گەلاوێژ سەقزی: لە ھیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی نیم و سینگڵم کولتوور

دیارى چوچانى- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ھونەرمەند گەلاوێژ سەقزی لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ نوچە نێت رایگەیاند بەمزوانە کلیپێک دەکات بۆ کچە گەریلایەک و دەشڵێت بۆ دەرکەوتنی ھونەرمەند کلیپکردن زۆر گرنگ نییە. دواتر باس لەوە دەکات پێی خۆشە دوێتی ھەبێت لەگەڵ ھونەرمەند عەدنان کەریم لە ئێستادا گەلاوێژی ھونەرمەند سینگڵە و بە تەنیا دەژی

ئیشوکارە ھونەرییەکان لە دەرەوەی وڵات باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چن یاخود لە کوردستان ؟

به‌دڵنیاییه‌وه‌ لە کوردستان باشترە، چونکە ئه‌گەر لە کوردستان بیت ھەوادارەکانت زۆربەی کوردن گوێگری باشت دەبێ، جه‌ماوه‌رى باشت ھەیە، دەتوانی زۆرتر بەشداری بۆنە و ئاھەنگەکان بکەیت، عازفی باشی لێیە، بۆیه‌ له‌ 100% لە کوردستان کاری ھونەری باشترە.

پلانی داھاتووت چییە؟ ئایا گۆرانی نوێت بە دەستەوەیە دروستی بکەیت ؟

به‌ ده‌نگى ماملێ گریاوم
 

گۆرانییەکی نوێم دروست کردووە لەسەر کچە گەریلایەک کە شەھید بووە شیعرەکەی ھی مامۆستایەکە بە ناوی شەماڵ سەقزییە میلۆدی و ئاوازەکەی و ئاھەنگسازی موزیکی کاری عبدول ڕەزای مەلکی لە شاری کرماشان کردوویەتی، کارەکانی تەواو بووە، تەنیا دەنگەکەی ماوە بەم نزیکانە بڵاو دەبێتەوە.

بیرت لە کلیپکردنی گۆرانییەکانت نەکردووەتەوە ؟

راستی بیرم لە کلیپکردن نەکردووەتەوە چونکە بە بڕوای من گۆرانیبێژ ئەگەر ھەواداری خۆی ھەبێت، پێویست ناکات کلیپی ھەبێت من یەک کلیپم ھەیە، ئەویش دیارى کەناڵی خاکە، بۆیان کردووم، کلیپی ترم نییە زۆربەی بەرنامەکانی من لە لایڤە کەسێک ڤیدیۆی گرت بێت و لەیوتیوب پەخشی کرد بێت، ئه‌گینا کلیپم نییە و جارێ  ئه‌مه‌ لەبەرنامەم نییە.

بۆ ھونەرمەند کلیپکردن رێخۆشکەرە بۆ ون نەبوونی دەنگ و رەنگی یاخود بەشداریکردنی بۆنە و ئاھەنگەکان ؟

بە بۆچوونى من کلیپکردن رێخۆشکەر نییە بۆ ھونەرمەند ئایا حەسەن زیرەک و مەملێ و عەلی مەردان کلیپیان هه‌بووە؟! كه‌چى ھەتاھەتایە ناویان دەمێنێتەوە لە مێژووی ھونەری کوردیدا. بە بڕوای من ھیچ پێویست ناکات ئەگەر ھونەرمەند ھونەرمەند بێت بڵێت من کلیپ دەکەم بۆ ئەوەی دەربکەوم، لەگەڵ رێزم بۆ ھونەرمەندەکان بینیومانە ئەوەی کە پارەی ھەیە سێ چوار کچی جوان و کوڕی باش کۆدەکاتەوە بۆ ھەڵپەڕکێ و لەدیمەنێکی جواندا دەنگێکی باش لە ستۆدیۆدا تۆماردەکات و دەیخاتە سەر کلیپەکەی دەبێتە ھونەرمەند بە بڕوای من ئەوە ھونەرمەند نییە، ھونەرمەند ئەوەیە بتوانێت سێ سەعات لەسەر ستەیج بتوانێت خەڵک دڵخۆش بکات.

سەرسامی بە دەنگی کام ھونەرمەند؟ دەنگی کام ھونەرمەند ئارامی رۆحی گەلاوێژ سەقزییە ؟

ھەر لە منداڵییەوە بە دەنگی ماملێ گریاوم، بە دەنگی ماملێ ژیربوومەتەوە بە دەنگی ماملێ گەورەبووم لای لایەم بۆ کراوە بە دەنگی ماملێ ئاشق بووم ئێستایش ھەر خولیایی دەنگی ماملێم و دەنگێکە لە گوێمدا کە ھەرگیز کۆن نابێت و گۆرانییەکانی ھەموو کات تایبەتن محەمەدی ماملێ رۆحی شاد بێت من ئاشقی دەنگی ئەوم.

بڕوام به‌وه‌ نییه‌ هونه‌رمه‌ند به‌ كلیپ ده‌ركه‌وێ
 

بیرت لەوە نەکردووەتە به‌ یه‌كجاریى بگەڕێیتەوە کوردستان ؟

سەرەتا من خەڵکی کوردستانی رۆژھەڵاتم چونکە سیاسیم ناتوانم بگەڕێمەوە، ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژھەڵات، بۆ باشوور لەم کاتەدا لەبەرنامەم نییە، چونکە من منداڵەکانم لێرە ژیان دەکەن کچ و کوڕەکەم کە ھەردووکیان زەواجیان کردووە، کوڕەکەم 28 ساڵه‌ و کچەکەم 22 ساڵە، لێرە گەورە بوون و لێرە ژیان دەکەن و بۆ 20 رۆژ دەچێ بووم بە خاوەنی نەوەیەکی کچەکەم، مەگەر بۆ سەفەر بێمە کوردستان بەڵام بۆ یەکجاری نەخێر.

گەلاوێژ سەقزی لەگەڵ عه‌شق و خۆشەویستی نێوانی چۆنە ؟ ئێستا لە ھیچ پەیوەندییەکی سۆزداریت ؟

مرۆڤێک کە عاشق نەبێ به‌دڵنیایى مرۆڤێکە مردووە و لەژێر خاکدایە مرۆڤ ھەتا لەسەر زەوییە و دەژی عاشقە قەرار نییە ئەو عاشقە عاشقی نێوان ژن و پیاوێک بێت مرۆڤ دەتوانێ عاشقی نیشتیمان بێ عاشقی کچەکەی یاخود کوڕەکەی بێ من ھەمیشە عاشقم و بەبێ عەشق ناژیم بەڵام لە ھیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی و سۆزداری دانیم سینگڵم و لەگەڵ ھیچ کەس پەیوەندیم نییە بە تەنیا ژیان دەکەم. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین