ورده‌كاریى چوونى شانده‌كه‌ى پارتى بۆ نه‌جه‌ف ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى پارتى به‌ فه‌رمى ئاشكراى ده‌كه‌ن دواى "چله‌ى ئیمام حوسێن" كه‌ ده‌كاته‌ هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێكى پارتى سه‌ردانى حه‌نانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در بكات له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق.

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ میدیاكانى عێراق باس له‌ چوونى شاندێكى پارتى بۆ نه‌جه‌ف ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق بكه‌ن. له‌ میدیاكان باس له‌وه‌ كراوه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه‌ ده‌كات و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانی عێراقیش یاوه‌رى ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/ئه‌یلوول/2022 هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ڤیان سه‌برى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق و به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى پارتى، زانیارییه‌كانیان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ و گووتیانه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ حه‌نانه‌ "شوێنى نیشته‌جێبوونى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ نه‌جه‌ف".

ڤیان سه‌بڕى ده‌ڵێ، "ره‌نگه‌ دوای چله‌ی ئیمام حوسێن شاندێک بڕواته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان گفتوگۆ بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر گفتوگۆ بکرێت، لێکگه‌یشتنی زیاتر دروست ده‌بێت" به‌شیر حه‌دادیش ده‌ڵێ: "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی زۆر پێویستی به‌ پارتییه‌ له‌م قۆناغه‌دا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی و سیاده‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و محه‌مه‌د حه‌لبووسی، بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌رگایه‌ك بوو كرایه‌وه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی یه‌كسه‌ر ده‌ستخۆشییان كرد له‌و هه‌ڵوێسته‌، رەنگە سه‌درییه‌كان نه‌رمی بنوێنن، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و سیاده‌ شاندێك دروست بكه‌ن بۆ گفتوگۆ لە حه‌نانه،‌ دوای ئه‌وانیش شاندی چوارچێوه‌ سه‌ردانی حه‌نانه‌ بكه‌ن"

هه‌رچه‌نده‌ له‌ میدیاى عێراقى باس له‌وه‌یش كرا بوو كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح وه‌ك نوێنه‌رى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ى كورد و سوننه‌ یاوه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك له‌ لێدوانه‌كه‌ى به‌شیر حه‌داد ده‌رده‌كه‌وێت، شانده‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دواى ئه‌وان ده‌بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین