هه‌وڵى پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى دژ به‌ ئه‌مریكا ده‌درێت عێراق ناوچەکە و جیهان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

چین، کوریای باکوور، ئێران و چەند وڵاتی تر بە گەڕانەوە بۆ جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ پێکهێنانی بەرەیەک لەناو ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگایەوە ڕێگری لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی بەکارهێنانی هێز یان داسەپاندنی گەمارۆ تاکلایەنەکان بکەن.


بە پێێ ڕاپۆرتێک کە لە "یۆرۆنیوز" بڵاوکراوەتەوە هەواڵنێریی ڕۆیتەرز بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وتوویەتی دەستی گەیشتووە بە نامەیەک کە لە لایەن چەند وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی پشتیوانی لە پێکهێنان و جێبەجێکردنی ئەو بەرەیە ئامادە کراوە. 
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ١٦ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها فەلەستین لە حاڵێکدا ئەو هەوڵەیان دەست پێکردووە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کە جۆ بایدن سەرۆکایەتی دەکات بڕیارە ڕوانگەیەکی نوێ لە ئاراستەی پەیوەندیی زیاتر و فرەلایەنگەرایی لەگەڵ هاوپەیمانان بگرێتەبەر. 
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو جۆرە ڕوانگەیە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ کە دروشمی "ئه‌مریكا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك"ی هەڵگرتبوو نییە. 
بایدن هەروەها بەڵێنی داوە کە لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە بەرانبەر سیاستە ملهۆڕانەکانی پەکیندا بوەستێتەوە، ئەوە لە حاڵیکدایە کە چین هەوڵ دەدات گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەمریکا و تەحەدای ڕابەرایەتی ئەو وڵاتە لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا بکات. 
لیندا گرینفیلد، نوێنەری ئیدارەی بایدن لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر سەبارەت بەو پرسە وتبووی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چڕ دەبێتەوە لە سەر هەوڵەکانی پەکین بۆ تەحەدا کردنی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و ڕێگانادات پەکین پلانێکی ملهۆڕانە لەو ڕێکخراوەیەدا بگرێتە بەر. 
ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی خۆیدا بە گەڕانەوە بۆ دەقی نامە ئامادەکراوەکە لە لایەن "گرووپێک لە هاوڕێیانی پشتیوانی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" نووسیویەتی کە فرە لایەنگەرایی ئێستا بە شێوەیەکی بێ وێنە کەوتووەتە بەر پەلامار، ئەوەش دەتوانێ هەڕەشەیەک بێت لە سەر ئاشتیی و ئاسایشی جیهانیی. 
سەرەڕای ئەوە دیپلۆماتێکی باڵای ئەوروپی کە ناوی ئاشکرا نەبووە بە ڕۆیتەرزی وتووە: "ئەو وڵاتانە کە خۆیان بە هاوڕێیانی پشتیوانی لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناساندووە، زۆربەیان هەمان ئەو وڵاتانەن کە زیاترین هەوڵیان بۆ پێشێلکردنی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە".
بە وتەی ئەو دیپلۆماتە ئەوروپییە "لەوانەیە باشتر بێت ئەو وڵاتانە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کرانەوەی سیاسیی سەرەتا لە خۆیانەوە دەست پێبکەن".
لەو ڕاپۆرتەدا لە وڵاتانی لجەزایر، ئەنگۆلا، بیلاروس، بۆلیڤیا، کەمبودیا، کوبا، ئەریتریا، لاوس، نیگاراگۆا، سێنت وینسێنت و گرنادین ها، سووریا و ڤەنزۆێلا وەک ئەو وڵاتانەی تر ناو براوە کە گرووپی هاوڕێیانی پشتیوانی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک دێنن. 
لە بەشێک لە نووسراوەکەی ئەو گرووپەدا هاتووە: "جیهان بینەری ئەوەیە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەنا دەبرێتە تاکلایەنگەرایی و ئەوەش بە هۆی ڕوانگە و سیاسەتی گۆشەگرانە و خۆسەپێنانە و هەڵوێستە ملهۆڕانەکانی ئەمریکا یان چوونەدەرەوەی لە ڕێککەوتننامە گرنگەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەرجەستە بووەتەوە".
هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هەنگاوە بنەڕەتییەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتە هاوبەش و جیهانییەکان وەک نیشانەیەکی تری ڕوانگەی تاکلایەنەی ئەمریکا ناوی لێ براوە.
هەر لەو ئاراستەیەدا واشنتن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا لە دامەزراوە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و لەوانە ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەی کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان"یونسکۆ" ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس و ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران چووە دەرەوە. 
بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن ڕوانگەیەکی بە تەواوەتی پێچەوانەی لە ئیدارەی ترەمپ گرتووەتە بەر و لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا گڕاوەتەوە بۆ هەندێ لەو ڕێککەوتننامە و دامەزراوە نێودەوڵەتییانە کە ئەمریکا پێشتر لێیان چووبووە دەرەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین