8ی ئازار و دابەشبوونی فیمینیزم بیروڕا

هاوژین زیبا

بێگومان ئێمە کاتێک لە ئەفسانەکان دەروانین تێکۆشانی ژن دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی خێزان و کۆمەڵگا. چیرۆکەکانی حەوا، لیلیت و عەشتار ئەو راستیە نیشانی ئێمە دەدەن. ٨ی ئازار بەرهەمی ئەو تێکۆشانەی ژنانە. لە مێژوودا گەلێک جار لە رۆژی ٨ی ئازاردا رووداوی گرنگ روویان داوە بۆئەوەیە ئێمە دەڵێین ٨ی ئازار. بۆ نموونە ٨ ئازاری ساڵی ١٨٥٧ لە نیۆرک لە کاتی چالاکی ژناندا ١٢٠ ژن سوتێندران. لە ٨ ئازاری ساڵی ١٩٠٨ لە هەمان شار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان خۆپیشاندانێکی زۆر گەورە کراوە. دووبارە کاتێک دەبینین شۆرشی شوباتی روسیا لە ساڵی ١٩١٧ بەپێی رۆژمێری گرێگۆریا بە چالاکی ژنان لە ٨ی ئازار دەستی پێکردووە. بۆیە لەسەر پێشنیاری ژنە سۆسیالیست کلارازیتکن و ژنانی هاورێی ٨ی ئازار وەک رۆژی جیهانی ژنان گفتوگۆی لەسەر کراوە. لەدوای ئەو گفتوگۆیانە لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ٨ی ئازار بەفەرمی وەک رۆژی جیهانی ژنان دیاری کراوە. لە زۆر وڵاتاندا رۆژی ٨ی ئازار جیاوازە لە رۆژەکانی دیکەی ساڵ بۆ نموونە لەهەندێک وڵات لەم رۆژەدا کارکردن نییە و دەکرێت بە رۆژی پشوو، لەهەندێک وڵاتیش چالاکی و خۆپیشاندان یاخود پیرۆزبای دەکرێت.

فیمینزم وەک وشە لەگەڵ وشەیەکی ئایدۆلۆژی لیبڕالیزم، مارکسیزم یان پۆست مۆدێرنیزم دابەشبووە، ئەمەش سەربەخۆی فیمینزم دەکات

٨ی ئازاری بەرهەمی چالاکییەکانی فیمینزمە، چونکە فیمینزم وەک وشە واتا هەوڵدانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. لە مێژوودا فیمینزم وەک فیمینیزمی لیبراڵ، فیمینزمی مارکسی، فیمینزمی رادیکاڵ...هتد دابەشبوون بۆیە دەبینین فیمینزم وەک وشە لەگەڵ وشەیەکی ئایدۆلۆژی لیبڕالیزم، مارکسیزم یان پۆست مۆدێرنیزم دابەشبووە ئەمەش سەربەخۆی فیمینزم لاوازدەکات، وە کاریگەریەکی باش لەسەرهەوڵدانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دانانێت، بۆ نموونە فیمینزمی لیبڕاڵ کار بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەتی و شەخسی دەکات. ماری وۆڵستۆنکراف بە یەکەمین دامەزرێنەری فیمینزمی لیبڕال دادەنرێت. لە کتێبی (بەرەو پێشکەوتنەکانی مافەکانی ژنان) دا کاتێک داوای مافی پەروەردەکردنی ژن دەکات دەڵێت، ژن وەک پیاو خودا دروستی کردووە بۆیە هەرژنێک بۆ گەشەی مێشک و ئەخلاقی مافی خۆپەروەردەکرندی هەیە. ئەم بۆچونەی بۆ ناو خێزانەکان و کارکرنیش هەمان شتە واتا داوای یەکسانی کاردابەشکردن لە ناو ماڵ و لە جێی کاردا دەکات. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات فیمینیزمی لیبڕاڵ بە داواکردنی یەکسانی ژن و پیاو داوای ریفۆرم دەکات واتا داوای چاکسازی لەناو سیستەمدا نەک شۆرش.

کاتێک لە فیمینزمی سۆسیالیست دەڕوانین دەبینین بنەماکانی خۆی لە فیمینزمی لیبڕاڵ وەردەگرێت چونکە فیمینیزمی سۆسیالیزمیش ژیانی کۆمەڵگا لەسەر یەکسانبوونی ژن و پیاو پێشدەکەوێت. فیمینزمی سۆسیالیست وک فیمینزمی مارکسیش دەناسرێت بنەمای خۆی لە تیۆری مارکس و ئەنگلس وەردەگرێت بەتایبەتیش لە کتێبی (بنچینەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت)دا لەوێدا کێشەی ژن وەک بابەتی ژن سالاری و پیاو سالاری گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بە پێی ئەوفکرە بە دروستبوونی چینایەتی و موڵکیەت ژنسالاری نامێنێت و پیاوسالاری دەستپێدەکات ئەمەش کاریگەری لەسەر خێزان و کۆمەڵگا دروستدەکات. لێرە بۆ یەکسانی ژن و پیاو داوای زۆرترین کارکردنی ژنان دەکرێت چارەسەر ئەوەیە ژن زیاتر کاربکات بەهەمان شێوەی پیاوان بۆئەوەی بتوانێت سەربەخۆبێت. دووبارە کەوتنی ژن بە دروستبونی چینایەتی دەزاندرێت وە چارەسەریش بە نەمانی چینایەتی دادەنرێت. ئەویآ وەک فیمینیزمی لیبڕاڵ بۆ مافی ژنان پێویستی بە شۆرش نابیندرێت، بەڵکو ریفۆرم لەناو شۆرشی پڕۆلیتاریادادەنێت.

فیمینزمی رادیکاڵ بەراورد بە فیینیزمی لیبڕال و فیمینیزمی سۆسیالیست جیاوازە چونکە ئەو خێزان، هێرارشی وە پیاوان رەتدەکاتەوە بۆئەوەی ژن پێویستی بە پیاونەبێت داوادەکات ژن ژنی خۆشبوێت و پێداویستیە مادی و مەعنەویەکانی تەنانەت جەستەیەکانیشی هەر لە ژن وەربگرێت. لە فیمینزمی رادیکاڵدا دەبێت خێزانی ئێستا نەمێنێت و هەڵبوەشێنێتەوە چونکە بە بڕوای فیمینزمی رادیکاڵ لە خێزاندا سەنتەر پیاوە و ژن سەربەخۆ یان ئازاد نییە. لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا ژن دەبێت لەگەڵ ژن کاربکات لەگەڵ پیاو کارنەکات. لەبەر ئەوەی پییاو خێزان رەتدەکاتەوە هەوڵ بۆ گۆرانکاری نادات ئەمەش دوورە لە راستی سۆسۆلۆژیای کۆمەڵگاوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمە چارەسەرێکی شۆرشگێرانە نییە.

سەرمایەداری گشتی جیهان و ئەو دەوڵەتانەی بەرێوەی دەبەن سەنتەری بازارن وەک ئەوەی لە جیهاندایە و لە وڵاتی ئێمەش رێگە بە دژی خۆیان نادەن ببن بە حکومەت یان پەرلەمان بۆیە ئەو حزبانەی کە دەبن بە پەرلەمان و حکومەت دژی فکری سەرمایەداری نابن. ئەمە بۆ حزبەکانی ناو کۆمەڵگاو حزبەکانی ژنانیش ڕاستە. بۆ نموونە ئەو دەوڵەتانە حزب یان بزوتنەوەی ژنانی شۆرشگێر قبوڵناکەن، بەڵام ئەو حزبانەی ژنان کە لیبڕاڵن قبوڵدەکەن و هاوکاری مادی و مەعنەویان دەکەن.

لە رووانگەی ژنۆلۆژیەوە ئەو نزیکایەتییانەی فیمینزم بۆ هەوڵدانی ئازادی و سەربەخۆی ژن لەبەر ئەوەی پارچە بوون ئەنجامێکی شۆرشگیڕی دروستناکات، بێگومان لەمێژووەوە تا ئێستا دەستکەوتەکانی فیمینزم بۆ ژنان بەرز دەنرخێنێت و هەرجۆرێک هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بە بەها دەبینێت. ژنۆلۆژی وەک روانگەی زانستی ژن هەموو فیمینستەکان لە مێژوودا وەک ئەندامێکی سروشتی خۆی قبوڵ دەکات. بە بڕوای ژنۆلۆژی بۆ شۆرش و ئازادی ژنان بیری لیبڕاڵ، ئابووری(مارکسیزم) یان ڕادیکالیزمێکی بەوشێوەیە بەس نییە و بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێت، جونکە پێش هەرشتێک وشەی فیمینزم وەک ژنێکی ئازاد دەبێت سەربەخۆبێت. تێکۆشان، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ژنانیش یەکبێت پارچەو دابەش نەبێت. ژنۆلۆژی رەخنە لەو راستییە دەگرێت وە پێشنیاردەکات ئەو دابەشبوونەی حەرەکەتی ژنان نەمێنێت، چونکە کێشەی ژن پیاوسالارییە، کێشەی ژن شەخسی، ئابووری یان خێزان نییە بۆ چارەسەری و شۆرشی ئازادی تێکۆشانێکی کۆلێکتیف و کۆمەڵگای پێویستە ئەمەش بە دژایەتی کردنی پیاو یان هەڵوەشاندنەەی خێزان دروستنابێت، بەڵکوهەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی زیهنییەتی پیاوسالاری چارەسەرە. ژنۆلۆژی لەناو خێزان، کارگە و لەگەر جێیەکی کۆمەڵگا زیهنیەتی پیاوسالاری رەتدەکاتەوە و هەوڵدەدات بەم ڕوانگەیەوە ناسنامەی ژن لە رێگەی پەروەردە بسپێرێت بە ژن. ژنۆلۆژی دامەزراوەی خێزان وەک دەوڵەتێکی بچوکو پیاوسالار پێناسەی دەکات، بەڵام هاوشێوەی فیمینیزمی رادیکاڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی خێزان ناکات بەڵکو لەبری ئەوە هاوژیانی ئازاد پێشنیار دەکات.

ئەم بابەتە لە فەیسبووکی نوسەرەوە وەرگیراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین