كه‌ناڵێكى ئه‌مریكى: حه‌شد بووه‌ته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ركوتكار عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ به‌دواداچوونێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى له‌ باشوورى عێراق ده‌ستى به‌ گرتنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى كردووه‌، بۆیه‌ به‌ نایاسایى بووه‌ته‌ ده‌زگایه‌كى سه‌ركوتكار.

شه‌وى رابردوو 17/ ئه‌یلوول/ 2022 كه‌ناڵى حوڕه‌ له‌ به‌دواداچوونێكدا باس له‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كرێت له‌وه‌ى ببێته‌ ده‌زگایه‌كى سه‌ركوتكار. حوڕه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ میدیاى فه‌رمى عێراق راگه‌یاندراوه‌، كه‌ حه‌شدى شه‌عبى 44 كه‌سى له‌ خه‌ڵكى مه‌ده‌نى شاره‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق گرتووه‌، "به‌ تۆمه‌تى لادانى ئایینى".

په‌رله‌مانتاران و چاودێران و چالاكوانانى مه‌ده‌نیش قسه‌یان بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ كردووه‌ و دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ركى حه‌شدى شه‌عبى به‌رگرییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌ كه‌ سه‌ربه‌ فه‌رمانده‌ی گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانن، كه‌ ئێستا مسته‌فا كازمییه‌. جگه‌ له‌مه‌یش حه‌شد به‌ یاساى ژماره‌ 40 رێكخراوه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2016 ده‌رچووه‌.

به‌گوێره‌ى یاساكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى حه‌شد نییه‌، ده‌زگاى هه‌واڵگرى هه‌بێت و هه‌روه‌ها له‌ ده‌سه‌ڵاتى نییه‌ دادوه‌رى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر دادوه‌ریش هه‌بێت ده‌بێت بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ چه‌كدارانى خۆى بێت، نه‌وه‌ك بۆ گرتنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى بێت جا به‌ هه‌ر پاساوێك بێت.

به‌ فه‌توایه‌كى عەلی سیستانى مەرجەعى شيعە له‌ 2014 له‌ كاتى هێرشه‌كانى داعش، میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى دانراوه‌، به‌ڵام ئێستا بووه‌ته‌ هێزێكى گه‌وره‌ و سه‌رچاوه‌ى پێشێلكارییه‌كى زۆر، كه‌ زۆرێك له‌ سه‌رۆكه‌كانى عێراق هه‌وڵى كۆنتڕۆڵكردنیان داوه‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین