ڕۆڵی حزبوڵا لە بازرگانی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا وەرگێڕان

وه‌رگێڕانى نوچه‌نێت

لە چوارچێوەی زنجیرە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریدا سەبارەت بە بازرگانیكردن و بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا و قاچاخکردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا کە ماڵپەڕی "ئیندیپێندێنت فارسی" دەستی پێیان گەیشتووە، حزبوڵای لوبنان کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنان و قاچاخکردنی مادە هۆشبەرەکانی لە پارێزگای حمس و لە ناوچەکانی نزیک لە سنوورەکانی سووریا و لوبنان بە دەستەوەیە.

ئەو مادە هۆشبەرانەی کە لە پارێزگای حمس بازرگانییان پێ دەکرێ، زۆربەیان لە ناوچەی "قه‌له‌مون" و ناوچەکانی نزیک لە سنوورەکانی لوبنان و لە دەوروبەری "زیتا" دەهێنرێن و بەشێکی زۆریان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی "قسیر" کە لە ئێستادا گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا داده‌نرێت و بە تەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی حزبوڵای لوبناندایە. بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە ناوچەی قسیر کە حزبوڵا کۆنتڕۆڵی دەکات، بە ئەرخەیانی و ئاسوودەیی ئەنجام دەدرێت و بەرەوڕووی هیچ ئاستەنگێک نابێتەوە، جگە لەوە لەو ساڵانەی دواییدا، کێڵانی شادانە [بەنگ] لە ناوچەی قسیر کە کەشووهەوایەکی لەبار و ئاوی بەرفراوانی بۆ ئەو گیا هەیە، پەرەی سەندووە. 
حزبوڵا بەو کرێکارانەی کە لە ناوچەی قه‌له‌مون سەرقاڵی کێڵان و پاراستنی حەشیشن، پێشنیازی کردووە لە بەرانبەر وەرگرتنی ٧ تا ١٥ هەزار لیرەی سووری وەک مووچەی ڕۆژانە بڕۆن بۆ ناوچەی قسیر لە دەوروبەری حمس و لە کێڵگەکانی شادانەدا کار بکەن. هەروەها میلیشیاکانی حزبوڵا، بەشێکی بەربڵاوی زەوییەکانی کشتوکاڵیان لە گوندەکانی مسریە، جوز، ڕبلە، عەرجون، نزاریە، جوسیە و موح گۆڕیوە بۆ کێڵگەی شادانە و دوو بەرپرسی حزبوڵا بە ناوەکانی "حاجی نور" و "عیماد" بەرپرسیاریەتی چاودێریکردنی ئەو کێڵگانەیان لە ئەستۆیە. 
دانیشتووانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە کە زۆربەیان شیعە و وەفادار بە ڕژێمی سووریان و لە دەستپێکی شەڕی ئەو وڵاتەوە تا ئێستا لە گوندەکانی خۆیاندا ماونەتەوە، لە کێڵگەکانی شادانەدا کار دەکەن. هەورەها دانیشتووانی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی سووریا و لوبنانیش لە بەرانبەر وەرگرتنی مووچەی ڕۆژانەدا کە تا ٢٠ دولار دەگات، لەو کێڵگانەدا دادەمەزرێن. میلیشیاکانی حزبوڵا بەو کەسانەی کە لەو کێڵگانەدا کار دەکەن ڕێگا نادەن موبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنە سەر کار و هەر کەس ئەو فەرمانە پێشێل بکات، بە شێوەی یاسایی لێپرسینەوەی لێ دەکرێت. 
دوای چنینەوەی بەرهەم، میلیشیاکانی حزبوڵا بەرهەمەکە بۆ ماوەیەکی کورت لە چەند ئەمبارێکدا کە لە ناوچەی "بەین سەکتین" کردوویانەتەوە، هەڵدەگرن. لەو ناوچەدا جگە لە هاووڵاتیانی لوبنانی کە ئەندامی ڕێکخراوی حزبوڵان، هیچ کەسی تر و تەنانەت خوازیارانی سووری مافی چوونە ناوەوەی بۆ ئەو ناوچەیەیان نییە. پاشان بەرهەمەکە لە ڕێگای تایبەتەوە بەرەو قسیر، حوش و هەرمل لە لوبنان دەگوازرێتەوە و لەوێدا وشک دەکرێتەوە و ئامادە دەکرێ و بڕێکی بە مەبەستی فرۆشتن لە سووریا، هەمدیسان دەبرێتەوە بۆ ناو ئەو وڵاتە. 
دوای ئەوە مادە ئامادەکراوەکان دەگوازرێنەوە بۆ چەند ناوچەیەکی کەنار دەریا وەک تەرتوس، بانیاس و لازقیە و لەوێوە لە ڕێگای دەریاوە بۆ ناوچەکانی باشوور و لە ڕێگای تێپەڕگەکانی شیک و نەسیب کە لەسەر سنوورن بۆ ئوردەن قاچاخ دەکرێ. ئەو مادە هۆشبەرانە هەروەها بۆ باکووری سووریا و ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکاندان دەگوازرێنەوە و دەچنە ناو تورکیا. 
بە پێی زانیارییەکان دوای ناڕەزایەتی حزبوڵا عەقید خازم و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئیدارەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان لە شاری حمس بەڕەواڵەت دەستگیرکران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی تر کە دوور بوو لەو ناوچانەی حزبوڵای تێدایە. وتراوە هۆکاری ناڕەزایەتی حزبوڵا ئەوە بووە کە عەقید ڕائید خازم، کە یەکێک لە بازرگانان و بەرهەمهێنەرانی لوبنانییە داوای پارەیەکی زۆری کردووە وەک بەرتیل. 
ڕێکخراوەکانی سەر بە دامودەزگای ئاسایشی سووریا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕووداوێک کە ببێتە هۆی ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ حزبوڵا، بەردەوام خۆیان دەبوێرن لە سەردانی ئەو شوێنانەی کە بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵادان. 
چەند کارخانەیەکی گەورە کە ئەفسەرانی حزبوڵا و بەرپرسانی لەشکەری چوارەم چاودێرییان دەکەن: 
کارخانە و کێڵگەی حەشیش لە شاری "زیتا"، ئەو بەرپرسانەی کاروباری ئەو کارخانە و کێڵگەکان بەڕێوە دەبەن بریتین لە: "نوح زعیتر، بەرپرسی چاودێری کێڵانی بەرهەم، "حاجی ئەبولئەمین" بەرپرسی هێڵی بەرهەمهێنان و "حسێن مقداد"، بەرپرسی پێچانەوە. حسێن مقداد کە لە هاووڵاتیانی لوبنانە، هەر دانیشتووی ئەوێیە. 
ناونیشانی پێگەی کارخانەی پێچانەوەی حەبەکانی کاپتاگون لە شارۆچکەی زیتا لە سووریا: 
34°30'47.0"N 36°28'21.6"E

ئەو کارخانەیە لە ناوچەی "خربە تین نور" هەڵکەوتووە بەشێکی تایبەتیی بۆ بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگون هەیە. حسێن ئەسەد ناسراو بە ئەبوعەلی، بەرپرسیارییەتی کاروباری کارخانەکەی لە ئەستۆیە. ئەو کارخانە لە نزیک بنکەی لەشکەری بەرگریی ئاسمانیی هەڵکەوتووە کە حزبوڵا و میلیشیا ئێرانییەکان تیایدا چالاکن. حاج بەدر ئەبو جەعفەر یەکێک لە کەسایەتییە لوبنانییەکان کە لەو بنکە ئاسمانییەدا کار دەکات، دیداری زۆری لەگەڵ ئەبوعەلی، بەرپرسی کارخانەی بەرهەمهێنانی حەبە هۆشبەرەکان هەیە. لەو کارخانەدا ڕۆژانە لانیکەم زیاتر لە ٤٠٠ هەزار حەبی کاپتاگون بەرهەم دێن. 
ناونیشانی کارخانە: 
4°42'16.1"N 36°33'22.7"E

کارخانەی شاری ئەلمەزرعە لە ڕووی ڕێژەی بەرهەمهێنان و پێچانەوەوە یەکێکە لە سەرەکیترین کارخانەکان. بەرهەمەکانی ئەو کارخانە ڕاستەوخۆ بۆ لازقیە و باکووری سووریا دەگوازرێتەوە. هیشام خەسی لە لازقیە و هاووڵاتیەکی لوبنانی بە ناوی ئەبو نور کە سەر بە ناوچەی (هرمل)ە، بەرپرسیارییەتی کاروباری ئەو کارخانەیان لە ئەستۆیە. 
تایبەتمەندییەکانی کارخانە: 
34°49'32.8"N 36°21'12.7"E

هەروەها، کارخانەیەکی تریش لە شاری "عەقریبە" لەسەر سنووری سووریا و لوبنان هەیە کە یەکێکی ترە لە بەناوبانگترین کارخانەکان. "عەلی قعیر"، "سامر ئەیوب" و کچێک بە ناوی "ئیفا عەباس"، پسپۆڕی تاقیگەی پزیشکی کە مادە پێویستەکان بۆ بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگون ئامادە دەکات، بەرپرسیارییەتی ئەو کارخانەیان لە ئەستۆیە. هەروەها، "ئەبو عەبدوڵا حسێن زعیتر" هاوڵاتی لوبنانی و ئەفسەرێکی سەربازیی بە ناوی "علی عەمار" کە سەر بە لەشکری چوارەمە لەو شوێنە سەرقاڵی کار کردنن و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. ئەو ناوچە یەکێکە لە سەرەکیترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگون و دوای شاری قەسیر، زیاترین کارخانەکان لەو ناوچەیە هەڵکەوتوون. 
تایبەتەمندییەکانی یەکێک لەو کارخانانە:
34°32'05.5"N 36°28'16.4"E

 

سه‌رچاوه‌: ئێندپێندنت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین