کورد لەبەریتانیا بەچی پیشەیەک ناسراون؟ ناوخۆیی

نەوزاد عەلى: تایبەت بە نوچەنێت

لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری کوردانی باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیان و زۆرینەشیان لەچینی گەنجانن و بوونەتە بەشێک لەدەستی کاری ئەو وڵاتە و بەشێکی زۆریان ڕۆژانە سەرقاڵی کارکردنن، یەکێک لەو کارانەی کە زۆرینەی کوردانی بەریتانیان کاری تێدا دەکەن، کاری سەرتاشییە، لەئێستادا لەهەموو شارو شارۆچکەیەکی وڵاتی بەریتانیان، دووکانی سەرتاشینی کوردی تێدایە، کوردەکان لێرە بەوە ناسراون کە زۆرینەیان سەرتاشن.

بەشێک لەو گەنجانەی کە دێنە وڵاتی بەریتانیا، بەو پێیەی لە کوردستان پێشتر کاری سەرتاشییان کردووە، ئاسانتر کاری سەرتاشییان دەست دەکەوێت، ئەوانەشی کە کاری سەرتاشی نازانن و ئارەزووی ئەو کارە دەکەن، دەبێت بڕە پارەیەک بدەنە بە خاوەن دووکانێکی سەرتاشی تافێرە کاری سەرتاشییان بکات، بڕی ئەو پارەیەی کە دەبێت بیدەن لەنێوان 1000 بۆ 3000 هەزار پاوەندی بەریتانییە.

 کاوان سۆفی گەنجێکی کوردە و خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت"ماوەی پێنچ ساڵە نیشتەجێی لە ووڵاتی بەریتانیام و مافی مانەوەی پێنج ساڵی سیاسیم هەیە، لەئێستاشدا سەرقاڵی کاری سەرتاشی پیاوانم و ماوەی چەند ساڵێکە لەوڵاتی بەریتانیا ئەو کارە دەکەم. "

کاوان سوفی ئاماژەی بەوەکرد، کەوڵاتی بەریتانیا خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە و دەڵێت"ئەگەر کەسێک ئارەزووی کارکردن بکات بڕوا ناکەم بێ کار ببێت لەوڵاتی بەریتانیا". 

ئەو گەنجە کوردە باس لەوەدەکات، کە کاری سەرتاشی لەچاو کارەکانی دیکەی بەریتانیادا تاڕادەیەک کارێکی ئاسانە و مرۆڤ دەتوانێت فێر ببێت و هەروەها لە ڕووی ماددیشەوە ئەگەر دووکانێکی باشت هەبێت قازانجێکی باش بەدەس دەهێنیت، دەشڵێت، پێش کاری سەرتاشی لەبەریتانیا، کاری پیتزا شۆپی و خەسلم کردووە، بەڵام کاری سەرتاشیم بەلاوە ئاسانتر و خۆشترە و زۆریش دڵخۆشم بەکارەکەی خۆم. سەبارە بە هەڵسوکەوتی مشتەرییەکان کاتێک کە دەزانن سەرتاشخانەی کوردە، دەڵێت، "مشتەرییەکانمان زیاتر خەڵکی ئینگلیزن، کە دەزانن کوردین هەندێکی کەمیان کە چینی خوێندەوارن و حەز بە مێژوو دەکەن و شارەزاییان هەیە لەسەر داگیر کردنی کورستان و دەوڵەمەندی خاکەکەی ڕێزمان لێدەگرن، ئەوانەشی کە شارەزای مێژوونین و زانیارییان لەسەر کوردستان نییە، دەڵێن کوردستان نزیکە لە تورکیاوە، چونکە زۆربەیان سەردانی تورکیایان کردووە بۆ گەشت کردن". 

بەبڕوای ئەو گەنجە کوردە، دووری لە نیشتمان مرۆڤ ئەکات بەنیوە مرۆڤێک، بەجۆرێک، کە نیوەت لەنیشتمانەکەی خۆتە و نیوەکەی ترت لەتاراوگە، ئەگەر هەواڵێکی ناخۆش لە کوردستانەوە ببیستم، بەدڵنیایییەوە کاریگەری زۆر لەسەر کارەکەم بەجێ دەهێڵێت و هەست بەوە دەکەم کە مشتەرییەکانم وەک پێشوو تر دڵ خۆش نین بە کارەکەم.

 سەبارەت بەوگرفتانەی لەکاتی کارکردن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، گوتی"بەو پێ یەی لە کاری سەرتاشیدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ مرۆڤ مامەڵە دەکەیت، هەوەها سەرتاشی بەشێکە لە هونەر، چونکە کار لەسەر جوان کردنی سیمای مرۆڤەکان دەکات، هەندێک جار کەسێک دێت، وێنەیەک دەهێنێت و دەڵێت وەک ئەم وێنەیە قژم بۆ ببڕە، لەکاتێکدا هەڵکەوتەی سەر و شێوازی قژیان زۆر جیاوازە، هەندێک جار هەندێک کەس دێنە لامان نازانێت پێمان بڵێت بەچ شێوازێک قژی بۆ چاک بکەین یان کەسانێک کە واس واسن و لەهیچ ڕازی نین".

 ئەو پەنابەرە کوردە، هەڵوێستی خەڵکی بەریتانیا بەرامبەر بە پەنابەران بەرز دەنرخێنێت دەڵێت، ڕۆژێک هەڵوێستێکی زۆر جوانم بینی، کاتێک چاوەڕێی پاسم دەکرد ژنێک پێی گووتم من خەڵکی ئەم ووڵاتەم تۆ چی دەکەی لە ووڵاتەکەی من لەکاتێکدا تۆ خەڵکی ئەم ووڵاتە نیت، منیش جوابم نەدایەوە، بەڵام کوڕێکی گەنجی ئینگلیز پێیگووت من منداڵم پێیە ئەو قسانە مەکە حەز ناکەم منداڵەکانم گوێیان لەو قسانە ببێت و فێری ڕەگەز پەرستی ببن، بەڕاستی خەڵکی زۆر باش و زۆر ڕۆشنبیریان هەیە زۆر دەمێکە وازیان لە ڕەگەز پەرستی هێناوە، هەتا مردن دڵسۆز ئەبم بۆ گەلی بەریتانیا و خاکەکەی.

ئەشکان محەمەد، گەنجێکی تری کوردە و ماوەی چەند ساڵێکی کەمە هاتووەتە وڵاتی بەریتانیا، لەئێستاشدا سەرقاڵی خۆفێرکردنی کاری سەرتاشییە، دەڵێت، زیاتر لە 1000 پاوەندی بەریتانیمداوە بە خاوەن دووکانێکی سەرتاشی کورد تاوەکو فێری کاری سەرتاشیم بکات، هەروەها خۆم زۆر ماندوو دەکەم تاکو بەخێرایی فێری کارەکەببم.

ئەو گەنجە کوردەباس لەوەش دەکات، ئەگەر فێری کاری سەرتاشی ببیت بەدڵنیایییەوە، لە زۆربەی دووکانەکانی سەرتاشین کارت دەست دەکەوێت، بەڕۆژانەیەکی باش، دەشڵێت"کاری سەرتاشی کارێکە، لەڕێگەیەوە دەتوانیت زوو ببیتە خاوەن پارە و دووکانی خۆت".               

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین