وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

میدیاكانى عێراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ و ئه‌ویش ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/ئاب/2022 له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كرد و ئه‌ویش ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دا.

میدیاكانى عێراق هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا بە فەرمی هۆكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ روون نه‌بووه‌ته‌وه‌. كه‌چى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌، عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى به‌هۆى بێئومێدبوونى له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى چاكسازى ده‌ستى له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و پرۆگرامه‌ى چاكسازى كه‌ به‌ ناوى "كاغه‌زى سپى" حكومه‌تى كازمى ئاماده‌ى كرد بوو، هیچ هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنى نه‌نراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، به‌ر له‌ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، كازمى زۆر هه‌وڵى له‌گه‌ڵ عه‌لاوى داوه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ په‌شیمانى بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى خۆى مكوڕ بووه‌.

دواتر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراقى راسپاردووە، بۆئه‌وه‌ى به‌ وه‌كاله‌ت وه‌زاره‌تى دارایى له‌ ئه‌ستۆ بگرێت

عه‌لى عه‌لاوى به‌ یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌ گرنگه‌كانى كابینه‌ى مسته‌فا كازمى داده‌نرێت، له‌ ساڵى 1947 له‌دایكبووه‌. له‌دواى 2003 و كه‌وتنى رژێمى به‌عس، چه‌ندان پۆستى گرنگى له‌ حكومه‌تى عێراق وه‌رگرتووه‌. خاوه‌ن چه‌ندان نووسینه‌، به‌ناوبانگترین كتێبى به‌ ناوى "داگیركردنى عێراق: سه‌ركه‌وتن له‌ جه‌نگ و دۆڕان له‌ ئاشتى، ته‌نگژه‌ى شارستانیه‌تى ئیسلامى" له‌ 2009 بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین