستان لەوەکردوو بوو لە ماوەی دوو مانگدا دێتەوە، بەڵام تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، هۆکارەکەى چییە؟ 

سەربەست لەزگین: لەڕاستی ئێمە لەساڵانی رابردوو تا (2017) واتە خشتەی پلە بەرزکردنەوە بەیەک شێواز، هى (70 و 80) لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکرا، ئیستسنا دەکرا لە رێنماییەکان لەبەر هەبوونی شەڕی داعش زیاتر ئەو ئستسنائە دەکرا، بەڵام کۆتا خشتەی (2017) ئێمە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران گەیشتینە ئەو رێککەوتنەی، کە لەمەودوا هەر خشتەیەک بنێرن پێویستە بەپێی یاسا و رێنماییەکان بێت، ئێمەش لە وەزارەتی پێشمەرگە خشتەی وەزارەتی پێشمەرگەمان ئامادەکردووە (2018 و 2019)، وە بەپێی ڕێنمایی و یاسا ناردمان، زوو تەواویش بوو و گەڕایەوە و پەسند کرا، هەم لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەم لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، خشتەى یەکەى (70 و 80) ناردراوە و کارى لەسەر دەکەن، من وا تێگەیشتووم ئەگەر هەندێ کێشە و گرفتی  بەپێی رێنماییەکان تێیدا نەبێت لێی دەردێنن، وە چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو خشتەیەش تەواو بێت وەکو وەزارەتی پێشمەرگە بگەڕێنەوە، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رێگرییان نییە هەموو ساڵێک بەپێی یاسا خشتەی پلە بەرز بکرێتەوە، کە مافێکی یاسایى پێشمەرگە و ئەفسەرانە، بەڵام دەبێت بەپێی یاسا و رێنمایی بێت، واتە ئەگەر لە دەرەوەی یاسا و رێنمایی بێت، بێگومان کێشەی تێدەکەوێت و ناگەڕێتەوە و پەسەندی ناکەن، ئێمە لەومەدوا هەموو ساڵێک بەپێی یاسا و رێنماییەکان خشتەى پلە بەرز دەکەینەوە، ئەمەش جێبەجێ دەبێت، لە هەمان کاتدا دەبێ خشتەى خانەنشینیش ئامادە بکەین، چونکە هەردووکیان  خشتەی پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینی پێکەوەبەستراوەتەوە، پێویستە بەرێکوپێکی هەموو ساڵێک ئامادە بکرێ و بنێردرێ.

نوچەنێت: پێشتر لیوا ڕوکن هۆشمەند رایگەیاند بوو کە خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی لیستی (2020 و 2021)یش ئمساڵ دەنێرینە ئەنجوومەنى وەزیران، ئایا ئەم ساڵ دێتەوە؟ 

سەربەست لەزگین: تا ئێستا لە وەزارەتى پێشمەرگە کارى لەسەر دەکەین، خشتەى (2020 و 2021) دەکەین تەواو نەکرایە، ئێمە بەتەماینە بەپێی پلانی خۆمان پێش کۆتایی ئەم ساڵ ئەو خشتەیە تەواو بێت و بنێرینە ئەنجومەنی وەزیران.

هەنگاوی گرنگ گواستنەوى هێزەکانى پشتیوانى (یەک و دوو) بوو بۆ سەر وەزارەتى پێشمەرگە کە دوو هێزی گرنگی پێشمەرگەی کوردستانن، هەموو چەکە قورسەکان لەلایەن ئەوانن.

نوچەنێت: ماوەیەکە داعش لە زۆربەی شوێنەکان سەریان هەڵداوەتەوە، جووڵە و چالاکی سەربازییان هەیە ئێوە بەرنامەتان چییە بۆ ئەوەی جارێکیتر نەتوانن زیان بە بەهێزەکانی پێشمەرگە بگەیەنن؟

سەربەست لەزگین: بەداخەوە کۆتایى ساڵی رابردوو، زیانێکى زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگەدرا، بەهۆی چەند چالاکییەکانی تیرۆرستانی داعش، بەڵام  دواتر زۆر رێکار گیرانەبەر، هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەرەکانی خۆیان هەم لەڕووی سەنگەرسازییەوە، هەم لەڕووی جموجۆلی رۆژانە و تەکتیکى رۆژانەی پێشمەرگە، هەم لەڕووی چاودێری ناوچەکە بەگشتی، کارى زۆر لەسەر تەکنەلۆژیا و سەنگەرسازی کرا، واتە ئەو شتانەی کە ئێمە دەستمان پێکرد، دەتوانم بڵێم کاریگەری ئەرێنی کردووە تا ئێستا واتە رۆژانە داعش چالاکى لە ناوچەکانی تری عێراق دەکەن، دژی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام دژی پێشمەرگە نەیانتوانیوە، چەند جارێک هەوڵیان داوە، بەڵام نەیاتوانیوە زیان بە پێشمەرگە بگەیەنن، ئێمەش لەسەر ئەم کارە بەردەوام دەبین، لەلایەکی ترەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی هێزەکانی ئەمنی عێراقن، ئێمە لەم ناوچانەش خەریکین کاری هاوبەش بکەین، هێزی هاوبەش دامەزرێنین، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت، بۆ ئەوەی داعش لەو ناوچانەش گەشە نەکاتن و رێگری لێبکرێت.

نوچەنێت: پێشمەرگە خەباتى زۆرى کردووە لە پێناو کوردستان و قوربانى داوە، وەکو وەزارەتی پێشمەرگە بیرتان لە هیچ پرۆژەیەک نەکردۆتەوە بۆ نموونە پرۆژەی نیشتەجێبوون بەقستی درێژخایەن بۆ پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدەکان تاوەکو ئەوانەى کرێچین و بارى داراییان باش نییە سوودمەند بن لێى.؟

سەربەست لەزگین: ئەم بابەتە زۆر جار ڕەنگە باس کرابێت و گفتوگۆی لەسەر کرابێت، رەنگە زۆر کۆمپانیا داوایان کرد بێت کە بێن گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بکەن، بەڵام ئێستا نەمان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی خۆی هەیە بۆ کەسی کەمدەرامەت و کرێچییەکان ئیشی لەسەر دەکەن و هاوکاری باشیان کردووە، بەردەوامن. بۆ پێشمەرگەش ئێمە تا دڵنیا نەبین بەتەواوی لە کارێک، واتە کارێک دەبێت بە وردی دیراسەی لەسەر بکرێت پاشان بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەو داوایانەی کە بۆ ئێمە هاتوون بەڕاستی تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان لەسەر نەداوە، چونکە کێشەی بە دواوە دێت، دەبێ کارەکە بە دیراسە بکرێ،  تاوەکو بەسەرکەوتوویی ئەنجامی کارەکە وەربگری.

نوچەنێت: خولەکانی هۆشیار کردنەوەی پێشمەرگە بەردەوامە؟

سەربەست لەزگین: بەڵێ بەردەوامە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هوشیاریی و راگەیاندنمان هەیە کاری ئەوانە بەبەردەوامی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا گرنگی بەم کارانە دەدەن، وە لە پاڵ ئەو پڕۆژانەی کە  پەیوەستن بە چاکسازییەوە، ئێمە پڕۆژەیەکیترمان هەیە پێیدەڵێن  بیروباوەڕی سەربازی (عقدە عسكرية) پێ دەگوترێت، چۆن بتوانین بیروباوەڕی سەربازی بەهێز بکەین و گرنگی پێبدەین، ئەمەش پرۆژەیەکە لە پاڵ پرۆژە چاکسازییەکانى تر، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە پێش وەکو پێویست، لە پلانماندایە ئەمە شتێکی یەکگرتوو هەبێت، سوپا بۆ خوا پێشمەرگەى کوردستا خاوەن بیروباوەڕە، هەر مەترسییەک کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە نەک  پێشمەرگە، خەڵکی تریش هەنە بە خۆبەخشی هاوکاری پێشمەرگە دەکەن و بەرگری لەدەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 بۆ ئەوەی بارودۆخی کوردستان بە هێمنی و بە ئارامی بێمنێتەوە، دەبێت هاودەنگ بین لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

نوچەنێت: چۆن دەڕواننە هەوڵەکانى کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە ناوماڵی کورد رێک  بخات و لایەنە سیاسییەکان کۆبکاتەوە، تەنانەت ئێستا لەهەوڵی چارەسەرکردنى کێشە سیاسیەکانی عێراقدایە، داوای لێکردون لەهەولێر کۆببنەوە، ئێوە وەک هێزەکانى پێشمەرگە دەڕواننە ئەم هەڵوێستەی کاک نێچیرڤان بارزانی؟

سەربەست لەزگین: بێگومان ئەوەی لە عێراق روو دەدات، لەم رۆژانەی دوایی، بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز و خراپ روو دەدات، گەیشتۆتە رادەیەک کە گەڕانەوەی نییە بۆ بارودۆخێکی ئاسایی، بێگومان ئاڵۆزبوونی بارودۆخی عێراق بەمشێوە خراپە، خوا نەکات ئەگەر بگاتە رادەیەک بۆ نموونە شەڕێکی گەورە یان شەڕێکی ناوخۆیی ڕوبودات، بێگومان ئێمەش بەشێکین لە عێراق، دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەو بارودۆخە، لەبەر ئەوە وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەڕاستیدا لە کاتێکی زۆر گرینگ و هەستیاردا، داوای کردووە بۆ ئەوەی بانگیان بکات بۆ هەرێمی کوردستان، تا لەو چەقبەستوییە و بنبەستییە ڕزگاریان بێت و تاوەکو روئیایەکی هاوبەش هەبێت کەوا ئایا عێراق بەرەو کوێوە دەچێت، چی بەسەر عێراق دێت لە ئاییندەدا، ئەوە کارێکی هەرە گرینگ بوو، دەستپێشخەرییەکی زۆر باش بوو، ئێمە بەرزی دەنرخێنین ئەوە شتێکی زۆر باشە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەش پێویستە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆمان زیاتر رێکبخەین، کا بۆ بڕوا بەخۆبوون و متمانە دروست کردن بکەین و پێکەوە ئیدارەدانی ئەم ووڵاتە زۆر باشتر بکەین، ئێستا کە ئەو تەنگ و کۆسپانەی کە هەیە لەسەر ڕێگای کارەکان هەیە بتوانینن لەم ماوەیەدا بکەین، چونکە ئێستا بارودۆخی عێراق بە چاوی خۆمان دەبینین چی لێدێت بەرەو چ ئایندەیەکی نادیار دەڕوات، بەڵام ئێمە لە کوردستان دەبێ بە پێچەوانەوە خۆمان کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بۆ ئەوەی بارودۆخی کوردستان بە هێمنی و بە ئارامی بپارێزرین، بێگومان دەبێت هاودەنگ بین لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان کە کاک نێچیرڤان بارزانى بەگشتی رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەم بوارەدا، لە هەموو کات و قۆناغەکانیشدا ئەمڕۆڵەی بینیوە، لە کاتەکانیتریشدا، ئەوەی لە عێراق دروست بوو هۆکاری هەرە سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی ئەو عێراقە تازەییە دروست ببێت، بەڵام نەماندەزانی بەم شێوازە دەڕوات و هەموو شتێک پشت گوێ دەخرێت، کار بە دەستوور ناکرێت، ئێستاش کێشەکان کەڵەکە بوینە لەسەر یەکترى،  خوا هاریکار بێت با بزانین چۆن دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین