سه‌در و عامرى كۆده‌بنه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وائل ركابى ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ئاشكراى ده‌كات له‌م هه‌فته‌یه‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ سه‌ر بارودۆخى ئێستاى سیاسى كۆده‌بنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/ئاب/2022 وائل ركابى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چاوه‌ڕوانكراوى سه‌در و عامرى ده‌كات و ده‌ڵێ، "هه‌ر چه‌نده‌ به‌ فه‌رمى هیچ شتێك رانه‌گه‌یێندراوه‌ به‌ڵام پێشبینى دیدارێكى عامرى و سه‌در ده‌كه‌م، به‌ تایبه‌تى دواى ئه‌و سه‌ردانه‌ى عامرى بۆ هه‌ولێر  ئه‌نجامى دا و دیدارى مه‌سعود بارزانى كرد، دواتریش چووه‌ سلێمانى".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا باس له‌وه‌یش ده‌كات دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى عامرى، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كۆبووه‌ته‌وه‌، باسى ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ كردوون.

ركابى دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ رۆژى شه‌ممه‌ كه‌ بڕیاره‌ "خۆپیشاندانى ملیۆنى" ئه‌نجام بدرێت، سه‌در و عامرى كۆده‌بنه‌وه‌. ده‌شڵێ، "لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نایانه‌وێ هیچ شتێك رابگه‌ینن، كه‌ ره‌زامه‌ندى سه‌در وه‌رنه‌گرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى به‌سه‌ر شه‌قام ده‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ گفتوگۆكان به‌ شێوه‌ى نهێنى بكرێن".

هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌، به‌ڵام سه‌رۆكه‌كه‌ى كه‌ هادى عامرییه‌، هه‌وڵ ده‌دات وه‌ك ناوبژیوان هه‌ڵسوكه‌وت بكات، بۆیه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا له‌گه‌ڵ سوننه‌كان و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و شیعه‌كانیش كۆبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌م دواییه‌ هیچ دیدارێكى له‌گه‌ڵ سه‌در ئه‌نجام نه‌داوه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین