بۆچی پاپا سەردانی ئێران ناکات ؟ وەرگێڕان

وه‌رگێڕانى نوچه‌نێت

"ئازادیی مەزهەب و ئازادی بیروبڕوا پێگەی سەرەکییان هەیە، چونکە ئەوانە سەرچاوەی ئازادییەکانی ترن". ئەوە ڕستەی پاپا بندیکتی شانزدەهەمە لە مەراسیمی وەرگرتنی نامەی ناساندنی عەلی ئەکبەر ناسری، باڵیوزی پێشووی ئێران لە ڤاتیکان، کە نیشاندەری ئەوەیە ڤاتیکان سەبارەت بە پرسی ئازادی مەزهەب لە ئێران و بە گشتیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە هەستیارە.

سەردانى  پاپا فرانسیس بۆ عێراق و دیدارە مێژووئیەکەی لەگەڵ عه‌لى سیستانی لە نەجەف هەر لە ئاراستەی ئەو هەستیاریی و کەڵکەڵانەی ڤاتیکان سەبارەت بە ئازادی ئایین و بیروڕا ئەنجام درا. سه‌ردانێك کە سەرنجی ئێرانییەکان و میدیای فارس زمانی دەرەوەی ئێرانیشی ڕاکێشا و ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانیشی لە ناو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

بە چاوپۆشین لە باسی گرنگبوونی ئەو سەرادنه‌، هەندێ لە ئێرانییەکان ئەو پرسیارەیان کرد کە بۆچی پاپا فرانسیس بۆ هەندێ لە وڵاتانی دراوسێی ئێران واتە ئیماراتە یەکگرتووەکانی عەرەب، ئازەربایجان، تورکیا و عێراق سەفەری کردووە، بەڵام بۆ ئێران سەفەری نەکردووە.

ئەوە لە حاڵیکدایە کە ئێران مێژوویەکی کۆنی هەیە و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی جیاوازی تێدا دەژین و ئەوەش وا دەکات شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ هەر ڕابەرێکی ئایینی جیهان و لەوانە پاپا بێت.

پەیوەندییەکانی ڤاتیکان و ئێران پێش شۆڕش

پاپا پیوس لە هاوینی ١٩٤٨دا لەگەڵ محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی لە کاستل گاندولفۆ، هاوینە هەواری پاپا، دیداری کرد. لە میانەی ئەو دیدارەدا کە نزیکەی یەک کاژمێری خایاند، پاپا سوپاسی پاشای ئێرانی کرد بە هۆی ئاوڕدانەوە لە هاوڵاتیانی کریستیانیی ئەو وڵاتە و نیشانەی زێڕینی پێشکەشی پاشای ئێران کرد.

پێنج ساڵ دواتر، لە مانگی ئایاری ١٩٥٣دا، بە فەرمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و ڤاتیکان دەستیان پێکرد. لەو کاتەدا محەمەد موسەدق سەرۆک وەزیرانی ئێران بوو. 
لەوە بەدوا ئێران باڵوێزێکی هەمیشەیی لە ڤاتیکان هەبووە و نوێنەرایەتی پاپا لە ئێراندا کە لە ساڵی ١٨٧٤وە لەو وڵاتە هەبوو، بەرز بووەوە بۆ باڵوێزخانەیەکی فەرمیی.

لە ساڵی ١٩٥٨دا، شای ئێران لە دەستپێکی خولی ڕابەرایەتی ژانی بیست و سێیەم لە ڤاتیکان سەردانی کرد. یەکێک لەو ڕووداوانە کە دوای ئەو سەردانە سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشا، پرسێک بوو سەبارەت بە ژیانی تاکەکەسی شای ئێران. دوای ئەو سەفەرە، مەیلی شای ئێران بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ماریا گابریلا، کچی دوایین پاشای ئیتالیا، ناڕەزایەتی پاپا ژانی بیست و سێیەمی لێکەوتەوە.

په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پاپاى ڤاتیكان 
سه‌ردانى تارانى كردووه‌

لە ساڵی ١٩٦٢دا، ئێران یەکێک لەو پەنجا وڵاتە بوو کە لەگەڵ ڤاتیکان پەیوەندییان هەبوو. ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە هەموو ئەو پەنجا وڵاتە لە ڤاتیکاندا باڵیۆزخانەیان نەبوو و ئێران یەکێک بوو لەو ٣٦ وڵاتە کە خاوەن باڵیوزخانە لە ڤاتیکان بوو. 
لە ساڵی ١٩٦٦دا، پاپا بۆ یەکەمین جار لەگەڵ ڕابەرێکی شیعە دیداری کرد. مەهدی ڕۆحانی کە لەو کاتەدا نوێنەری شیعەکان لە ئەوروپا بوو لە شوباتی ئەو ساڵەدا لەگەڵ پاپا لە ڤاتیکان دیداری کرد.

لە ساڵی ١٩٧٠، پاپا پۆلی شەشەم سەفەری کرد بۆ ئێران و ئەو سەفەرە یەکەمین وێستگەی سەفەری پاپا بۆ وڵاتانی ئاسیا بوو.

پاپا پۆلی شەشەم یەکەمین و تا ئێستا تاقە ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان بووە کە سەفەری بۆ ئێران کردووە. سەفەر و دیدارێک کە زیاتر لە پەنجا ساڵ پێش ئەنجام درا. 
بە گشتیی، پەیوەندییەکانی ئێران و ڤاتیکان لە سەردەمی پەهلەویدا لە ئاستێکی باشدا دەچوونە پێش و لە ساڵی ١٩٧٦دا، پاپ پۆلی شەشەم بانگهێشتی شای ئێرانی بۆ ڕەوانەکردنی لیژنەیەک بۆ تاران بە مەبەستی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران قەبووڵ کرد.

هەروەها شەمسی پەهلەوی، خۆشکی پاشای ئێران کە مەزهەبی بۆ کریستیانی گۆریبوو، چەندین جار سەردانی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ پاپا دیداری کرد.


پەیوەندییەکانی ڤاتیکان و ئێران، دوای شۆڕش

کاتێ شۆڕشی ئێران سەرکەوت، پاپا ژان پۆلی دووەم تازە چەند مانگێک بوو وەک ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان دەستبەکار ببوو.

ئایەتۆڵا خومەینی لە هەمان مانگەکانی سەرەتای جێگیربوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامییدا، ڤاتیکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پشتیوانی لە "شۆڕشی ئیسلامیی" ناکات. هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و داگیرکردنی ئەو شوێنە دیپلۆماتیکە و نێوەندگیری ڤاتیکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانیش پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ ڤاتیکان بەرەو ناکۆکی زیاتر برد.

لە ڕۆژی ١٤ی نیسانی ١٩٨٠دا، چەند مانگ دوای داگیرکردنی باڵیوزخانەی ئەمریکا،  خومەینی لە وەڵامی نامەیەکی پاپا ژان پۆلی دووەمدا نووسی ئەو نامەیە کە " لەسەر بنەمای نیگەرانی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" نووسراوە گەیشتووەتە دەستی، بەڵام کۆماری ئیسلامیی "بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە پچڕانی ئەو پەیوەندیانە [ئێران و ئەمریکا] و بەو هۆیەوە جه‌ژنێکی مەزنی بەڕێوە بردووە و هەموو شوێنێکی ڕووناک کردووەتەوە و شادی دەگێڕێ".

ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لە وەڵامەکەیدا بۆ پاپا داوای لێکرد "هۆشداری" بە ئەمریکا سەبارەت بە "ئەنجامەکانی ستەمگەری و ملهۆڕی و تاڵانییەکانی" بدات و جیمی کارتەر، سەرۆکى ئەو کاتی ئەمریکا "ئامۆژگاری" بکات.

بەڵام تەنیا پرسی درێژبوونەوەی بەبارمتەگرتنی باڵوێزان و کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا نەبوو کە نیگەرانییەکانی زیاتر کردبوون، بەڵکو ئەو سنوور و ئاستەنگانەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان و لەوانە کریستیانی دایسەپاندبوون، نیگەرانی پاپای لە دامەزراندنی حکومەتی نوێی ئێران زیاتر کردبوو.

پاپا جارێکی تر سەبارت بە داخستنی شوێنە کریستیانییەکان لە ئێران بۆ خومەینی نامەی نووسی، بەڵام خومەینی لە وەڵامدا وتی کە قوتابخانە کریستیانییەکان لە ئێراندا "لەژێر ناوی پەروەردەدا سەرقاڵی کاری تر بوون و ببوونە شوێنی پەروەردەی سیاسیی و داڕشتنی پیلان لە دژی کۆماری ئیسلامیی".

هەروەها خومەینی لە دیدار لەگەڵ ئوسقوف هیلاریون کاپوچی کە بە بۆنەی پرسی فەلەستینەوە پەیوەندی باشی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هەبوو، جارێکی تر وتی: " ئەگەر بێتو ئێمە لەوە تێبگەین کە لە ئێراندا قوتابخانە کریستیانییەکان سەرقاڵی کاری ترن، سەبارەت بەویش هاوشێوەی لانەی سیخۆڕیی [باڵوێزخانەی ئەمریکا]، ناتوانین بێدەنگ بین".

دوای ئەو قسانە لە ڕۆژی ٤ی ئابی ١٩٨٠دا سەدان کەس لە بەسیجییەکان لە بەرانبەر بینای باڵیۆزخانەی ڤاتیکان لە تاران کۆبوونەوە و بە چەندین دروشمی دژە ڤاتیکان، خوازیاری پشتیوانیکردنی پاپا ژان پۆلی دووەم لەو "خوێندکارە ئێرانیانە بوون کە لە زیندانەکانی ئەمریکادا بوون".

شۆڕشگێڕە توندڕۆکان لە ئێراندا پاپایان بە "گوێڕایەڵی" ئەمریکا دەزانی و مەترسیی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ڤاتیکان لە تارانیش جدیی بوو. دوای ئەوە هەڵوێستەکان لە دژی کریستیانەکان و ڤاتیکان و بە تایبەت پاپا بەردەوام دووپات دەبوونەوە.

هادی خسرۆشاهی، یەکێک لە یەکەمین باڵیۆزەکانی ئێران لە ڤاتیکان کە لەم دواییانەدا بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لە دەست دا، وتبووی پێش ڕۆیشتن بۆ ڤاتیکان، ئایەتۆڵا خومەینی داوای لێکرد بە پاپا بڵێت کە "ئەگەر حەزرەتی عیسا ئێستا هەبووایە، ئایا لە پاڵ کارتەر و ستەمکاراندا دەوەستا یان لەگەڵ گەلی دژە ستەم و چەوساندنەوە ڕادەپەڕی؟".

ماوەیەک دواتر ڕووداوێکی تر ئەو ژینگەیە ئاڵۆزتر کرد. لە ساڵی ١٩٨١دا، محەمەد عەلی ئاگجا، هاوڵاتی تورکیا، تەقەی لە پاپا کرد کە بووە هۆی برینداربوونی پاپا. ئاگجا ڕایگەیاند کە ئایەتوڵا خومەینی فەرمانی پێداوە پاپا بکوژێت. ئاگجا ئەو ئیدیعایەی خۆی لە کتێبەکەیشیدا لەژێر ناوی "بەڵێنی بەهەشتیان پێدابووم" دووپات کردەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەو ئیدیعایە ڕەت کردەوە.

لە پاڵ ئەوانەدا، ئێران سه‌باره‌ت به‌ سەفەرەکانی پاپا بۆ وڵاتانی ئیسلامی هەستیار بوو. لە ساڵی ١٩٨٥دا، کاتێ پاپا ژان پۆلی دووەم چوو بۆ مەراکیش و لەگەڵ مەلیک حسێنی دووەم پاشای مەراکیش دیداری کرد، ڕوحۆڵا خومەینی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بە شێوەیەکی نیگەتیڤ بەرپرچی ئەو سەفەری دایەوە و وتی دان بە مەلیک حسێنی دووەمدا وەک "ئەمیرومۆمنین"ی جیهانی ئیسلام نانێت.

له‌سه‌رده‌مى خاته‌مى
ئێران هه‌وڵى داوه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ڤاتیكان ئاسایى بكاته‌وه‌
 

محەمەد خاتەمی، وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران و ڤاتیکان

بیست ساڵ لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی تێپەڕی تا دەرئەنجام سەرکەوتنی محەمەد خاتەمی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران و دروشمەکانی لە بواری گفتوگۆی شارستانییەتەکان و ئایینەکان، بووە هۆی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڤاتیکان، هەرچەندە هەرگیز نەبووە هۆی سڕینەوەی بەدگومانی دوو لایەن سەبارەت بە یەکتری.

محەمەد خاتەمی لە ساڵی ١٩٩٨دا سەفەری کرد بۆ ڕۆما و بە ئامادەبوون لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا ژان پۆلی دووەمیش دیداری کرد. خاتەمی لەو کاتەدا سەرۆکایەتی ڕێکخراوی کۆنفڕانسی ئیسلامیی لە ئەستۆ بوو. ئەو دیدارە لە لایەن ڕادیۆ دەنگی فەرمیی ڤاتیکان وەک "دیدارێکی مێژوویی" وەسف کرا.

خاتەمی چەند ساڵ دواتریش، ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی ئیدارەکەی تەواو بێت، بۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنی پاپ ژان پۆلی دووەم بۆ دووەم جار چوو بۆ ڤاتیکان، بەڵام "دەستدانەوە"کەی موشە کاتساو، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئیسرائیل، لەو مەراسیمەدا لەگەڵ بەشار ئەسەد و محەمەد خاتمی و هەروەها گفتوگۆی کۆرتی محەمەد خاتەمی لەگەڵ موشە کاتساو کە بە زمانی فارسیی ئەنجام درا، دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

خاتەمی دوای قۆناغی سەرۆک کۆماریی خۆیشی بۆ سێیەم جار لەگەڵ پاپا بندیکتی شانزدەهەم دیداری کرد. پێش ئەو دیدارە، بە ئاماژە کردن بە دەربڕینە توندەکانی پاپا بندیکت لە ئەڵمانیا سەبارەت بە پێغەمبەری ئیسلام، بە ڕۆژنامەوانانی وت: "برینەکان زۆرن" و بە ئاسانی " ساڕێژ نابن".

پێش سەفەری خاتەمی، لێدوانەکانی پاپا بندیکتی شانزەدەهەم لە ئەڵمانیا دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام، ڕووبەڕووی هێرشی بەربڵاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی و لەوانە عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بوونەوە.

بە کۆتاییهاتنی سەرۆک کۆماری خاتەمی و دەستپێکردنی سەرۆک کۆماری مەحمود ئەحمەدینژاد، جارێکی تر گوشارەکان بۆ سەر پێکهاتە ئایینییەکان لە ئێران زیاتر لە جاران توند و چڕ بوونەوە و حاشاکردن لە هۆلۆکۆست لە لایەن ئەحمەدینژادەوە بووە هێمای دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ ئاییەناکنی تر.

سەرەڕای ئەوە، ئەحمەدینژاد ماوەیەک دوای دەستپێکردنی قۆناغی سەرۆک کۆمارییەکەی نامەی بۆ پاپا نووسی و مەنووچێهر متەکی، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران، ئەو نامەیە بۆ ڤاتیکان برد. تەنانەت بە وتەی عەلی ئەکبەر ناسری، باڵوێزی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤاتیکان، دەعوەتی فەرمیی ئەحمەدینژاد لە پاپا بندیکتی شانزدەهەم لە ساڵی ٢٠١٠دا پێشکەشی پاپا کرا، بەڵام پاپا بندیکتی شانزدەهەم ئەو دەعوەتەی قەبووڵ نەکرد.

سەرکەوتنی حەسەن ڕۆحانی لە ئێران و دەستپێکردنی کاری فرانسیس لە ڤاتیکان تا ڕادەیەک پەرەی بە پەیوەندییەکانی تاران و ڤاتیکان دا. ڕۆحانی لە سەفەرێکدا بۆ ڕۆما لەگەڵ پاپا دیداری کرد. هەروەها پاپا فرانسیس پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهانی کرد.

ڕوانگەی خامنەیی و دەوروبەرییەکانی دەربارەی ڤاتیکان

سەرەڕای هەوراز و نشێوی بەرفراوان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڤاتیکان، ئێستا پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنەدا ناڕوونەو دەکرێ ئەو ناڕوونییە لە جۆری ڕەفتاری دەنگ و سیمای کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە سەفەری پاپا فرانسیس بۆ عێراق ببینرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەنگ و ڕەنگی ئێران هێمای میدیای حکومەت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا.

ڕەفتاری دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی لە گێڕانەوەی هەواڵەکانی سەفەری پاپا بۆ عێراق بە جۆرێک بوو کە محەمەد ڕەزا زائێری، یەکێک لە مەلاکانی نزیک لە دەسەڵات، لە ئەکاونتی تویتەری خۆی ڕەخنەی لە "ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی دەنگ و ڕەنگی ئێران و بایکۆتی ئەو ڕووداوە گرنگە" گرت.

دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر چاودێری ڕابەری کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات و لە بنەڕەتدا بەدگومانییەکان سەبارەت بە ڤاتیکان لە قسەکانی خۆدی ڕابەری ئێران سەرچاوە دەگرن. خامنەییش وەک خومەینی، پێێ وایە ڤاتیکان لە ئەمریکا نزیکە. 
ڕابەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی چەند ساڵ پێش ئێستا، سەبارەت بە پاپا بندیکتی شانزدەهەم وتبووی: "بە هەڵکەوت نییە هەمان قسە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دژی ئیسلام دەیکات، بە جۆرێکی تر بەرپرسێکی باڵای کریستانی دەریببڕێ".

هێرشەکان بۆ سەر ڤاتیکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئێستا بە ڕادەیەک چوونەتە پێش کە سەفەری پاپا فرانسیس بۆ عێراق لە لایەن دەوروبەرییەکانی خامنەییەوە وەک سەفەرێکی گوماناوی سەیر کراوە.

عەلی ئەکبەر ڕەشاد، یەکێک لەو کەسانەی خامنەیی لە ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتوریی دایناوە، ڕۆژی حه‌وتی ئادار وێرای ڕەخنەگرتن لە سەفەری پاپا فرانسیس بۆ عێراق وەک یەکێک لە "ئوسقوفە توندڕۆکان لە دژی مۆسڵمانان" ناوی لێ برد و وتی ئەوەی کە پاپا فرانسیس " لە ناو نزیکەی ٢٠٠ وڵاتی جیهاندا عێراقی بۆ ئەو سەفەرە هەڵبژاردووە، دەتوانێ جێگای پرسیار و تێڕامان بێت، پاپا چ مەبەست و ئامانجێکی لەو سەفەرە هەیە؟".

ڕەشاد تەنانەت ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا لە ڤاتیکاندا  هه‌ژموونیان هەیە و وتی: "من بە ئەزموون لەوە تێگەیشتووم کە بە دەگمەن کۆڕ و کۆنفڕانسی نێوان ئایینەکان [لە لایەن ڤاتیکانەوە] بەڕێوە دەچن کە کەسانێک لە دەزگاکانی هەواڵگریی و ئاسایشی دەوڵەتەکان، بە ئاشکرا یان نهێنی، لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە نەبن".

تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامیی بە بیانووی چالاکیی سیاسیی و مەترسی لەسەر ئاسایشیی وڵات، چالاکییەکانی پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان سنووردار بکات و گوشاریان بخاتە سەر و ڤاتیکان کە گەورەترین ناوەندی مەزهەبییە لە جیهاندا هەر بەو تۆمەتانە لە خۆی دوور بخاتەوە، سرووشتییە بەستێنی سەفەری ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان بۆ ئێران دابین نەبێت. 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى رادیۆى فه‌ردا
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین