سەڵاح نەجمەدین: بەرهەمی نوێم هەیە و چاوەڕێی باشبوونی بارودۆخی کوردستان دەکەم کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌ڵاح نه‌جمه‌دین هونه‌رمه‌ندێكى به‌ ئه‌زموونى كورده‌، ئه‌و ده‌نگ و ئاوازێكى تایبه‌تى هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئێستا له‌لایه‌ن نه‌وه‌ى نوێ كه‌متر ده‌ناسرێت، به‌ڵام یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ى هه‌ر زوو كاریگه‌رى له‌سه‌ر گه‌نجانى سه‌رده‌مى خۆى هه‌بووه‌، چونكه‌ به‌ شێوازى رۆژئاواى كارى كردووه‌ و بایه‌خى به‌ میوزیكى جاز داوه‌. سه‌ڵاح نه‌جه‌مه‌دین له‌سه‌ر گۆرانییه‌كانى تووشى كێشه‌ بووه‌، وه‌ك خۆى ده‌ڵێ "به‌ كێشه‌ى سیاسیش گه‌یشتووه‌، هۆكاره‌كه‌یش ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌سانێك به‌ ركابه‌رى خۆیان زانیوه‌". له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ئه‌زموون باس چه‌ند لایه‌نه‌كى هونه‌ریى خۆى ده‌كات.

نوچەنێت: سەرەتای کاری هونەریت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ یەکەم گۆرانیت چی بوو؟

سەڵاح نەجمەدین: یه‌كه‌م کاری هونەرییم لە ساڵی (1971) بوو، یەکەم گۆرانیشم کە تۆمارکرد لە ئێزگە و تەلەفزیۆنی بەغدا بوو، لە ساڵی (1972) گۆرانی (تەنکە) بوو، ئەو کاتە شریتی سینەمایی (36) ملم بوو.

له‌سه‌ر ستایلى گۆرانییه‌كانم 
رووبه‌ڕووى كێشه‌ بووه‌ته‌وه‌

نوچەنێت : یەکەم دەرکەوتنت لە ساڵی (1980) بە شێوازی تێکەڵکردنی گۆرانی کوردی بە رۆژئاوایی بوو، یاخود دەتوانین بڵێین ئامێرە رۆژئاواییەکانت بەکاردەهێنا؟

سەڵاح نەجمەدین: لە ساڵی (1978) بوو لەگەڵ هونەرمەند (رزگار خۆشناو) تیپی (شیلان) ی رۆژئاواییمان دامەزراند، یەکەم کاسێتم لەگەڵ ئەو تیپە بوو، ئەوەبوو تاکو ساڵی (1980) دواتر لەو تیپە دابڕام، تیپی ئەژینم دامەزراند بە سەرپەرشتی خۆم بوو، خۆم دروستم کرد لە ساڵی (1981).

نوچەنێت: پاش تێپەڕبوونی (30) ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونە پێتوایە چەند سەرکەوتووبووی؟

سەڵاح نەجمەدین: بە راستی سەرکەوتنێکی باشم هێنا، چونکە من گۆڕانکارییەکی هەرە گەورەم کرد لە هەموو کوردستان، گوایە پێش من تیپی زانکۆی سلێمانی هەبوو، بەڵام ئەوان چوار گۆرانییان تۆمارکرد و دواتر دابڕان، بەڵام من گۆڕانکارییەکیم لە هەموو ئەو میوزیکژەنانە کرد، خۆم ئەوانم هێنا و ماوەیەکی زۆر لەگەڵیان راهێنانم کرد، تاکو ئەو ستایلەیان وەرگرت. ئەوەبوو لە هاوینەهەواری مەسیف سەڵاحەدین دەستم پێکرد، دەمبینی خەڵکێکی زۆر گوێدەگرن و شتێکی نوێ و نامۆیان دەبینی، دەمبینی دانیشتبوون گوێیان دەگرت وەکو تیپی زانکۆ نەبوو کە چوار گۆرانیان تۆمارکرد دواتر وازییان هێنا، من دەستم بە ئاهەنگ کرد. لە سێ مانگی هاویندا من رۆژانە ئاهەنگم دەگێڕا خەڵکەکە وایلێهاتبوو بلیتیان پێش دوو رۆژ دەکڕی بۆ ئاهەنگەکە، خەڵکی لە هەموو لایەک رووی تێدەکردین، چونکە من بە سێ چوار زمان گۆرانیم دەگووت. دواتر دووەم کاسێتیشم تۆمارکرد.

نوچەنێت: لە ساڵی (1980) چەند تیپێکی مۆسیقای رۆژئاوایی لە هەولێر دەرکەوتن، وەک (ژاڵە،سازان) دواتر نەمان هۆکاری نەمانی ئەو تیپانە چی بوو؟ ئایا بەوەی بە کۆمەڵگا نامۆ بوون یاخود هۆکارێکی تر بوو؟ تۆ لەگەڵ کام لە تیپانە بوویت؟

چۆپى گۆرانییه‌كى منى به‌ ناوى فۆلكلۆر
دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌

سەڵاح نەجمەدین: ئەو کاتەی من تیپم دامەزراند لە ساڵی (1982) هیچ تیپێک نەبوو، لە ساڵی (1986) گەنجەکان چاویان لە من کرد، لە ساڵی (1986) تیپی بابان، تیپی کانی، ژاڵە، دروستبوو، بەڵام تیپی سازان لە ساڵی (1988) دروست بوو. ئەوانیش چەند گەنجێک بوون بە سەرپەرشتی باست سەباح، بەڵام ژاڵە سەربە قوتابیانی کوردستان بوو، تیپى مەرکەز شەبابیش دروست بوو، من لەگەڵ هیچیان نەبووم چونکە تیپی خۆم هەبوو، رێزم هەیە بۆیان، بەڵام من میوزیکژەنەکانم پڕۆفیشناڵی بوون ستایلی جاز و بلووزیان دەکرد. ئەو ستایلەش تەنیا ئەمەریکا هەیبوو کەس ئەو هێزەی نەبوو، بۆیە من ئامێرژەنی بەهێز نەبووایە رێگەم نەدەدا لەناو تیپەکەدا بێت، دواتر من کە چوومە ئەوروپا لە ساڵی (1986) وازم لە هونەر هێنا ساڵی نۆهەدەکان گەڕامەوە، چەند کاسێتێکم تۆمارکرد، ئەو تیپانەش نەما، بارودۆخی کوردستان تێکچوو ئەوەی رۆیی بۆ دەرەوەی کوردستان رۆیی، و هەندێکیشیان شەهید بوون و تیپەکانیش نەمان.

نوچەنێت: سەڵاح نەجمەدین هەر لەسەرەتاوە خاوەن دەنگێکی تایبەت بووە، خاوەن جەماوەری خۆتیت، ئەو رەخنانە چیبوون کە زۆر رووبەرووی دەبوویتەوە؟

سەڵاح نەجمەدین: من رەخنەم نییە لەگەڵ هیچ کەسێک تەنیا کێبڕکێ هەبوو لەگەڵ ئامێرژەنە کۆنەکان، ئەوانەی ستایلی رۆژهەڵاتییان هەبوو حەزیان بەوە نەدەکرد، کە من گۆڕانکاریی لەناو میوزیکی کوردیدا بکەم و ستایلی رۆژئاوایی بهێنمە ناویانەوە،  چەند جارێك لەلایەن سەندیکای هەولێر و کەرکووک و سلێمانی بە سیاسی لەقەڵەمیاندام بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێم و خەریکبوو لە سێدارەش بدرێم، بەڵام من خۆم خۆمم لێ دەرهێنا.

نوچەنێت: زۆرێک لە گۆرانییەکانی تۆ دەگوترێتەوە، ئایا هەڵوێستت لەسەر ئەمە چییە؟ بە تایبەت کە ناوت ناهێنرێت؟

سەڵاح نەجمەدین: ئەو گلەییە تەنیا من نیمە، من رێزم هەیە بۆ ئەم جیلەی ئێستا کە پەیدابووە چەند جارێک گۆرانییەکانم دەگوترێتەوە کردوویان بە ئاوازی خۆیان، لە ئێستادا گۆرانییەکانم دادەبەزێنم لە یوتیوب هەتا کەسانێک نەتوانێت بیکات بە ناوی خۆیانەوە هەر چەندە هەندێک خەڵک هەیە وەڵامیان دەدەنەوە، بەداخەوە نازانم ئەم جیلە بۆ وایە هێشتا خۆم ماوم دەڵێت ئاوازی منە یاخود گۆرانییەکە دەنووسن فۆلکلۆر، بۆ نموونە خاتوو چۆپی کێشە نییە کە خۆی منداڵە، بەڵام خۆ باوکی دەزانێت ئەوە گۆرانی منە (ئەی کە گرفتاری تۆم) نووسیبوی فۆلکلۆر، ئاگادارم کردووەتەوە ئینجا چاکی کردووە، نەک هەر ئەو چەندەهای وەکو ئەو، جار بە جاریش خۆم وەڵامیان دەدەمەوە، کێشەم نییە بیڵێنەوە بە شێوەیەکی جوان و دواتر نەنووسێت ئاوازی من یاخود فۆلکلۆر، چونکە هێشتا ماوم هەموو خەڵکیش دەزانێت.

نوچەنێت: دواین کاری هونەریت چییە؟

ستایلى من له‌ناو كورد نییه‌ 

سەڵاح نەجمەدین: دوایین کاری هونەرییم دوایین کاسێتم بوو، گۆرانییە کۆنەکانیشم تازە کردەوە و گۆرانی تازەشم لەگەڵی دانا لە ساڵی(2009) ئەو تیپە نەما لە کوردستان دووبارە دروستم کردەوە. خەڵک و کوڕەکانی خۆمم پێگەیاند و ئەو کاسێتەم تۆمار کردەوە وەکو کێبڕکێیەک من ناهێڵم ئەو ستایلە بمرێت، لەناو کورد ستایلی جاز و بلووز، هەندێک کاری تریشم بەدەستەوە هەیە بەڵام بارودۆخی کوردستان جارێ ناخۆشە، خەڵکی بۆ بژێوی ژیانی خۆی دابین بكات، کاتی ئەوەی نییە گوێ لە گۆرانی بگرێت، بۆیە ئەگەر بەرودۆخ باشتر بوو لەوانەیە دەستپێبکەمەوە ناهێڵم ئەو ستایلە بمرێت چونکە کوڕەکانم لە ئێستادا جێگەی منیان گرتووەتەوە.

نوچەنێت: لەگەڵ ژەنینی ئامێرەکان چۆنی، هەر گیتار دەژەنی؟

سەڵاح نەجمەدین: من درامسم دەژەنی جازم لێدەدا، کە گۆرانییەکانی خۆشم دەگوت خۆم بۆ خۆم درامسەکەم لێدەدا، و گیتار بێز دەژەنم واتە سۆڵ گیتار زانیاریشم هەیە لەسەر ئۆرگن ئەو ئامێرانە دەژەنم.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین