ره‌نجده‌ر عه‌بدوڵا شێوه‌كار: نەبوونی مۆزەخانه‌ کاری کردووه‌تە سەر هونەرمه‌ندانى شێوه‌كار کولتوور

دیمانه‌ى: لاڤین عومه‌ر

له‌ دیمانه‌یه‌كى، نوچه‌نێت مامۆستا ره‌نجده‌ر عه‌بدوڵا وه‌ك هونه‌رمه‌ند و مامۆستاى بوارى شێوه‌كارى باس له‌و گرفتانه‌ ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕووى هونه‌ری شێوه‌كارى ده‌بنه‌وه‌ و ده‌ڵێ، "نه‌بوونى مۆزه‌خانه‌ كارى كردووه‌ته‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ندانى شێوه‌كار"

ئەو ژیانە چییە کە تەنیا وێنەکێشەکان  لێی تێدەگەن؟

هەمیشە هونەرمەند خاوەن تێروانینێکه‌ و ئایدیایەکی جیاوازى هەیە کە لەژیاندا هەمیشە ئەو شتە جوانانە دەبینێت دەیەوێت وەکو خۆی بیبینێت یاخود بە شێوازێکی جوانتر ئەو شتانەی کە نەشازن جوانی بکات. هەمیشە هونەرمەند وردبینترە لەئاستی ئەوانی تر، بە تایبەت ئەگەر وێنەکێش بێت، چونکە ویستویەتی ئەم شتانەی کە خاڵێکی هەستیارن بۆ بەرامبەر کە دەیبینێت و درکی پێ دەکات بۆیە دەیەوێت بەشێوازێكی جوانتر وێنای بکات ، یاخود بە شێوەیەکی باشتر بیخاتە بەردەستی بینەر بۆ ئەوەی بینەر چێزی لێ ببینێت .

ڕەنگ بۆ وێنەکێش چ مانایەک دەگەیەنێت؟

ئه‌گەر بێت و ئێمە پێناسەی رەنگ بکەین، دەبێت بلێین رەنگ ئەو ماددەیەیە یاخود ئەو ماتریاڵەیە وەکو خۆی دەبینرێت و هەستی پێدەکەین بۆیە هونەرمەند زۆر گرنگە ئەو ڕەنگانەی کە چۆنیەتی بەکارهێنان و مانای تایبەتی خۆی هەیە، رەنگەکان لە هەر حاڵەتێک و لە هەر شتێکی تردا جیاوازتر بەکاربێت ئەو هەستی زیاتر پێ دەکات وەک لەوانی تر. ئەو رەنگەی کە بەکارى دەهێنێت مانای خۆی هەیە زۆرجار رەنگ هەیە دەلالەت لە شەرو خوێن وکوشتن دەکات ئەویش رەنگی سووره‌،  بۆ نموونە بۆ خۆشی رەنگی سەوز بەکاردەهێنرێت یاخود شین یا مۆر هەر لەبەر ئەوەیە رەنگ دەرچەیه‌ك و حاڵەتێکی ئایدیای هونەرییە.

هونەری وێنەکێشان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟بەرێزت وەکو مامۆستایەکی شێوەكارى تێڕوانینت بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ى چییه‌؟

هونەری وێنەکێشان لە ناخی هونەرمەندێکەوە یاخود لە ناخی هونەرمەندێکی شێوەکار هەستی پێ دەکات و سەرچاوە دەگرێت. یاخود ئەو رووداوانەی رۆژانە کە روودەدات بەرلێکەوتە دەبێت و کاریگەری لەسەر هونەرمەندێکی شێوەکار دروست دەکات. بۆیە دەبێتە کارێکی هونەری و دەکەوێتە بەر دیدگای خەڵکی.

چ جیاوازییەک هەیە لە بۆیەی زەیتی و ئاوی؟ بۆ خوێنەری روون بکەیتەوە جیاوازی ئەو دوو جۆرە بۆیە چییە؟


هەموو کات لە رەنگەکان جیاوازی هەیە لە بەکارهێنانی لەرووی تەکنیکی کارەکەوە، رەنگی زەیتی کە هەر بە ناوەکەیەوە دیاره‌ رەنگی چەورە و بە نەوت بەکاردەهێنرێت. رەنگی ئاوی هەر بە ئاو بەکاردەهێنرێت لەسەر کانڤاس بەکاردێت و لەسەر کانسۆن بەکاردەهێنرێت.  هەموو هونەرمەندێک بە پێی جیاوازیی و کارەکەی بەکاری دەهێنێت.  بۆ ماوەی هەڵگرتنەکەی رەنگی زەیتی تەمەنی درێژترە وەک لە ئاوی دەتوانرێت بۆ چەندین ساڵ هەڵبگیرێت و کارکردنیش لەسەری ئاسانتره‌، له‌گواستنه‌وه‌یش زیانی بەر ناکەوێت وەک لە ئاویەکە، چونکە ئاوییەکە دەبێت لەناو چوارچێوە وکاغەز بیپارێزیت بۆئەوەی نەشێوێت.


تێڕوانینی کورد بۆ ڕەنگەکان چیە چ رەنگێک بەسەر سەلیقەی کورد زاڵە؟


رەنگەکان نەک کاریگەریی بەسەر کوردەوە هەبێت بەڵکو کاریگەری بەسەر یەکە بەیەکەی تاکدا زاڵە، بۆ نموونە رەنگ لە پێناسەی تاکەکەسی دا تۆ دەتوانی پێناسەی بکەی بە پێی حەزی رەنگەکە، لە رووی رەنگەوە کەسایەتی ئەو کەسەت بۆ دەردەکەوێت کە چ جۆرە کەسایەتیەکی هەیە.
هەیە حەز بە رەنگی سوور دەکات یەکسەر دەزانیت ئەم کەسە توڕەو توندە، زوو هەڵدەچێت، بریارەکانی ناجێگیرە و هەمیشە لە گۆرانە. زوو هاورێ پەیدا دەکات زوو هاورێ لەدەست دەدات. هەیە حەز بە رەنگی مۆر دەکات ئەو رەنگە کاریگەریی لەسەر دروست کردووە و نەرمونیانە لە ئاخاوتندا لە هەڵسوکەوتیشدا.
رەنگەکان بەسەر یەکە بەیەکەماندا كاریگه‌رییان زۆره‌، ئێمە وەکو کۆمەڵگای کوردی زیاتر بە رەنگە گەرماکان ناسراوین وەک پرتەقاڵی و زەرد و سەوز کاریگەری بەسەریەوە هەیە. زیاتر لە رووی کەشوهەواوە کە لە زۆربەی ناوچەکان هەندێ ناوچە هەیە گەرمە، هەندێ ناوچەش هەیە ساردە ئەو کاریگەرییەی کە بە پێی شوێن و جوگرافیا هەیەتی دەگۆرێت. هەر لەبەر ئەوەیە میللەتێکی ئێنێرجین و به‌ جوولەین لەکاردا هەر لەبەر ئەوەشە رەنگێ سەوز بەسەریدا زاڵە و کاریگەری هەیە. لە روو رەنگی جلوبەرگیشدا کورد زیاتر رەنگی قاوەی و خاکی و رەش بەسەری زاڵەوە رەنگ هەریەکە و بەجۆرێک دابەش بووە بەسەر خەڵکیدا و کۆمەڵگاوە هەیە، لەرووی خانوو جلووبەرگ و دیزاینەوە هەرکەسەمان و بەجۆرێک.

هونەری وێنەکێشان تا چەند توانیویەتی لەبەرزکردنەوەی ئاستى رۆشنبیرى خه‌ڵك به‌شدار بێت؟


کاریگەری هونەری شێوەکاری هەریەکە و بە جۆرێک کاریگەری هەیە و میللەتی پێ دەناسرێت هەر بۆیە دەوترێت هونەر ناسنامەی گەلە، چونکە برۆیتە هەر شوێنێک بە هونەرەکەی دەناسرێت، بۆیە سەرەتا دەرۆیتە مۆزەخانەکەی بۆ ئەوەی بزانی هونه‌ره‌كه‌ى و مێژووەکەی چی بووە ، زیاتریش رەنگدانەوەی هونەری شێوەکاریەکەی لێردا دیارە. کورد لەمەدا بێبەش چونکە تا ئێستا نەتوانراوە بە هونەری وێنەکێشان چیرۆک یاخود مێژووی خۆمان بکێشین و لە مۆزەخانەی کوردستان دابنرێت بۆئەوەی كه‌سانى بیانى بیبینێت و سەیریان بکات. کورد شتێکی وای نیە تا کارەکانی خۆی تێدا دروست بکات و نمایشی بکات.


مامۆستا ڕەنجدەر تا ئێستا چەند قوتابی بەژمارە فێر کردووە واتا فێری هونەری وێنەکێشانت کردوون؟ هەروەک دەزانین بەردەوام بەرێزتان فێرخوازان فێری هونەری وێنەکێشی دەکەن؟بەژمارە تا ئێستا چەند کەست فێرکردووە؟


بە ژمارە نازانم کە چەند فێرخوازم فێرکردبێت، بەڵام لە ٢٠٠٢ تاکو ئێستا کە ٢٠٢١ نزیکەی ١٩ ساڵە من گەلەریم هەیە و فێرخوازم هەیە کە زۆربەی ئەو قوتابیانەی کۆلیژ و پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەردەگیرێن، قوتابى من بووه‌، ساڵی وا هەبووە فێرخوازم گەشتووه‌تە ٩٠ یاخود ٨٠ کەس بە پێی هەر ساڵێک جیاوازترە بۆیە هەر ژمارەیەک بڵێم دەبێت به‌ وردى نییه‌.  بەڵام زۆرتریان کە لە پەیمانگای هونەرە جوانه‌کان و کۆلیژی هونەرە جوانەکانە بە فلتەری ئێمەدا رۆیشتوە و جێی شانازیشە کە توانیومانە ئەو ئەو کەسانە پەروەردە بکەین.


بەرێزتا رێکخراوتان هەیە کاری سەرەکی ئەو رێکخراوە شێوەکارییە؟ یاخود بواری تریش لە خۆ دەگرێت؟


سەبارەت بەو شوێنەی من هەمە "رێکخراو و گەلەری رەنج" سه‌ره‌تا پێشانگایەکی شێوەکاری بوو کردمانەوە لەگەڵ گروپێکی مەسیحی بە ناونیشانی" من و تۆ خاوەنی ئەم نیشتمانەین" لەسەر چه‌مكى پێکەوە ژیان کارمان کرد بۆیە بڕیارمان دا پێکەوە گەلەرییەک دانێن و کاربکەین ئیتر خۆشبەختانە هاتەدی کە ئێستا خاوەنی گەلەرییەکین لەگەڵ رێکخراوێکدا مۆڵەتی یاسایی حکومەتمان هەیە کە لە هەموو سێکتەرەکانی هونەردا وەکو شێوەکاری، پەیکەرتاشى و هونەرەکانى تر ئیشی پێ دەکرێت.
لە هەمان کاتدا ئەو شوێنەی ئێمە پێکهاتووە لە چوار بەش، بەشی گەلەریمان هەیە، کە ساڵانە نمایشی تابلۆی هەیە، لە هه‌مانکاتدا ئەپده‌یتی خۆی هەیە کە  شەش مانگ جارێکیش گەلەری خۆی هەیە و جۆرێک لە نمایشی تابلۆکان دەکرێت و گۆڕینی تابلۆکان. یاخود دۆست و هاوڕێ و برادەرەکان پێشانگاین بۆ دەکەینەوە خەڵک سودی لێ ببینێت. بەشی کتێبخانەمان هەیە کە نزیکەی هه‌زار و500  سەرچاوەمان هەیە بەشی پەیکەرتاشیشمان هەیە، بەشی وەرشەمان هەیە کە زۆربەی فێرخوازەکان لەوێ کاردەکەن، هەر لەو گەلەرییە رۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ کەس پەرە بە کارەکانیان دەدەن. خۆشبەختانە رێژەی کچانمان زیاترە لە رێژەی کوڕان. ئەم گەلەرییە جێگەی هەموو کەسێکە، کە بێت و کارەکانی خۆی لێرە بکات.

مامۆستا ڕەنجدەر گرانترین تابلۆی بە چەند فرۆشتووە؟ یاخود بەچەند فرۆشراوە؟


تا رادەیەک خەڵکی ئێستا ئاستی تێگەشتنی باشتر بووە، لە بینین و تێروانینی بۆ تابلۆ. بۆیە پێی خۆشە تابلۆیەک لە ماڵەکەی خۆیدا هەبێت وەک جوانکارییەک بۆ ماڵەکەی. چێژبینین لەسەیرکردنی تابلۆ، کە بەدەستی هونەرمەند کرابێت وەکو پاڵپشتییەکه‌ بۆ هونەمەندانی شێوەکار هەر بۆیە تا رادەیەک باشە ئاستی خەڵکی لە کڕینی تابلۆکان، بەڵام هێشتاش نەگەشتووه‌تە ئەو ئاستەی کە هونەرمەندانی شێوەکار دەیانەوێت، چونکە لە هونەری وێنەکێشاندا تۆزێ کێشەمان بۆ دروست بووە، بەهۆی ئەو تابلۆ چینیانەی کە دەفرۆشرێت و زیاتر له‌ تابلۆكانى خۆمان گرنگیان پێده‌درێت. جا لەرووی نرخەوە بێت یاخود سەلیقەی کەسەکە،بۆیە نرخی تابلۆکانمان هەمووی دیاری کراوە و کاتێک گەلەری دەکەینەوە خەڵک دێت بۆ کڕینی تابلۆکانمان لەبەر حەزی بۆ وێنەکە و سەلیقەی گرنگیان، ئەوەی من دەمەوێت داینانێم خەڵکی نەتوانێت بیکرێت، بۆیە هەموو کات بە نرخێکی گونجاو فرۆشراوە، چونکە ئامانجی من ئەوەیە کە هەموو تابلۆکان لە هەموو ماڵێکی کورددا هەبێت نەک گرنگی بدەم بە نرخەکە.


گرانترین تابلۆم تا ئێستا هه‌زار و 200 دۆلار تا هه‌زار و 500 دۆلار بووه‌. دیاره‌ له‌وه‌ زیاتر نییه‌، چونکە لە کوردستان کەس گرنگی بە تابلۆ نادات، لەبەر ئەوەی ئەو ئاستەی تێگەیشتنەی نییە کە کارێکی هونەری ماندوبونی زۆری دەوێت و لە هەمان کاتدا نەبوونی مۆزەخانه‌ کاری کردووه‌تە سەر هونەرمه‌ندان و کاری فرۆشتن و کڕینی لەسەر ناکرێت وەکو ئەوروپا نییه‌، بۆیە بە گرنگەوە سەیر نەکراوە و ماندووبوونی وێنەکێشەکان لەبەرچاو ناگیرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین