بارودۆخى  عێراق هه‌مووان نیگه‌ران ده‌كات ته‌نیا بایدن نه‌بێ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌ رۆڵى ئیداره‌ى ئه‌مریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تى جۆ بایدن كردووه‌، له‌ په‌ره‌سه‌ندنى په‌شێوییه‌كانى عێراق و له‌سه‌ر زارى به‌رپرس و چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێ، "جگه‌ له‌ بایدن پێشهاته‌كانى عێراق هه‌مووان نیگه‌ران ده‌كات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 31/ئاب/2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ راپۆرتێكى له‌سه‌ر ته‌نگژه‌ى ئێستاى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵى داوه‌ رۆڵى ئه‌مریكا له‌و ته‌نگژه‌یه‌ بخاته‌ڕوو، بۆیه‌ له‌ ناونیشانه‌كه‌ى ده‌پرسێ: ئایا سیاسه‌تى بایدن له‌ ته‌نگژه‌ى ئێستاى عێراق به‌شداره‌؟

دوایین هه‌ڵبژاردنى عێراق ده‌رفه‌ت بوو به‌ڵام بایدن پشتگیرى نه‌كرد
 

له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵوێستى فه‌رمى ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستى ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانى ترى ئه‌مریكا جیاوازه‌، یه‌كه‌میان هه‌وڵ ده‌دات بێلایه‌نى ئیداره‌ى بایدن له‌سه‌ر رووداوه‌كان نیشان بدات، كه‌چى ناوه‌نده‌كانى تر كه‌ زۆربه‌یان سه‌ربه‌ كۆمارییه‌كانن، پێیانوایه‌ سیاسه‌ته‌كانى جۆ بایدن پاڵپشتى هێزه‌ نیشتمانییه‌كانى عێراق كه‌  ركابه‌رن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران، فه‌رامۆش كردووه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ "نه‌رێيه‌یش" له‌و ئاره‌زووه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى هه‌یه‌تى. به‌مه‌یش بایدن بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ى له‌ عێراق جێهێشتووه‌، كه‌ ئێران بێوچان هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌ى ده‌دات. 

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تى جۆ بایدن ده‌گرن، پێیانوایه‌ “جگه‌ له‌ بایدن پێشهاته‌كان هه‌موومان نیگه‌ران ده‌كات، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رۆكى ئه‌مریكایش درك به‌ ترسناكى بارودۆخه‌كه‌ى به‌غدا ناكات، كه‌ نقومى تووندوتیژى و ناسه‌قامگیرى بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندییه‌كى گه‌وره‌ى به‌ خودى ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌". 

یه‌كێك له‌وانه‌ى له‌ راپۆرته‌كه‌ى جه‌زیره‌ قسه‌یان كردووه‌، دیڤید شینكه‌ره‌ كه‌ پێشتر یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بووه‌ بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئێستا وه‌ك شاره‌زایه‌ك له‌ په‌یمانگه‌ى واشنتن كار ده‌كات. دیڤید سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر وتارێكى جۆ بایدن داوه‌ كه‌ پێشتر له‌ رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست له‌باره‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. بایدن گوتوویه‌تى، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ترەمپ، ئێستا رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست زیاتر سه‌قامگیره‌. شینكه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ى بایدن به‌ ناڕاست وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێ، "عێراق ئێستا سه‌قامگیرییه‌كه‌ى زۆر له‌ كانوونى دووه‌مى 2021 كه‌متره‌".

له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى تره‌مپ عێراق ئارامتر بوو

شینكه‌ر بایدن به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، گوایه‌ گۆڕه‌پانى عێراقى به‌ واڵایى جێهێشتووه‌، به‌مه‌یش هێزه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران ده‌ستێكى باڵایان بۆ په‌یدا بووه‌. پێیوایه‌ ئیداره‌ى بایدن هه‌ژموونى  دیپلۆماسى و ئابوورى خۆى به‌كارنه‌هێناوه‌ تا عێراقییه‌كان بپارێزێ. شینكه‌ر ده‌ڵێ، "ئیداره‌ى بایدن بڕیارى داوه‌ واز له‌ عێراقییه‌كان بهێنێ تا خۆیان كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ وایكرد عێراقییه‌كان ببنه‌ نێچیرى ئێران". 

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق كراوه‌، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتى ئێران له‌ عێراق سه‌یر كراوه‌، كه‌چى ئه‌مریكا ئه‌مه‌ى به‌ ده‌رفه‌ت نه‌زانیوه‌، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى عێراق له‌ ساڵى رابردوو به‌خۆیه‌وه‌ى بینى، هۆكار بوو بۆ لاوازبوونى چه‌پۆكى ئێران به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌وه‌، به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ ورده‌كارییه‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى ناوخۆى عێراق له‌ میانه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت، بۆشیایه‌كى جێهێشت و تاران له‌ پڕكردنه‌وه‌ى دوانه‌كه‌وت".

جیا له‌مه‌یش له‌ راپۆرته‌كه‌ عێراق به‌ هاوشێوه‌ى ڤیتنام و ئه‌فغانستان وه‌سف ده‌كرێت، كه‌ له‌م سێ وڵاته‌دا ئه‌مریكا شكستى گه‌وره‌ى سه‌ربازى هێناوه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكار بووه‌ وڵاتێكى وه‌ك ئێران رێز له‌ ئه‌مریكا نه‌گرێت.

عێراق له‌ مێژووى سیاسه‌تى ئه‌مریكا
هاوشێوه‌ى ئه‌فغانستان و ڤیتنامه‌ 

له‌كۆتایى راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، گه‌شبینییه‌ك له‌ لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كان نییه‌، پێیانوایه‌ ناسه‌قامگیرى بۆ ماویه‌ه‌كى زۆر له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئێستا ناوه‌نده‌ كۆمارییه‌كان و موحافیزكاره‌كان له‌ واشنتن پێیانوایه‌، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ى چۆن عێراق له‌ توندوتیژى و ئاژاوه‌ ده‌رده‌چێت، هه‌ژموونى ئێران له‌ عێراق زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌یش ئاسته‌نگه‌ له‌به‌رده‌م مكوڕبوونى ده‌نگده‌رانى عێراق كه‌ به‌ زۆرینه‌ ده‌نگیان بۆ گۆڕانكاریى داوه‌. ئه‌مه‌یش به‌ره‌و سیناریۆى به‌رده‌وامبوونى ناسه‌قامگیرى بۆ كاتێكى زۆرتر ده‌چێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین