فراکسیۆنى یەکێتی: لەگەڵ یاسایەک دا نابین دژ بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێ کوردستانی

نوچەنێت:

فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان، ڕاگەیێندراوێک لە بارەى پێشنیازەیاساى توندوتیژیى خێزانى هەوڵێستى خۆى دەردەبڕیت و دەڵێت، "ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام."

ئەمڕۆ شەممە (24/ئەیلوول/2022) دواى دروستبوونى کاردانەوەیەکى زۆر بەرامبەر پێشنیازە یاساى توندووتیژیى خێزانى، فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ڕوونیدەکاتەوە، کە سوورن لەسەر "رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین."

هاوكات لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە. توند و تیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کەلتوری کوردەواری رەسەنن و لەو پیناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان:

راگەیاندراوی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی

هەمواری یاسای توندو تیژیی خێزانی، کاردانەوەو گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆی دا هێناوە. ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی پەرلەمانیمان لەسەر ئەم هەموارکردنەوەیە، بەمجۆرەیە:

1. هەمیشە روون و راستگۆ بووینە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە جەختدەکەینەوە کە سورین لەسەر رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین. لەگەڵ ئەوەشدا بروای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکتر.

2. بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە. توند و تیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کەلتوری کوردەواری رەسەنن و لەو پیناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن.

3. مێژووی کوردستان پڕە لە نموونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا. ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لە پێناوی دا خەبات دەکات. کوردستانێک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە فراکسیۆنەکەمان هەمیشە لەم پێناوەدا کاردەکات، سەرباری ئەوەی دووپاتی دەکەینەوە ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرین. بۆیە، ئەگەر گومانێک هەبێت لە ھەر هەنگاوێک، یان پێشنیازە یاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، دژی دەوەستێت و جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی. بۆیە داواکارین لەبەر ڕۆشنایی ئەو پابەندبونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە.

فراکسیۆنی یەکیتی لە پەرلەمانی کوردستان 

٢٤-٩-٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین