سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئێران داواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ى ژینا ئه‌مینى ده‌كات ئێران
دواى گيان لەدەستدانى مەهسا ئەمنى (ژينا ئەمينى) لە نەخۆشخانەيەكى تاران، بەرپرسانى ئێران ناڕەزايى توند دەردەبڕن داواى لێكۆڵينەوەى دەستبەجێ دەكەن، سەرۆكى پەرلەمانى ئێران داواى لێكۆڵينەوە دەست بەجێ دەكات بكرێتە راپۆرتێك پاشان بۆ پەرلەمان بەرز بكرێتەوە.

رۆژى شەممە (17/ئەيلوول/2022) ماڵپەڕى (جادە ئێران) بڵاويكردەوە محەمەد باقر قاليباف، سەرۆكى پەرلەمانى ئێران دواى كردووە، بە وردى و بە پەلە لێكۆڵينەوە لە رووداوى گيان لەدەستانى مەهسا ئەمنى بكرێت، پاشان لە راپۆرتێك بۆ پەرلەمانى ئێران بەرز بكرێتەوە. 

لە لايەكى ترەوە ئيسحاق جيهانگيرى، جێگيرى سەرۆكى پێشووى ئێران رايگەياند، "ناكرێت ئەو رووداوە كارەساتبارە پشتگوێ بخرێت و پێويستە كۆتايى بەو هەڵسوكەوتانە بهێندرێت."

محەمەد خاتەمى سەرۆكى پێشووى ئێران ئاماژە بەوە دەكات، "جارێكى تر كارەساتێكى تر بە ئازار روويدا، بەگوێرەى ئەو هەواڵەى پێم گەيشتووە كچێك بەهۆى پۆشينى جلێكى نەگونجاو دەستگيركراوە، پاشان تووشى جەڵدە بووە و گوازراوەتەوە نەخۆشخانە و گيانى لەدەست داوە."

حەسەن خومەينى، بەرپرسى دامەزراوەى شۆڕشى ئيسلامى لە ئێران  جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "كە پێويستە لێپرسينەوە لە بەرپرسانى ئەو رووداوە كارەساتبارە بكرێت."

هەر سەبارەت بەو رووداوە ئەنيسە خەزعەلى، ياريدەرى سەرۆكى ئێران بۆ كاروبارى ئافرەت و خێزان داواى لە وەزارەتى ناوخۆ كردووە روونكردنەوە لە سەر ئەو رووداوە بدەن.

دوێنێ هه‌ینى 16/ ئه‌یلوول ژینا ئه‌مینى "مه‌هسا ئه‌مینى" كه‌ كچێكى دانیشتووى سه‌قزه‌ و ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تاران گیانى له‌ده‌ست دا. ژینا رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو 13/ ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى ده‌چێته‌ تاران و له‌وێ له‌لایه‌ن پۆلیسى ئاكار "ئه‌خلاق" به‌ بیانووى پابه‌ندنه‌بوون به‌ حیجاب، توندوتیژى ده‌رهه‌ق ده‌كرێت و بۆیه‌ تووشى بێهۆشى ده‌بێت و دواى سێ رۆژ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین