چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى چه‌ند ناوێكى تر بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ئاماده‌ ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ چه‌ند ناوێكى تر له‌ برى محه‌مه‌د شیاع سوودانى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى نوێ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، مه‌رجى سه‌ره‌كى له‌و كاندیدانه‌ ئه‌وه‌یه‌ مایه‌ى تووڕه‌یى و هه‌ڵچوونى ره‌وتى سه‌در نه‌بن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17/ئه‌یلوول/2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جەدید ئاشكراى كردووه‌، چه‌ند ناوێك پێشنیاركراون، بۆئه‌وه‌ى یه‌كێكیان شوێنگره‌وه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى بێت، تا كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو بێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌به‌رده‌ستن، ناكۆكى له‌نێوان چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌سه‌ر گۆڕینى سوودانى هه‌یه‌، له‌وانه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا و قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێرى گشتى میلیشیاكانى عه‌سائیب له‌گه‌ڵ گۆڕینى سوودانى نین، له‌به‌رانبه‌ردا لایه‌نه‌كانى تر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن یه‌كێك له‌و ناوانه‌ى پێشنباركراون، بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو كاندید بكرێت.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ كۆببنه‌وه‌ و مه‌سه‌له‌ى گۆڕینى سوودانى یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌. سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ راگه‌یاندن باس ده‌كرێت كورد و سوننه‌ هیچ مه‌رجێكیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نه‌داوه‌. 

سه‌باره‌ت به‌و ناوانه‌ى پێشنیاركراون بریتین له‌مانه‌: حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر، ئه‌سعه‌د عیدانى پارێزگارى به‌سره‌، قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى، عه‌دنان زوڕفى كه‌ پێشتریش جارێك بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید بووه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو دواى كۆتایى هاتنى چله‌ى ئیمام حوسێن، له‌ عێراق ده‌ست به‌ جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كان بكرێته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین