چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ستایشى پارتى و سه‌روه‌ریى ده‌كات، سه‌دریش لێیان بێده‌نگه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ راگه‌یێندراوێكدا ستایشى پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى ده‌كات، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونى كاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراقن، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانیش ده‌كرا موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در بێده‌نگه‌ و هیچ وه‌ڵامێكى بۆ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ نییه‌ كه‌ هاوپه‌یمانى ئه‌و بوون.

شه‌وى رابردوو 12ى ئه‌یلوول/ 2022 چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ستایشى هه‌ڵوێستى پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى ده‌كات، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و دووپاتیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامى كاره‌كانى په‌رله‌مان كرده‌وه‌.

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌ستیان به‌ بژارده‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ گرتووه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێك كه‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت. رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ هه‌ولێر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و سه‌ركرده‌ى هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ كۆبوونه‌وه‌، دووپاتیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى كاره‌كانى په‌رله‌مان كرده‌وه‌. به‌مه‌یش به‌ نه‌رێنى وه‌ڵامى موقته‌دا سه‌درییان دایه‌وه‌ كه‌ داواى لێكردبوون په‌رله‌مانتارانى ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌ په‌رله‌مان بكشێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان شه‌رعیه‌ت له‌ ده‌ست بدات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ ره‌وتى سه‌در دوێنێ رایگه‌یاند، وه‌ڵامى سه‌در بۆ ئه‌م دووانه‌ دواناكه‌وێ، جا خۆى بێت یانیش "وه‌زیره‌كه‌ى" ئه‌وا وه‌ڵامى پارتى و سه‌روه‌ریى ده‌ده‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵَ سه‌در له‌ یه‌ك هاوپه‌یمانى بوون، به‌ ناوى "هاوپه‌یمانى رزگارى نیشتمان" كه‌چى ئه‌م راگه‌یێندراوه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌وان پشتیان له‌ هاوپه‌یمانێتى سه‌در كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین