ئێران له‌ تواناى دروستكردنى بۆمبى ئه‌تۆمى نزیك ده‌بێته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت بە بەرزبوونەوەی قەبارە و ڕێژەی یورانیۆمی پێتێندراو لە ئێراندا، ئەو وڵاتە لە توانای پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم نزیکتر دەبێتەوە.

ڕافایل گروسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیکی ئاسیا"ی ژاپۆن کە ڕۆژی یەکشەم ١٤ی ئادار بڵاو کرایەوە وتی هەر لەبەر ئەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەوڵ دەدات دووبارە پشکنینی بەربڵاوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێ بکاتەوە.

کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بە هەڵپساردنی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ، ئاستی دەستپێڕاگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی کەم کردەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی و هۆشداری ئەمریکا و ئەندامانی ئەوروپی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لێکەوتەوە.

هەروەها کۆماری ئیسلامی چەندین مانگە پیتاندنی یورانیۆمی دەست پێ کردووەتەوە.
گروسی دەڵێت پیتاندنی ٢٠٪ی بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیتاندن لەو قۆناغە بەدواوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ئاسانتر دەبێتەوە.

گروسی ڕایگەیاند بەرنامەی ئەتۆمی ئێران "ئێجگار هەستیارە" و وتی: " ئاشکرایە لەمە بەدوا بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە لانەدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، پێویستە پەرە بە پشکنینەکان بدرێ".

یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی هاوبەش بە بەشداری ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەست پێکردووە ، لە لایەن ئەمریکاوە پێشوازی لێکراوە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئەو پێشنیارەی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە پێویست بە گفتوگۆی نوێ ناکات و تەنیا پێویستە گەمارۆکانی ئەمریکا هەڵبوەشێنرێنەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین