كورد و سوننه‌ په‌یامێكى نه‌رێنێ به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ده‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ئاشكراى كردووه‌، كورد و سوننه‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌در، په‌یامى ئه‌وه‌یان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ داوه‌، كه‌ بێ ره‌زامه‌ندى ره‌وتى سه‌در هیچ حكومه‌تێك نایه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/ئه‌یلوول/2022 رۆژنامه‌ى مه‌دا له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكراى كردووه‌، له‌ لایه‌ن پارتى و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ كه‌ هاوپه‌یمان بوون له‌گه‌ڵ سه‌در په‌یامى ئه‌وه‌ به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دراوه‌، هیچ حكومه‌تێك نایه‌ته‌ ئاراوه‌ بێ ره‌زامه‌ندى ره‌وتى سه‌در.

سه‌رچاوه‌كان وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك ئاماژه‌یان بۆ په‌یامێكى خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا رزگاركردنى نیشتمان و پاراستنى ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ پێشینه‌ى كاره‌كانى ئێمه‌یه‌، ئامانجى ئێمه‌ داڕاشتنى گفتوگۆى نیشتمانییه‌… بۆ هه‌مووان بێ زاڵكردنى لایه‌نێك به‌سه‌ر ئه‌ویتر و تێكشكانى ویستى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌".

سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ مه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌م په‌یامه‌ى خه‌نجه‌ر وه‌ك پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو، كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و خه‌میس خه‌نجه‌ر هات و تێیدا دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى كاره‌كانى په‌رله‌مان كرایه‌وه‌ و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یش وه‌ك پشتكردن له‌ سه‌در خوێندرایه‌وه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات دواى به‌یاننامه‌كه‌ى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هه‌ستى به‌گه‌شبینى ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و گه‌شبینیه‌ نه‌ماوه‌ و په‌یامى تر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌در به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دراوه‌.

ره‌وتى سه‌در و پارتى و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى له‌ مانگى ئادارى رابردوو هاوپه‌یمانییه‌كیان پێكهێنا به‌ ناوى "رزگاركردنى نیشتمان" كه‌ به‌ نیازبوون به‌ یه‌كه‌وه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن، به‌ڵام دواتر ره‌وتى سه‌در له‌ په‌رله‌مانى عێراق كشایه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین